کاردانەوەکان سەبارەت بە کۆنفرانسێک لە ژێر ناونیشانی یەکڕیزی و دەستووری هەرێمی کوردستان 

کۆنفرانسی یەکڕیزی دەستوور

ڕۆژی چوارشەممە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە کاربەدەستە باڵاکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە کۆنفرانسێک لە زانکۆی کوردستان-هەولێر لە ژێر ناونیشانی یەکڕیزی و دەستوور بەڕێوەچوو زۆرێک لە کاربەدەستە باڵاکانی هەرێمی کوردستان لە ناویاندا سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم مەسرور بارزانی، سەرۆکی پەرلەمان دکتۆر ڕێواس فایەق و سەرۆک و نوێنەرانی سەرجەم پارتە سیاسییە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان ئامادەبوون. بەشداربووانی کۆنفڕانسەکە جەختیان لەسەر ئەوە کردووە کە هەبوونی دەستوورێک بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە و پێویستە هەبێت و داوای یەکڕیزی نێو لایەنە کوردیەکانیان کرد.

کۆنفرانسی یەکڕیزی دەستوور

سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لە کۆنفرانسەکەدا گوتی "دەستوورمان بۆ ئەوەیە یاسا سەروەر بکەین لە کوردستان و هاووڵاتییان پارێزراوبن" جەختیشی کردەوە لەوەی کە پێویستە دەستوورێک بێت کە " هەموو پێکهاتەکانی کوردستان وک یەک بپارێزرێت."

کۆنفرانسی یەکڕیزی دەستوور

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتارەکەیدا گوتی " ناکرێت داوای یەکڕیزی بکەین و بەرەو دوو ئاراستەی جیاواز جوڵە بکەین، لە هەمووی گرنگتر هەموو لایەنەکان ئامادەبن یەکتر قبوڵ بکەن، ناکرێت یەکێک داوای سەربەخۆیی بکات و یەکێک داوای شتی تر بکات دەبێت هەموومان بەیەکەوە داوای یەک ئامانج بکەین ئەو کات دەتوانین بەیەکەوە بگەینە قەناعەتێکی هاوبەش کە پێکەوە ئیش بکەین".

سەرۆکی حکومەت وتیشی" دەستوور گرنگە بۆ ئەوەی زەمانەتی ئەوە بدات کە ئەو کەسانەی نوێنەرایەتی خەڵکی خۆیان و هاونیشتیمانیان دەکەن پێویستە بە شێوەیەکی دروست نوێنەرایەتی بیروبۆچوونی زۆرینەی خەڵکی کوردستان بکەن، ئەو هێز و دەسەڵاتەی کە دەسەڵات دەگرێتەدەست پێویستە بەرپرس بێت بەرامبەر بە خەڵکەکەی خۆی و ئێمە دەتوانین لە دەستووردا ئەو شتانە دروست بکەین دەتوانین دەستوورێک دروست بکەین کە ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگەی ئێمە بێت، دەبێت دەستووری هەرێمی کوردستان ڕەنگدانەوەی ڕێزگرتن لە ئاین و نەتەوەکان بێت و مافی تاکە بە تاکەی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بپارێزێت".

ئانو جەهوەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆنفراسەکەی بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ یەکڕیزی لە قەڵەمدا و لە لێدوانەکەیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتی " ئەو دەستپێشخەریەی زانکۆی کوردستان زۆر گرنگ بوو بەرەو هەنگاوێکی پێشتر بۆ نزیکبوونەوەی بیروڕاکان و هەروەها بەرەو نوسینێکی گشتگیر و مەدەنی و دیموکراسی بۆ داهاتووی کوردستان، ئەمڕۆ سەرکردە سیاسیەکان بەشێوەیەکی دەگمەن و زۆر بە ڕاستەوخۆیی و بەبێ زمانی دبلۆماتیکی قسەیان لەگەڵ یەکترکرد ئەمە شتێکی دەگمەنە کە ئەمڕۆ زانکۆی کوردستان توانی بچەسپێنیت لەناو ژیانی سیاسی کوردستان و کۆنفرانسێکی ئەکادیمی و پرۆفێشناڵانە بوو" وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێم زیاتر بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" دەتوانم بڵێم بەردی بناغەیە بەرەو گفتووگۆیەکی ڕاستگۆیانە و ئاشکرا و لە پێش هەموو خەڵک تا بزانرێت نوخبەی سیاسی کوردستان گەیشتووەتە چ ڕادەیەک لە نزیکبوونەوە لە پێناو نوسینەوەی دەستور و چەسپاندنی بەرقەراربوونی ئیستیقرار لەناو ژیانی سیاسی کوردستان".

