لەگەڵ ڕووداوەکاندا: شەڕی خوێناوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

شەڕی نێوان هێزە لەشکرییەکانی ئیسرائیل و حەماس بەردەوامە.

لەگەڵ ئەوەشدا کە هەروادێ و داوا نێونەتەوەییەکان زیاتر دەبن بۆ ئاگربەست یان کۆتاییهێنان بەم شەڕانە، بەڵام ئەوەی لەسەر زەوی دەبینرێت، فەرامۆشکردنی ئەو داوایانەیە و هێرش و پەرچەکردارەکانیش بەردەوامن.

لەوەتای ڕۆژی 10ئەم مانگی 5ەوە کە شەڕەکان دەستیانپێکردووە، زیاتر لە 240 کەس لە هەردوولا کوژراون و وەک سەرچاوەکانیش ئاماژەی پێدەکەن بە هەزاران برینداریش هەن.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت بە شێوەیەکی کاریگەر و بەرچاو لە هەوڵدایە بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژییەکان.

زۆرێک لە شیکەرەوە لەوبڕوایەدان، کۆماری ئیسلامی ئێران فاکتەرێکی گەورەیە بۆ درێژەپێدانی ئەم شەڕانەی نێوان ئیسرائیل و حەماس، دەشڵێن لە دیمەنە گەورەکەی ڕووداوەکاندا ئێران بە ئاشکرایی دیارە و ئاماژە دەکەن بە پەیوەندییە تەلەفونییەکەی سەرکردەی هێزەکانی قودس، سەر بە پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران و هەروەهاش پێدانی موشەک و تەکنەلۆژیای موشەک بە بزووتنەوەی حەماس کە لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی بە ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناسراوە.

تورکیاش وەک جەمسەرێکی سوننەگەرا لە ناوچەکەدا بە ئاشکرایی و ڕاشکاوی پشتیوانی خۆی بۆ حەماس ڕاگەیاندووە و ئەو پشتیوانییەش گەیشتۆتە ئەو ئاستەی تورکیا دەوڵەتی ئیسرائیل بە دەوڵەتی تێرۆر ناودێر بکات.


میوانی بەرنامە:

ئەنوەر موحەمەدی، شیکەرەوەی سیاسی

ئەم ڕەوشە ناکرێت هەر تەنها وەک شەڕێکی ئاسایی نێوان دوو لایەن سەیر بکرێت، بەڵکو چەندان ڕەهەندی لەخۆ گرتووە، لەوانە؛ دەشێت حەماس بخوازێت لە ڕێی موشەکەکانیەوە هەوڵی لەپەراوێزنانی ڕێکخراوی فەتح بدات و خۆی بکاتە لایەنی سەرەکی بەسەر فەلەستینییەکانەوە، یانیش لەوانەیە هەوڵێکی بەنجامین نەتەنیاهۆ، سەرەک وەزیری ئیسرائیل بێت، تا بە وڵاتەکەی بڵێت، هیچ کەسێک وەک خۆی ناتوانێت داکۆکی لە ئیسرائیل بکات.
دەشێت ڕەهەندێکی تریشی، وتووێژە ناوکییەکانی ئێران بێت لە ڤیەننا.
توندڕەوی و بەتایبەتیش توندڕەویی ئاینی بەشێکی تری ئەم قەیرانەیە و هەر بۆیەشە وەک جەختی لێدەکرێتەوە، ئەگەر بێتوو ئەم شەڕە درێژە بکێشێت ئەوا بە دوور نازانرێت پڕیشکی شەڕەکە شوێنی تریش لە ناوچەکەدا بگرێتەوە و ئەوجا لە بری ئاگری شەڕێک، چەندان ئاوری شەڕ و کوشتار لەو ناوچەیەی جیهاندا بکەوێتەوە.

ئایا دەکرێت شەڕی ئێستای ئیسرائیل وەک بەشێک لە شەڕی دژی تێرۆریزم لێی بڕوانرێت؟

ئێران و تورکیا چ بەرژەوەندییەکیان هەیە لە پەرەپێدانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا؟

ئایا فەلەستینییەکان خۆیان خاوەندارێتی دۆسێی خۆیان دەکەن؟

ئەنوەر موحەمەدی، شیکەرەوەی سیاسی، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا، وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسیاری تریش دەداتەوە.

Your browser doesn’t support HTML5

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: شەڕی خوێناوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست