دوابەدوای ژمارەیەک هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەی تاک لە بەرامبەر مەترسیەکانی ڤایرۆی کۆرۆنا و زانیاری پزیشکی لەسەر ڤاکسینەکان، ڕێژەیەکی فراوان لە هاووڵاتیانی پارێزگای هەڵەبجە ڕوویان لە بەکارهێنانی ڤاکسینەکە کردووە، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی هەڵەبجە دەڵێت، ڤاکسینەکە بەردەستە و هەرهاوڵاتیەک بیەوێت دەتوانێت وەریبگرێت.
ئەکرەم محمد ئاغا بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی هەڵەبجە لە لێدوانێکیدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "لە ئێستادا 608 هاووڵاتی ڤاکسینی وەرگرتووە، تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی نەخوازراو ڕووی نەداوە، پێویستە هاووڵاتیان لە جەژندا بەریەکەوتنیان نەبێت هەموو ڕوژێک تیمەکانمان لە نەخوشخانەی مناڵان ڤاکسین دەدەن بە هاووڵاتیان".
مەنزەر عەلی هاووڵاتیەکی هەڵەبجەیە و ڤاکسینەکەی وەرگرتووە. ئەو لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند توشی هیچ حاڵەتێک نەبووە و گوتیشی "ئەو زانیاریانەی لە سۆشیال میدیا بڵاودەکرێنەوە ناڕاستن و بەکارهینانی ڤاکسینەکە ڕێگایەکە بۆ پاراستنی هەموو تاکەکان ."
ئامارەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە بە پێی ووتەی د. شاناز نەقشبەنی ووتەبێژی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە کە بۆدەنگی ئەمەریکای خستەڕوو لە ماوەی 30 ڕوژدا 3 حاڵەتی گیان لەدەستدان بە ڤایرۆسەکە هەبووە و ئامارەکانیش بەردەوام ڕوویان لەبەرز بوونەوەیە .
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان 3 هەزار و 517 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنابوون و لەو ڕێژەیەش 3 هەزار و 142 کەس چاکبوونەتەوە و لە ئێستادا 228 کەس لەژێر چارەسەری پزیشکیدان، تا ئێستاش زیاتر لە 150 کەس لە هەڵەبجە بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە .
Your browser doesn’t support HTML5