دادوەرێکیش پێی وایە دەبوایە لە ساڵی 1992وە دەستووریان هەبێت بەڵام نەک دەستورێک بێت کە بۆ هەندێک کەس دابنرێت و دابڕێژرێت.

حاکم شێخ لەتیف بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " دەستوور گرنگە بۆ کوردستان بەس گرنگە دەستوورێکی دیموکراسی بێت، نەک دەستورێک بۆ هەندێک کەس دابنرێت یاخود دابڕێژڕێت، لەگەڵ ئەوەی دەستوور دابنرێت و پەلەی تێدا بکرێت بەڵام هەر ئەوە گرنگ نییە دەستوورمان هەبێت، دەستوور لەسەر شێوازی دەستوورە دیموکراتیەکانی وڵاتانی پێشکەوتوو و هەروەها دەستووری عێراقیش دەستوورێکی خراپ نییە، دەبوایە لە 92 وە دەستوورمان هەبێت بەڵام چ جۆرە دەستوورێک ئەوەش گرنگە نەک هەر ناوی دەستوور بێت چونکە زۆرێک لە سیستەمەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست دەستووریان هەیە بەڵام دەستوورەکانیان دەستوور نیین بە واتای پابەندکردنی دەسەڵاتداران بەڵکو تەنها ڕۆکەشێکە بۆ جوانکردنی حەقیقەتی دکتاتوریەتی خۆیان ئێمە دەمانەوێ دەستوورەکە دوای ئەوەی کە 30 ساڵە نیمانە و چاوەڕێ دەکەین بەڕاستی دەستوورێکی دیموکراتی بێت لە ڕووی نەوعیەوە".

ژنانیش لە هەرێمی کوردستان خواستی خۆیان هەیە بۆ دەستوور و دەیانەوێت مافەکانیان لە دەستووردا پارێزراو بێت. پەروین حەسەن ئەندامی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمانی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ئێمە دەمانەوێت دەستورێک بێت یەکسانی بێت و لەسەر بنەمای ڕەگەزی سەیری مرۆڤەکان نەکرێت و باڵانسی جێندەری تێدا ڕابگیرێت و ئەو یاسایانەی کە دەردەچێت و تایبەتە بە ژنان شەرع نەکرێتە بنەمایەک بۆ دەرچوونی یاساکان و دەستوور هەموو ئاینەکان لەبەرچاو بگرێت و هەر شتێکی تایبەت بێت بە ژنان تایبەتمەندی خۆیی هەبێت و تێیدا ڕەچاو بکرێت".

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان جەختیشی لەوە کردەوە " دەستورێک بێت دوربێت لە تائیفەگەری و مەزهەبی و ئاینی، دەستورێک بێت دادپەروەری تێدا بێت و وەکو یەک سەیری هاوڵاتیەکانی بکرێت و بتوانین لە دەستوردا کوردستانێکی سەربەخۆییمان هەبێت کە بتوانێت کاروبارەکانی خۆی بەڕێوەببات".

سەبارەت بە بۆچوون و کاردانەوەی پێکهاتەکان لەمەڕ ئەو کۆنفرانسەی کە لە ژێر ناونیشانی یەکڕیزی و دەستوور بەڕێوەچوو محەمەد سەعدەدین سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی گەشەپێدانی تورکمان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" هەنگاوێکی زۆر زۆر باشبوو هەموو لایەنە سیاسیەکان لەسەر ئەوە کۆک بوون کە پێویستە هەرێمی کوردستان دەستووری خۆی هەبێت ئێمەش وەکو پێکهاتەکان وەکو پارتی گەشەپێدانی تورکمانەکان پاڵپشتی ئەوە دەکەین کە دەستوور هەبێت بۆ ئەوەی هەم سیستەمی ژیان جێگیربێت و هەم کاروباری سیاسی و کارگێڕی هەرێم ڕێکبخرێت و مافی ئازادی تاک و پێکهاتەکانیش جێگیربکرێت".