تورکیا ناڕەزایی بەرامبەر ئیسرائیل دەردەبڕێت

.

سەرۆکی تورکیا پەیمانی جوڵاندنێکی نێونەتەوەییانە دەدات بۆ ڕاگرتنی وەک دەڵێت "تێرۆرکارییەکانی ئیسرائیل."

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەمڕۆ دووشەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ مەحمود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینییەکاندا ئەو پەیمانەی داوە هاوکاتی هەروادێ و زیاتربوونی توندوتیژییەکان لە شاری ئۆرشەلیم.

تورکیا، هاوکاتی دەستپێکردنی پێکدادانەکان لەناو مزگەوتی ئەلئەقسادا، وڵاتی ئیسرائیل بە وڵاتێکی ڕەگەز پەرست ناودێر دەکات و دەشڵێت دەبێت کۆتایی بە هێرشە دڕندانە و قورسەکانیشی بێنێت بۆ سەر فەلەستینیەکان.

ڕێکخراوی مانگی سووری فەلەستینیەکان دەڵێت بە سەدان کەس بریندارن لە پێکدادانە نوێیانەی ئەمڕۆ دووشەممە ڕوویانداوە. پێکدادانەکان بەر لەو گردبوونەوە جەماوەرییە بووە کە بەرنامەی بۆ دانراوە بکرێت، لە ساڵیادی دەستبەسەرداگرتنەکەی ساڵی 1967ی ئیسرائیل بەسەر شاری پیرۆزدا.

پێکدادانەکان، دواترین ئاڵۆزییەکانی ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردوون و بە بەدترین پشێویش دادەنرێن لەوەتای ساڵی 2017وە لە شاری ئۆرشەلیم.

فەخرەدین ئاڵتن، یاریدەدەری ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا بۆ کاروباری میدیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر دەنوسێت "بە جیهانی ئیسلامی دەڵێین، ئێستا کاتی ئەوەیە ئیسرائیل هێرشە دڕندانە و دڵڕەقەکانی خۆی ڕابگرێت، بە مرۆڤایەتیش دەڵێین، ئێستا کاتی ئەوەیە ئەم دەوڵەتە ڕەگەز پەرستە بخەینەوە جێی خۆی."

سەرۆکی تورکیاش ڕۆژی شەممە دەوڵەتی ئیسرائیلی بە "دەوڵەتی دڕندەی تێرۆریست" ناودێرکرد و دەشڵێت دەوڵەتی جوو بە شێوازێکی دڕندانە و بێئاکارانە هێرش دەکاتە سەر فەلەستینییەکان.

پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا لە ساڵی 2010وە بەرەو خراپی چوون پاش ئەوەی ڕێکخراوێکی ناحکومی تورکیا سەرپەرشتی ژمارەیەک کەشتی دەکرد و هەوڵی شکاندنی گەمارۆی ئیسرائیلی دەدا لەسەر کەرتی غەززە.

سەر لە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممەش، سەدان کەس لە لایەنگری فەلەستینییەکان لە شاری ئەستانبوڵ لە دەرەوەی کونسوڵخانەی ئیسرائیل خۆپیشاندانیان دەکرد.

پۆلیسی تورکیا هیچ هەنگاوێکی نەناوە، وێڕای ئەوەی گردبوونەوەی خەڵک قەدەغە کراوە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە.

هەر ئەمڕۆش دووشەممە ژمارەیەک لە گەورە کاربەدەستانی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ناڕەزاییان دەربڕیوە دژ بە هەنگاوەکانی ئیسرائیل.

مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت "ئەوانەی نایانەوێت قسە لەسەر ئەم کارەساتە بکەن، ئیتر پێویست ناکات باس لە ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەن."

هەر چوار ئەندامەکەی کۆمیتەی ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (ئەمەریکا، ڕوسیا، یەکێتی ئەوروپا، نەتەوە یەکگرتووەکان) ڕۆژی شەممە نیگەرانی قوڵی خۆیان دەربڕیوە بەهۆی توندوتیژییەکانەوە و داواشیان لە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل کردووە تا پشوودرێژی خۆیان بپارێزن.