عەبدولستار مەجید: قەناعەتمان نەبوو لەگەڵ هەندێک حیزب و لایەن هاوپەیمان و لیستمان هەبێت

عەبدولستار مەجید

عەبدولستار مەجید ئەندامی ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری هەروەها سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لەپەرلەمانی هەرێم لەم وتووێژەدا باس لەهەڵوێستی حیزبەکەی سەبارەت بەیەک لیست نەبوونی کورد بۆ بەشداری کردن لەهەڵبژاردنی پێش وەختەی پەرلەمانی عێراق لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانی تر هەروەها لە کوردستان دەکات."

"بۆ کەرکوک پێمان باش بوو هەموو لایەنەکان بەیەکەوە بەشداری بکەن "

لەسەرەتای وتووێژەکەدا ئەندامەکەی ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری دەربارەی بەشداری کردنی کورد لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان لە هەڵبژاردنی پێش وەختەی پەرلەمانی عێراق وتی" ئێمە بۆ کەرکوک پێمان باش بوو هەموو لایەنەکان بەیەکەوە بەشداری بکەن کاتی خۆی ئەم پێشنیارە پێمان چاکبوو ئەوە ڕاوبۆچوونی ئێمە بوو سەبارەت بەکەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان."

" کۆمەڵی دادگەری لە کەرکوک پشتیوانی کام لیستی کوردی دەکات؟ "

ڕۆژی چوارشەممە ڕزگار حاجی حەمە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەدەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند" هەریەکە لە کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی پشتیوانی هاوپەیمانی کوردستانی دەکەن لە کەرکوک."

بەڵام عەبدولستار مەجید دەڵێت" بۆ زانیاری بەڕێزتان ئێمە بۆ کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان مەبدەئی خۆمانمان پێ وتن کە ئێمە پێمانوابووە لەوێ هەموومان بەیەکەوە بین ئەوە نەکرا بەڵام دێتەوە سەرئەوەی ئایا ئێمە دەنگ بەکێ بدەین؟ بۆ ئەوە ئێمە ئەندامان و کادێرانی خۆمان ئازاد دەکەین لەکۆتاییدا بەڕاستی ئێمە پێمان باشە هەرچۆنێک بێت خەڵکێکی کورد لەوێ دەنگ بهێنێت باشترە نەک خەڵکێکی تر کە دەمارگیری هەیە."

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری جەختیکردەوە تا ئێستا بڕیارییان نەداوە پشتیوانی کام لە دوو لیستە کوردییەکەی کورد (لیستی هاوپەیمانی کوردستانی و لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان) لەکەرکوک دەکەن، عەبدولستار مەجید دەڵێت" ئێمە بێگومان پشتیوانی کورد دەکەین، بەدڵنیاییەوە کاندیدمان نییە بەڵام بەدیاریکراویی بۆ لیستێک و بۆ قەوارەیەک و بۆ کاندیدێک تائێستا ئەو بڕیارەمان نەداوە ئێمە لایەنێکی سەربەخۆین و خەڵک و جەماوەرێکمان هەیە خەڵکەکەمان ئازاد دەکەین لەکاندیدەکانی ئەم دوو لیستە کێی پێ باشە بادەنگی پێبدات."

" بێگومان زیان لەپێگەی کورد دەدات "

عەبدولستار مەجید ئاماژەی بەوەکرد بەشداری نەکردنی کورد بەیەک لیستی هاوبەش لەکەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان زیان لە دەنگ و پێگەی کورد دەدات " بێگومان زیان لەپێگەی کورد دەدات، وەپێموایە ئەمجارە ژمارەی کورسیەکانی کورد لەناوچە جێ ناکۆکەکان کەمدەبێتەوە ئەمەش بەشێکی هۆکارەکەی بۆ ئەو پەرتەوازەیەی کورد دەگەڕێتەوە کە بەڕاستی بەرپرسیاری یەکەمیش پارتی و یەکێتین لەم قەزیەدا هەم لەڕابردوو و هەم لەئێستاشدا لەمبارەوە، چەندجار کۆبوونەوە کراوە و ئێمە زۆر بەڕاشکاوی ڕای خۆمان پێ ڕاگەیاندوون بەهەردوولایان کە پێمان باشە هەموو بەیەکەوە بین."


"قەناعەتمان نەبوو لەگەڵ هەندێک حیزب و لایەن هاوپەیمان و لیستمان هەبێت"

عەبدولستار مەجید ئەوەشی وت" من پێموایە لەکۆتاییدا ئەو ژمارەیەی کە بۆ کوردستان دیاریکراوە دیارە پێشبڕکێ و مونافەسەکە لەسەر ئەو کورسیانەیە لەبازنەکانی هەرێمی کوردستان، لێرە هەرکەس مافی خۆیەتی ئەوپەڕی کێبڕکێ بکات، پڕوپاگەندە و بەرنامەی خۆی بخاتەڕوو بۆئەوەی پشتگیری و متمانەی زیاتری دەنگی جەماوەر بەدەست بهێنێت ئەوە مافێکی ڕەوا و ئاسایی هەرلایەکە بەڵام من پێموایە بۆ بەغداد دوای ئەم پرۆسەی هەڵبژاردنە کێ نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان دەکات ئەوە باخەڵک و جەماوەر بڕیار بدات بەڵام هەموومان ئەوکاتە دەبێت بەبەرنامەیەکەوە لەعێراق کاربکەین وەک هەرێمی کوردستان، لەقۆناغی ڕابردوو دیارە پەرتەوازەیی زۆر هەبووە بەڵام ئەمە چۆن دەبێت؟ بەڕای من ئەمە لەسەر بنچینەی دادگەری دەبێت بەرنامەیەک هەبێت بۆ کوردستان بێت نەک بەرنامەیەکی یەکێتی یان بەرنامەیەکی پارتی و ئەجێنداێکی پارتی یان ئەجێندایەکی یەکێتی."

هەروەها وتیشی" ئەوەی کە ئێمە کاتی خۆی بەڕاستی جەختمان لێکردۆتەوە کە کورد بەرنامەیەکی خۆی هەبێت وەکو کورد، وە هەموومان لەسەر ڕێکبکەوین ئەوە بەرنامە و ئەجێندای ئێمە بێت بۆ مامەڵەکردن و هەڵسوکەوت کردن لەگەڵ حکومەتی ناوەند و لەگەڵ پرسەکانی کە پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە."

عەبدولستار مەجید لەوەڵامی ئەو پرسیارەی بۆچی لایەنەکان لەکوردستان نەیانتوانی لیستێکی هاوبەش پێکبهێنن؟ لەوەڵامدا وتی" ئەوە دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی کە هەریەکە لیستی خۆی هەیە، وە قەناعەتی بەبۆچوون و بەسیاسەتی ئەوانی دیکە نییە و قەناعەتی بەڕێباز و بەرنامەی ئەوانی دیکە نییە بەڵام دەکرێت لەکۆتایدا ئەوانەی کە نوێنەرایەتی کورد دەکەن ئەوانە بێن لەسەر بەرنامەی هەرێمی کوردستان بۆ بەغداد ڕێکبکەون بەڕاستی هەوڵێک درا بەڵام دیارە بەئامانج نەگەیشتووە، قەناعەتمان نەبوو لەگەڵ هەندێک حیزب و لایەن هاوپەیمان و لیستمان هەبێت."

عەبدولستار مەجید ئاماژەی بەوەشکرد پێشتر هەوڵێکی حیزبەکەی هەبووە بۆ چوونە ناو هاوپەیمانێتی چەند لایەنێکی کوردی لەو ڕوەوە وتی" ئەوانەی کە لەبەغداد هاوپەیمانی (هیوا) ی پێ دەوترا ئەو پانزە پەرلەمانتارەی کە هەبوو ئەو حیزب و لایەنانەی کە خاوەندارێتی ئەو هاوپەیمانێتیەی (هیوا) ی دەکرد هەموو لەسەر ئەوە ڕێکبووین کەئەوە بکەین بەبنچینە وەکو سەرکردایەتی کۆمەڵی دادگەری بڕیارێکماندا کە بۆ هاوپەیمانی بۆ ڕێککەوتن با ئەو هاوپەیمانێتیەی (هیوا) بنچینە و چوارچێوە بێت بۆ ڕێککەوتن بەڵام دیارە دوای چەند گەڕێکی گفتوگۆ و کۆبوونەوە بەئەنجام نەگەیشت."

بەڵام وترا کۆمەڵی دادگەری هۆکاری پێکنەهێنانی هاوپەیمانێتیەکەی هاوپەیمانی هیوا بوو؟ لەوەڵامدا عەبدولستار مەجید وتی" نەخێر، بڕیاری سەرکردایەتی کۆمەڵی دادگەری بووە کە هاوپەیمانی بکەین و بەیەک لیست بەشداری بکەین با ئەو هاوپەیمانی (هیوا) یە بنەما و بنچینە بێت بۆ ئەم هاوپەیمانێتی یە بەڵام یەکێک لەکێشەکان بازنەکانە، هەر حیزب و لایەنێک هەوڵیداوە لەبازنەی ئەلیف لەبازنەی با‌- لەبازنەی یەک یان لە بازنەی چوار لە پارێزگای هەولێر یان لەپارێزگای سلێمانی کاندیدێکی هەبێت و پێی وابوو ئەم کاندیدەی لەو بازنەیە سەرکەوتوو دەبێت کاتێک کە لایەنێکی تر هەمان قەناعەتی هەبووە لەو بازنەیە کە پێی وایە سەرکەوتوو دەبێت ئەوە دەبێتە ڕێگر و کێشە بۆ دروستبوونی هاوپەیمانی تەنانەت بۆ دروستبوونی هەماهەنگیش ئەوە کێشەکە بوو، کێشەکە دەتوانم بڵێم نە لەلای ئێمە بوو نە لەلای ئەوان بوو بارودۆخەکە واهاتۆتەپێش."

ئەندامەکەی ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری زیاتر ڕونیکردەوە" بۆنموونە کاندیدێک هەیە لەبازنەی یەکی سلێمانی پێی وایە لەوێ دەنگ دەهێنێت لایەنەکەی دیکەش ئەویش پێی وایە کاندیدێکی هەیە لەو بازنەیە دەنگ دەهێنێت ئێ چی بکات دەتوانم بڵێم خەتاکە لەهیچ کامێکیان نییە بارودۆخێک هاتۆتە پێش و یاسای هەڵبژاردنەکە بەشێوەیەکە کە دەنگ بەکاندید دەدرێت ئێ کەواتە کە هەردوولا کاندیدیان هەبێت لەو شوێنە ئەوە هاوپەیمانێتی پێ ناوترێت هەردوولا کاندیدیان هەبێت لەیەک بازنەدا کە بازنەکە خۆی سێ کەس یان چوار کەس کاندیدی هەیە هەردوولا کاندیدیان هەبێت مانای وایە هەماهەنگی نابێت، قۆناغێکی تر هەیە هەماهەنگی ئەویش ئەوەیە کە لەبازنەیەک ئێمە کاندیدمان نەبێت دەنگ بەکاندیدی ئێوە بدەین."

Your browser doesn’t support HTML5

دەقی وتووێژەکەی ژیار محەمەد لەگەڵ عەبدولستار مەجید May 7.021