ژیان لە فەرهەنگدا: ڕامیار مەحمود

بۆ زۆرێک لە نوسەران و بەتایبەتیش شاعیر، دەشێت نوسین جۆرێک بێت لە جۆرەکانی خوێندنەوەی خود و ڕووبەڕووبوونەوەی خودیش بێت. هەربۆیەشە کەم نین ئەوانەی بڕوایان وەهایە نوسین پرۆسەیەکە بۆ ئاشناکردنی خوێنەر بە بیرکردنەوە و دنیابینییەکانی نوسەر خۆی و تەنانەت لە هەندێک باریشدا، بەبێ ئەوەی نوسەر ڕەچاوی خواستی خوێنەر یانیش چێژبینینی خوێنەر بکات.

بە چاوپێداخشاندنەوەیەکی خێرا بە تێکستەکانی پێش و پاش ڕاپەڕینەکەی ساڵی 1991ی کوردستانی عێراقدا، دەتوانرێت ئەو جیاوازییە گەورەیە ببینرێت کە چۆن ئەو تێکستانە لە خەمە گشتییەکانەوە وەردەچەرخێن بۆ باسکردن و وردکردنەوەی بیرکردنەوەکانی خودی نوسەر لە ژیان و دەوروبەر و هەروەهاش ناخی نوسەر خۆی. نمونە زۆرن لەسەر شاعیرەکانی دوای ڕاپەڕین، ئەڵبەت لێرەدا مەبەستم لە شاعیرە ڕژدەکانە؛ بە مانایەکی تر شیعری ئەو شاعیرانەی پێویستە بخوێندرێنەوە بۆ تێگەیشتن لە ڕوانین و هەروەهاش ئاشنابوون بە شیعری ئەو قۆناغە، جا تەبابین یان نەبین لەگەڵ دنیابینیەکانیاندا، ئەمەیان بابەتێکی ترە.

زۆر دەمێکە تێکستە شیعرییەکانی ڕامیار مەحمود دەخوێنمەوە، هەمیشەش حەزم بەوە کردووە، چاوم ڕۆشن بکەمەوە بەو نوسین و لێکدانەوانەی لەسەر شیعرەکانی ڕامیار دەنوسرێن تا بزانم ڕۆچوونەکانی ڕامیار مەحمود بەناو نامۆیی و بەختەوەری و تەنیایی و بیرکردنەوەی لە دەوروبەر چۆنە و چۆنیش کاریان لەسەر دەکات.

ئەو باڵندە ڕەشانە نابینیت

بێ ئەوەی باڵ بە یەكدا بدەن ئەفڕن

هێڵنج ئەدەن و ئەستێرەی مردوو

لە دەنوكیانەوە ئەڕشێتەوە.

ڕامیار کاتێک دەنوسێت، دەیەوێت خۆی بێت و کەسی تر نا، جوانییەکان لە ئامێز دەگرێت و باسیشت لە هیوابڕانەکان بۆ دەکات، بە شێوەیەک کە بڵێیت چەند خۆش ناوازەیە و با منیش ئەزموونی ئەم جۆرە گینگڵ دانە بکەم و هەر هیچ نەبێت بۆ تاوێک لەگەڵ هزری ئەم شاعیرەدا بکەومە دیالۆگ.

کە دائەنیشین

منیش وەک ئەو کتێبێک بەدەستمەوە ئەگرم

ناوە ناوە پەڕەکانی هەڵ ئەیەمەوە

چاوەڕێ ئەکەم

تا ئەو لە خوێندنەوە دوور و درێژەکانی تەواو ئەبێت،

ئەزانم تا ئەو زیاتر بخوێنێتەوە

خەڵکێکی زیاتر ئەناسێت

کە لەکاغەز دروست کراون،

بەس ئەو وا باسی ئەو خەڵکانە ئەکات

کە لە ڕاستیدا هەبن

زۆر بە وردی باسی ژیان و بەسەرهاتیان ئەکات

بەڵام من قەت نەم پرسیوە لەکوێ ئەژین؟

پارەی کرێ خانووەکانیان چەندە؟

ئیش ئەکەن

یان هێشتا بەدوای کاردا ئەگەڕێن؟

چونکە ئەزانم: ئەو خەیاڵ فریوی داوە.

لە شیعردا، ڕامیار لە گەڕانێکی ورد و هەمیشەییدایە بەشوێن خۆیدا.

ئێمە نین،

ئێمە هەین بۆ ئەوەی ونبین.

جێهێشتنی هەزاران نیشانە لەسەر ئەم ڕێگایە،

بەقەد بڕێک ئازادی هەڵە گرنگ نییە.

من ناڵێم ژیان تازە نییە

هۆکاری دوبارەکردنەوەی پرسیارە کۆنەکانم،

تەنها ئەوە بوو کێشەکان هەمان کێشەن.

ئەوەی کە من ئەموت دڵ بۆ جیهان دروست دەکەم،

بە زیندووکردنەوەی دڵی خۆم کۆتایی هات،

هەڵبەت ئەم سەرئەنجامەمبە دڵنیاییەوە خۆش دەوێت....

ئەم گەڕانە لە پاشخانێکی مەعریفییەوە ڕێدەکات و بەردەوامیش لەو گەشتە دوور و درێژەیدا لە وتووێژ و ململانێدایە لەگەڵ ژیان و ڕەوشە ئەرێنی و نەرێنییەکانی ژیانیشدا.

ئەو پاشخانە مەعریفییەش وەها دەکات ڕامیار هەنگاوێکی تر بنێت لە واڵایی ڕۆشنبیریدا و سەرپەرشتی نێوەندێکی فەرهەنگی کلتوری بکات بە ناوی کوردڕاوم.


ئەم نێوەندە بۆ شیکردنەوە و لێکۆڵینەوە و ڕاڤەکردنە و هەوڵێکی ڕژدە بۆ کارکردن لەسەر ئەو دۆسێیانەی پەیوەندییان بە هزرەوە هەیە و بۆ ئەو مەبەستەش ئەم نێوەندە دەستدەکات بە چاپکردنی ژمارەیەک کتێب کە بۆ کتێبخانەی کوردی و بۆ ئاشنابوونیش بە دیدە نوێیەکان پێویستن.

ئایا ڕامیار مەحمود، لە پێناسە و ناساندنی شیعردا، چەندێک پانتایی داناوە بۆ "نوسینەوەی خود" لەو پێناسەیەدا؟

بۆچی کوردڕاوم ئەرکی ئاشتکردنەوەی مرۆڤ لە ئەستۆ دەگرێت لەگەڵ هزردا؟

ئایا لە پرسی تاکگەراییدا لە شیعردا، پێویستە خواست و چێژی خوێنەر بە هێند وەربگیرێن یان نا؟

ڕامیار مەحمود، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا، وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسیاری تریش دەداتەوە:

Your browser doesn’t support HTML5

ژیان لە فەرهەنگدا: ڕامیار مەحمود