شەڕی تاڵیبان و حکومەتی ئەفغانستان دەستپێدەکاتەوە

شەڕ و پێکدادان لە نێوان تاڵیبان و حکومەتی ئەفغانستاندا دەستیانپێکردۆتەوە لە هەرێمی هێلماند لە باشوری وڵاتەکە.

پاش 3 ڕۆژ لەو ئاگربەستەی بە بۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە ڕاگەیەندرا، شەڕەکان لەو هەرێمە پڕ لە گێرمە و کێشەیەی ئەفغانستاندا دەستیانپێکردەوە و هاوکاتیشە لەگەڵ کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکادا.

سەرۆکی ئەنجومەنی هەرێمی هێلماند دەڵێت "زوویەکی ئەمڕۆ یەکشەممە شەڕەکان دەستیان پێکردەوە پاش چەند کاتژمێرێک لە کۆتاییهاتنی ئاگربەستە 3 ڕۆژییەکە."

عەتائوڵا ئەفغان دەڵێت تاڵیبان لە چەند ناوچەیەکی هەرێمەکەدا هێرشی کردۆتە سەر بنکەکانی پشکنین.

وتەبێژێکی لەشکری ئەفغانستان هەواڵی ئەم شەڕانەی پشتڕاست کردۆتەوە و ئۆفیسی فەرمانڕەوای هەرێمی هێلماند دەڵێت 21 چەکداری تاڵیبان لەو شەڕانەدا کوژراون و شەڕەکانیش چەند کاتژمێرێکیان خایاندووە.

بەڵام زەبیحوڵا موجاهید، وتەبێژی تاڵیبان دەڵێت هێزەکانی ئەفغانستان دەستیان بە هێرشکردن کردووە و دەشڵێت "بەپرسیارێتی ئەو شەڕانە لە ئەستۆی تاڵیبان مەنێن."

ڕوحوڵا ئەحمەدزای، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەفغانستان لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان دەڵێت " هێزە سەربازییەکان سەرکەوتووبوون لە دەستبەسەرداگرتنەوەی ناوچەیەکی ستراتیژی لە هەرێمی هێلماند."

ئەو ئاگربەستەی لە نێوان تاڵیبان و هێزە ئاسایشییەکاندا هەبوو، تاڵیبان داوای کردبوو و حکومەتی ئەفغانستانیش دەستبەجێ پەسەندی کرد، بەڵام لەگەڵ کۆتاییهاتنی سێهەم ڕۆژی جەژندا، ئاگربەستەکەش کۆتاییپێهات.

ئەمەش چوارهەمین ئاگربەست بوو لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردووی قەیرانی بەردەوامی ئەفغانستانی بە شەڕ وێرانبوودا.

حکومەتی ئەفغانستان و تاڵیبان لە دۆحە، پایتەختی قەتەر دەستیان بە وتووێژی ئاشتیانە کردووە، بەڵام لەم چەند مانگەی ڕابردوودا کێشە کەوتۆتە ئەو وتووێژانەوە. بەشداربوونی هەردوو لایەنی وتووێژەکان دەڵێن ڕۆژی هەینی لە دۆحە کۆبوونەوەیەکیان کردووە بۆ تاووتوێکردنی خێراکردنی وتووێژەکانیان.

وەها بڕیار بوو لە مانگی چواردا تورکیا میوانداری کۆنگرەیەکی تایبەت بکات لەسەر دۆزی ئەفغانستان، ئەم کۆنگرەیە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا، چونکە تاڵیبانەکان بەشداریکردنیان ڕەتکردەوە وەک دەڵێت "بەهۆی دواکەوتنی کشانەوەی ئەمەریکا."