ئارام ڕۆستەم سەرۆکی لیژنەی زانستی کڕینی ڤاکسینی کۆرۆنا: تا ئێستا زیاتر لە 100 هەزار کەس لە کوردستاندا خۆیان کۆتاوە ئەمەش ڕێژەیەکی کەمە

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵی ئەوەدایە لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا ڕێژەیەکی زۆر لە ژەمە ڤاکسین بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دابین بکات تا خەڵکێکی زۆر لە هەرێمی کوردستاندا بتوانێت خۆی بکۆتێت.کاربەدەستانی تەندروستی باس لەوە دەکەن ئەو بڕە ڤاکسینەی لە لایەن حکومەتی عێراقیەوە دەگاتە هەرێم ڕێژەیەکی کەمە و بەشی هەموو دانیشتووانی هەرێمی کوردستان ناکات.

ئارام ڕۆستەم

ئارام ڕۆستەم سەرۆکی لیژنەی زانستی کڕێنی ڤاکسینی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت " تا ئێستا لە کوردستان زیاتر لە 100 هەزار کەس خۆیان کۆتاوە ئەمەش ڕێژەیەکی کەمە و ئەو بڕە ڤاکسینەشی کە گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان بڕە ڤاکسینێکی کەمە بەشی هەموو دانیشتووانی هەرێمی کوردستان ناکات بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان-وەزارەتی تەندروستی بڕیارماندا کە لیژنەیەک پێکبهێنین بۆ ئەوەی بتوانین ڤاکسین بکڕین. لەگەڵ کۆمپانیاکان دانیشتین چەندین کۆبوونەوەمان کردووە خۆشەبەختانە لەگەڵ دوو کۆمپانیا لێک نزیکبوونەوە هەیە. لەوانەیە بتوانین بەم زووانە بە تایبەتی لەگەڵ کۆمپانیای ئەسترازەنێکا 500 هەزار ڤاکسینی دیکە بۆ هاوڵاتیان دابین بکەین".

سەرۆکی لیژنەی زانستی کڕینی ڤاکسینی کۆرۆنا ڕايگەیاند" بەداخەوە هێشتا ئامارەکان کەمی نەکردووە بە لایەنی کەم پێویستە 75% خەڵکی کوردستان خۆی بکۆتێت و ئێمەش ناتوانین خۆمان ئەو بڕە ڤاکسینە دابین بکەین بۆیە ئامارەکان تا ئێستا ڕوو لە زیادبوونە و بەداخەوە هەندێک لە هاوڵاتیان تا ئێستا زۆر پابەندی رێنماییەکان نابن ئێمەش بەردەوامین لە هۆشیارکردنەوەی خەڵک و ئاگادارکردنەوەیان و پێمان وتوون کە باشترین ڤاکسین بۆ ئەوەی خۆت لە نەخۆشی کۆرۆنا دوربخەی بریتیە لە دەمامک و دورکەوتنەوە لە یەکتر".

لە میانەی وتووێژەکەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا ئارام ڕۆستەم سەرۆکی لیژنەی زانستی کڕینی ڤاکسینی کۆرۆنا دەشڵێت "پڕۆسەی دابەشکردنی ڤاکسین پڕۆسەیەکی نشتیمانی بەردەوامە لەسەرەتادا خواستی هاوڵاتیان کەمبوو ئەمەش دیارە لەبەر ئەو پروپاگندە و دەنگۆیانەی کە لێکەوتەکانی ڤاکسین هەیەتی بەڵام ئێستا هەم وەزارەتی تەندروستی و هەم ڕاگەیاندنەکان هاوکارن بۆ ئەوەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان زیاتر هۆشیاربن و هاتنی خەڵک بۆ وەرگرتن و لێدانی ڤاکسینەکە زۆر باشترە لە جاران. " هەروەها وتيشی " 13% لەو بڕە ڤاکسینەی کە بۆ عێراق کراوە بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە کراوە پێمان وایە ئەو بڕە ڤاکسینەی کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە بڕێکی کەمە و بەشی ئەوە ناکات کە هەموو هاوڵاتیانی هەریمی کوردستان خۆیان بکۆتن."

Your browser doesn’t support HTML5

ئەحمەد زێباری