پێدەچێت دەنگدەرێکی زۆر بایکۆتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران بکەن

ڕۆژنامەکانی ئێران باس لە گرنگی بەشداری لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێراندا دەکەن کە بڕیارە مانگی داهاتوو بکرێت و هەروەها نیگەرانی خۆیشیان نەشاردۆتەوە لەوەی ڕێژەی بەشداری لەو هەڵبژاردنەدا کەم بێت.

ڕۆژنامەکانی سەر بە باڵی ڕیفۆرمخوازەکانن لە ژمارەکانی ئەمڕۆ یەکشەممەیاندا، ئاماژەیان بە نیگەرانی کردووە لەسەر ئەگەری کەمبوونەوەی ڕێژەی دەنگدەران بۆ هەڵبژارنەکەی ڕۆژی 18ی مانگی 6 و دەشڵێن ئەگەر ڕێژەی بەشداریکردن کەم بێت ئەوا دووبارەبوونەوەی ئەزموونی هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2020ی پەرلەمانی ئێرانە کە توندڕەوانی کۆنەپارێزی ئێران بوونە خاوەنی زۆرینە لە مەجلیسی شورادا.

میدیاکانی سەر بە توندڕەوانی کۆنەپارێزی ئێرانیش بە هەمان شێوە باسیان لەو نیگەرانییە کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی دەنگوباسی فەرمی ئێران، ئیرنا، 592 کەس کە 40 کەسیان ژنن، خۆیان ناونوس کردووە تا ببنە کاندید بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەڵام ژمارەی ڕکابەرەکان بۆ ئەو هەڵبژاردنە زۆر کەمتر دەبێت چونکە ئەنجومەنی نیگەهبان تاووتوێی ناوەکان دەکات و ئەوجا بڕیار دەدات کام یەکێک لەو ناوانە دەتوانن ببنە کاندید. وەها بڕیارە لە ڕۆژانی 26 2 27 ئەم مانگی پێنجەدا ناوی کاندیدەکان ئاشکرا بکرێن.

ڕۆژی شەممە، دواهەمین ڕۆژی خۆ ناونوس کردن بوو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران.

ڕۆژنامەی شەرق، کە سەر بە ڕیفۆرمخوازانە دەنوسێت "ڕا وەرگرتنە گشتییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، نیوەی دەنگدەران ناخوازن بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا بکەن."
ڕۆژنامەکە دەنوسێت "ئەو ژمارە گرنگەی کاربەدەستان و ڕێبەران کە خۆیان ناونوسکردووە بۆ ئەم هەڵبژاردنە نەبووەتە مایەی گەرموگوڕ کردنی هەڵبژاردن لای دەنگدەران تا بەشداری لە دەنگدانەکەدا بکەن."

2 ناو لە نێو کۆنەپارێزانی ئێرانیدا لە هەموو ناوەکانی تر دیارترن کە دەشێت ببنە کاندید بۆ ئەو هەڵبژاردنە؛ عەلی لاریجانی، کۆنەپارێزی میانڕەو، پێشتر سەرۆکی مەجلیسی شورای ئێران بووە، هەروەها ئیبراهیم ڕەئیسی، کۆنەپارێزی توندڕەو، لە ساڵی 2019وە سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێرانە.

لە هەڵبژاردنەکەی مانگی 2ی ساڵی 2020ی مەجلیسی شورای ئێراندا، زیاتر لە سەدا 57ی دەنگدەران بایکۆتی هەڵبژاردنەکەیان کرد و کۆنەپارێزانی ئێران بوونە زۆرترایەتی پەرلەمان. ئەنجومەنی نیگەهبان داواکارییەکانی هەزاران کەسیان لە میانڕە و ڕیفۆرمخوازان ڕەتکردەوە کە دەیانویست ببنە کاندید بۆ ئەو هەڵبژاردنە.

ڕۆژنامەی ئێران، کە سەر بە حکومەتی ئێرانە، لە ژمارەی ئەمڕۆیدا داوای کردووە "پێویستە کاندیدەکان لە ئاڕاستە سیاسییە جیاوازەکانەوە بن تا ڕێژەیەکی بەرچاوی دەنگدەران بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا بکەن."

ئەم ڕۆژنامەیە ئاگاهیشی داوە لە "مەترسی شکست" ئەگەر کۆتا بڕیار لەسەر کاندیدەکان نەتوانێت نوێنەرایەتیکردنێکی ڕاستەقینەی ئاڕاستە سیاسییە جیاوازەکان بێت و دەشنوسێت "ئێران پێویستی بەوەیە لەڕێی ڕێژەی بەشداریکردنی دەنگدەرانەوە پەیامێکی بەهێز بە گوێی جیهاندا بدات."

ڕۆژنامەی جەوان، کە سەر بە کۆنەپارێزانی ئێرانییە ئاماژە بەوە دەکات "هەڵبژاردنی داهاتوو گرنگترە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو لە ڕوانگەی هەستیاریی ئەم قۆناغەی وڵاتەکەی پێدا تێپەڕ دەبێت." ئەمەش وەک ئاماژەیەک بە وتووێژەکانی ڤیەننا و هەروەها ئەو سەختییە ئابوری و کۆمەڵایەتییانەی ڕووبەڕووی ئێران بوونەتەوە بەهۆی سزاکانی ئەمەریکاوە بۆسەر ئێران.

ڕۆژنامەی جەوان دەڵێت بەشدارییەکی زۆر لە هەڵبژاردندا پێویستە بۆ "پشتیوانکردنێکی تۆکمەی ڕژێمی سیاسی کۆماری ئیسلامی ئێران."

ڕۆژنامەی ئیعتماد، کە سەر بە ڕیفۆرمخوازانە دەنوسێت "بە گومانەوە لە دۆسێی بەشدارییەکی زۆری دەنگدەران دەڕوانێت لەم هەڵبژاردنەدا چونکە مەینەتیی و بێزارییەکانی خەڵک گەیشتوونەتە ترۆپک."

لەم چەند مانگەی ڕابردوودا ئایەتوڵا عەلی خامنەئی، ڕابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران داوای لە خەڵک دەکرد تا بە شێوەیەکی بەرفراوان بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن و سەرۆکێکی وەک دەڵێت "دروست و کاریگەر" بۆ خۆیان هەڵبژێرن.

لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا، سەرۆکی وڵات دەسەڵاتێکی ئەوتۆی نییە بە بەراورد لەگەڵ دەسەڵاتەکانی ڕابەری کۆماری ئیسلامیدا.