دوو سیاسەتمەداری بەناوبانگی ئێران خۆیان بۆ پێشبڕکێی سەرۆکایەتی تۆمار دەکەن

دوو ڕکابەری سەرەکی بۆ سەرۆکایەتی ئێران، ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆکی دەزگای توندڕەوی دادوەری و عەلی لاریجانی سەرۆکی پێشووی پەرلەمان، ڕۆژی شەممە خۆیان بۆ پێشبڕکێی هەڵبژاردنەکانی مانگی داهاتوو تۆمارکرد.

هەڵبژاردنەکانی 18ی مانگی شەش بۆ جێگرەوەی سەرۆکی ئێستا حەسەن ڕۆحانی وەکو تاقیکردنەوەیەک بۆ فەرمانڕەوایەتی دەسەڵاتی ئاینی ئێران دەبینرێت.

ڕەئیسی تەمەن 60 ساڵان مەلایەکی پلە ناوەندە لە دەسەڵاتی ئاینی شیعە مەزهەبی ئێراندا. ئەو لە مانگی 3 ی ساڵی 2019 لەلایەن ڕێبەری باڵا ئایەتوڵا عەلی خامەنەئییەوە وەکو سەرۆکی دادوەری ئێران دەستنیشان کرا. ئەو وەکو یەکێک لە بەهێزترین کەسایەتییەکانی وڵاتەکە دەرکەوت و وەک جێگرەوەی خامەنەئی دەبینرێت.

لاریجانی، وتووێژکەری پێشوی ناوکی و ڕاوێژکاری خامەنەئی، هیوادارە پشتیوانی هەردوو میانەڕەوەکان و توندڕەوەکانیش بەدەستبهێنێت و ببێتە پردێک لە نێوان هەردووکیان.

ڕەئیسی لە ڕاگەیاندنێکی ناوخۆدا بەرلە تۆمارکردنی ناوی خۆی بۆ پێشبڕکێکە، گوتویەتی " من وەک سەربەخۆیەک هاتووم بۆ ئەم قۆناغە تا گۆڕانکاری لە بەڕێوەبردنی جێبەجێکاری وڵاتدا بکەم وشەڕی هەژاری، گەندەڵی، سوکایەتی و جیاکاری بکەم."

هەروها ڕەئیسی لە قسەکانی دا گوتیشی " من هاتووم بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێزی خەڵکی بۆ ئێرانێکی بەهێز بە هاوکاری گەنجە بەجەرگەکان." وا دیارە ئەو مەبەستی لە قسەکانی ئەم دواییانەی خامەنەئی بوو کە گوتی چاوەڕوانی " حکومەتێكی پڕ وزەو بە توانا" دەکات.

ئەو سەرۆکەی دەزگای دادوەری لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2017 بە ڕۆحانی دۆڕا. ڕۆحانی بەهۆی تەواوبوونی تێرمی سەرۆکایەتی ناتوانێت خۆی کاندید بکاتەوە.

ڕیفۆرمستەکان و چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن ترسیان لە هەڵبژاردنی ڕەئیسی هەیە بەهۆی ڕابردووی وەکو دادوەرێکی توندڕەو، بە تایبەتی لە دەمی 1980کاندا کە ئەو کات یەكێک بوو لەو چوار دادوەرەی سزای مەرگیان بۆ هەزاران زیندانی سیاسی دەرکرد.

کاندیداکان لە ڕۆژی سیشەممەوە دەستیان بە خۆتۆمارکردن بۆ هەڵبژاردنەکان کردووە، و دەسەڵاتی مەلاکانی ئێران هیوادارن ژمارەیەکی زۆری خەڵکی بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن. بەڵام وەکو ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرز دەڵێت دەنگدەران سەرنجیان لەسەر سەختییە ئابورییەکانە کە بەهۆی سزاکان لەسەر بەرنامەی ناوکی ئەو وڵاتە هاتونەتە ئاراوە.

پاش تۆمارکردنی کاندیداکان، ئەنجومەنی شورای نیگەهبانی 12 ئەندامی بڕیار لەسەر شیاوی پاڵێوراوەکان دەدەن. شەش ئەندامی ئەو ئەنجومەنە توندرەوە لەلایەن خامەنەئییەوە دەستنیشان کراون.