ئێران یاداشتی ناڕەزایی دەدات بە عێراق

وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت بە توندی ناڕەزایی دەردەبڕێت لەسەر هێرشی عێراقییەکان بۆسەر کونسوڵخانەی ئێران لە شاری کەربەلا بەهۆی کوژرانی چالاکوانێکی ناودارەوە.

سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لێدوانەکانی ئەمڕۆ دووشەممەیدا بە پەیامنێرانی وتووە "درەنگانێکی ڕۆژی یەکشەممە نامەی ناڕەزایی ئێران دراوە بە باڵیۆزخانەی عێراق لە تاران و داواش لە وڵاتانی عەرەبی دراوسێی ئێران کراوە تا بەپێی پەیماننامە نێونەتەوەییەکان بەدواداچوون لەسەر ئەم دۆسێیە بکرێت."

خەتیبزادە دەڵێت "ئێران بە توندی ناڕەزایی دەردەبڕێت بەرامبەر هێرشکردنە سەر شوێنە دیپلۆماتییەکان لە عێراقدا."

خۆپیشاندەرانی عێراقی، ڕۆژی یەکشەممە ئاگریان بەردایە چەند ماشێنێکی بارهەڵگر کە تایبەت بوون بە کونسوڵخانەی ئێران، ئەم ڕووداوەش لە نێوەندی ئەو توڕەیی و ناڕەزایەتیەدا بوو کە بەهۆی کوژرانی ئیهاب ئەلوەزنی، چالاکوان هاتبووە ئاراوە. ئیهاب بەشداری لە خۆپیشاندانەکانی دژە حکومەتدا دەکرد. ئەو شەپۆلی ناڕەزاییە لە مانگی 10 ساڵی 2019وە لە عێراق دەستیپێکردوە. ئیهاب لە دەرەوەی ماڵەکەی خۆی لە شاری کەربەلا لەلایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراوەوە کوژرا.

کوژرانی ئیهاب، خۆپیشاندانێکی گەورەی بە دوای خۆیدا هێنا و لە شاری کەربەلا، خۆپیشاندەران شەقامەکانیان داخست و تایەیان دەسوتاند. ڕۆژی یەکشەممەش، شەوەکەی دەیان خۆپیشاندەر لە دەرەوەی کونسوڵخانەی ئێران گردبووبوونەوە و لەبەردەم دەروازەی کونسوڵخانەکەدا تایەیان دەسوتاند و هەروەها ئاگریشیان بەردایە سەر ژمارەیەک بارهەڵگری کونسوڵخانەکە کە لە هەمان شوێندا ڕاگیرابوون.

عێراق و ئێران پەیوەندییەکی نزیکیان پێکەوە هەیە لەوەتای ڕوخاندنی ڕژێمەکەی سەدام حوسەین، دیکتاتۆری پێشووی عێراق. سەدام لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا شەڕێکی8 ساڵیی لەگەڵ ئێراندا هەڵگیرسان و لەو شەڕەدا نزیکەی یەک ملیۆن کەس لە هەردوولا کوژران.