محەمەد رەئوف: ئەگەر قەیرانێک لەهەرێمی کوردستان رووبدات حکومەتی هەرێم توانای ئەوەی نییە یەک مانگ موچە بدات 

کاریگەرییەکانی پەتای کۆرۆنا بەسەر تەواوی جیهانەوە هەر لەسەرەتای ساڵی2020ەوە تا ئێستا سەخت و دژوار بووە، بەتایبەتی بۆ وڵاتە هەژارەکان و ئەو وڵاتانەی کە سیستمێکی خراپ یان لاوازی تەندروستیان هەیە. ئەمە بێجگەلەوەی ئەو وڵاتانەشی کە هەر لەبنەڕەتەوە بارودۆخی ئابورییان سەقامگیر نییە یان بەرگەی قەیران ناگرن یان پلانی ستراتیژییان نەبووە بۆ ئابوری و رووبەڕووبونەوەی هەر قەیرانێک ئەوا خراپترو دژاورتر کاری تێکردوون.

بەڕێوەبەری گشتی WHO تێدرۆس ئەدهانوم گەیبەریسیس دەڵێت " جۆرە جیاوازەکانی نوێ ، سیستەمی تەندروستی لاواز ، کەمکردنەوەی جێبەجێکردنی ڕێوشوێنەکانی تەندروستی گشتی و کەمی دابینکردنی چارەسەر و ڤاکسینەکان بارودۆخەکەی ئاڵۆز کردووە بە تایبەتی لە وڵاتە هەژارەکاندا".

سەبارەت بە کاریگەرییە ئابورییەکانی پەتای کۆڤید 19 لەسەر خەڵک و بارودۆخی ئابوری و بژێوی ژیانی خەڵک، ئاسۆ جەبار گفتوگۆیەکی لەگەڵ رۆژنامەوان محمەد رەئوف ئەنجام داوە.

محەمەد رەئوف هەر لەسەرەتاوە دەڵێت "کۆرۆنا راستەوخۆ کاریگەری لەسەر بارودۆخی ئابوری کوردستان هەبوو " دەشڵێت "حکومەت لەسەر وەختی کۆرۆنادا نەک هەر هاوکاری خەڵکی نەکرد، بەڵکو موچەی نەئەدا بە خەڵک."

هەر لەسەر قەیرانی موچە لەسەروەختی کۆرۆنادا محەمەد رەئوف دەڵێت "لەساڵی 2020 دا حکومەتی هەرێم تەنها 5 موچەی داوە بەخەڵک و 7 موچەی نەداوە."

هاوکات لەسەر رەوشی ئابوری و هەبوون یان نەبوونی پلانی ستراتیژی ئابوری لەهەرێمی کوردستاندا محەمەد رەئوف دەڵێت "هەرێمی کوردستان خاوەنی پلانێکی ستراتیژی ئابوری نییە، بەشێکی زۆری ئەو داهاتەی دێتەدەستی بە گەندەڵی دەڕوات."

دەشڵێت "ئەگەر قەیرانێک لەهەرێمی کوردستان رووبدات حکومەتی هەرێم توانای ئەوەی نییە یەک مانگ موچە بدات."

سەبارەت بە هاوکاری کردنی کاردارییە مامناوەند و بچوکەکان لەهەرێمدا محەمەد رەئوف دەڵێت "حکومەتی هەرێم نەک هاوکاری سەرمایەگوزارە مامناوەند و بچوکەکانی نەکردووە بۆ ئەوەی نەکەون بەڵکو باج و سەرانەشی لەسەر زیادکردوون."

دەشڵێت "حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبەرامبەر هەموو قەیرانێکدا شکست دەهێنێت."

شایانی باسە قەیرانی ئابووری لە هەرێمی کوردستاندا بۆ ماوەی چەند ساڵێکە بەردەوامیی هەیە و لە ساڵی ٢٠٢٠دا فەرمانبەرانی حکومیی هەرێمی کوردستان مووچەی شەش مانگیان وەرنەگرت و ئەو مووچانەش وەریانگرتووە نزیکەی ٢٠%ی لێبڕاوە، ئەمەش دۆخی دارایی هاوڵاتیانی قورستر کردووە.

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژ