5 چالاکوان و ڕۆژنامەوان لە هەرێمی کوردستانی عێراق دادگایی دەکرێن و سزای 6 ساڵ زیندانیکردنیان بەسەردا دەسەپێندرێت و دادگای پێداچوونەوەش بڕیارەکە پەسەند دەکات.
ئەم بڕیارەش کاردانەوەی ناوخۆیی و نێونەتەوەییشی بە دوای خۆیدا هێناوە و دەشبێتە مایەی قوڵبوونەوەی زیاتری نیگەرانییەکان لەسەر ئازادی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن و ئازادییەکانی تاکە کەس و هەروەهاش لەسەر تەواوی پرسی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستاندا.
بەشێکی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کە بەشدارن لە فەرمانڕەوایەتیکردنی هەرێمەکەدا، ناڕەزایی بەرامبەر بەو بڕیارەی دادگای پێداچوونەوە دەردەبڕن و لە هەمان کاتیشدا ڕاگەیەندراوەکەی حکومەتی هەرێمیش مۆر دەکەن سەبارەت بەوەی بڕیارەکەی دادگا بڕیارێکی دادوەرانە بووە و ئەو چالاکوان و ڕۆژنامەوانانە تاوانەکانیان بەسەردا ساغ بۆتەوە، بۆیە زیندانیکراون.
ئەو 5 چالاکوان و ڕۆژنامەوانە بە سیخوڕایەتیکردن و تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان گوناهبارکراون.
لە پاش چەند مانگێک لە دەستگیرکردنیان لە پارێزگای دهۆک، لە مانگی 2ی ئەمساڵدا دادگای تاوانەکان لە شاری هەولێر، سزاکە دەسەپێنێت بەسەر ئەو 5 ڕۆژنامەوان و چالاکوانانەدا،ئەم بڕیارەی داگا ڕێک دوابەدوای لێدوانێکی مەسرور بارزانی، سەرۆکی کابینەی 9 بوو کە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دەستگیرکراوەکانی بە سیخوڕ و بە هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێم گوناهبار کرد.
میوانی بەرنامە:
ستەم کامیل، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی
لە لایەکی تریشەوە، تۆڕی "یاهوو" ڕاپۆرتە هەواڵییەک بڵاودەکاتەوە لەسەر کوژرانی قاسم سولەیمانی، سەرکردەی پێشووی هێزی قودسی سەر بە پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران.
لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە ڕۆڵی یەکێک لە دەزگا دژە تێرۆرەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق کراوە لەو کردە لەشکرییەی لە سەرەتای مانگی یەکی ساڵی 2020دا، ئەمەریکا کردی و بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان قاسم سولەیمانی لە بەغدا کوشت.
دوای بڵاوبوونەوەی ئەو ڕاپۆرتە هەواڵییە، میدیا سێبەرەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە فەرمانڕەوای سەرەکین لە هەرێمی کوردستاندا و هەر یەکەشیان خاوەنی هێزێکی دژە تێرۆرە، کەوتنەوە وێزەی یەکتر و یەک ئەوی تریانی گوناهبار دەکرد بەو تێوەگلانە.
جارێکی تریش شەڕی میدیایی دەستپێدەکاتەوە، لاپەڕە شاروەکانی یەکتر هەڵدەدەنەوە، لە کاتێکدا وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەی هەرێم جەخت دەکاتەوە لەوەی بۆشاییە ئاسایشییەکانی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی لەشکری عێراق وەهایان کردووە داعش خۆی ڕێکبخاتەوە و مەترسییەکانی ئەم ڕێکخراوە جارێکی تر سەرهەڵبدەنەوە. لەو ڕاگەیەندراوەیداوەزارەتی کاروباری پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان هیچ ئاماژەیەکی بەوە نەکردووە ئایا بۆشاییە ئاسایشییەکانی بەهۆی ناتەبایی سیاسییەوە لەو هەرێمەدا هەن، چەندێک دەبێتە مایەی جموجۆڵی زیاتری داعش لە هەردوو دەڤەری زەرد هەروەهاش سەوز و نیلیدا.
ڕێبەرانی سیاسی لەو هەرێمەدا داواش دەکەن کورد بە هاوهەڵوێستی و یەکڕیزی و تەباییەوە بچێتە هەڵبژاردنەکانی مانگی 10ی عێراقەوە.
وەک هەموو بۆنە ئاینی و نەتەوەییەکانی تری هەرێمی کوردستان، لەگەڵ هاتنی جەژنی ڕەمەزاندا، فەرمانڕەوایانی هەرێمی کوردستان جارێکی تریش داواکانیان بۆ یەکڕیزی و تەبایی دووبارە دەکەنەوە لەو بروسکەی پیرۆزباییانەی بڵاوی دەکەنەوە.
ئایا لە ئاوەها ڕەوشێکی وەک هەرێمی کوردستانی عێراقدا شییانێک بۆ یەکڕیزی و تەبایی ماوەتەوە؟
ئایا باشکردنی ڕەوشی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ئەستۆی کۆمەڵگەی نێونەتەوەییدایە یان هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان؟
ئایا دەکرێت هەڵبژاردنەکانی لە هەرێم دەکرێن، بکرێنە پێوانەیەک بۆ پشتیوانی خەڵک لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان؟
ستەم کامیل، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا، وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسی تریش دەداتەوە.
Your browser doesn’t support HTML5