بەرێوبەرایەتی گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکانی هەڵەبجە بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی منداڵە ونبووەکان، ڕۆژی جیهانی منداڵانی ونبوویان لە مۆنۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجە بەرزڕاگرت.
شەونم عەلی جێگری سەرۆکی ڕێکخراوی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "لەدوای کیمیابارانی هەڵەبجەوە چاوەڕێی دۆزینەوەی منداڵەکانم دەکەم، با سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەت یەک سەعات منداڵەکانیان لێبشارنەوە، بزانن کاردانەوەیان چی دەبێت، دەیان دایک چاوەڕێی دۆزینەوەی منداڵەکانمانین، با حکومەتی هەرێم بەفەرمی داوا لەحکومەتی عێراق بکەن فشار لەسەر ئێران دروست بکات بۆ گێڕانەوەی منداڵە ونبوەکانمان".
لوقمان عەبدالقادر سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ئێمە داوای دروستکردنی بۆردێک لە وەزارەتەکانی حکومەت دەکەین بۆدۆزینەوەی منداڵە ونبووەکان، کەم تەرخەمی لە کەیسەکەدا هەبووە، ناکرێت پەرواوێز بخرێت و ئەو منداڵانەی کە دێنەوە جارێکی دیکە هەڵەبجە بەجێدەهێڵنەوە بەهۆی هاوکاری نەکردنیان ".
باخان فەتاح پارێزەرە و لە دادگای هەڵەبجە کاری پارێزەری بۆ منداڵە ونبوەکان دەکات لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " بەهۆی نەبوونی سەنتەرێکی پێشکەوتوو بۆ پشکنینی دی ئێن ئەی هۆکاری سستی یەکلاکردنەوەی کەیسەکانە لە دادگاو، تێپەربوونی کاتێکی زۆر بەسەرتاوانی کیمیابارانی هەڵەبحە وەهای کردووە نەتوانرێت وەک پێویست کەس و کاری ئەوانە بدۆزرێتەوە کە سامپڵیان لێ وەربگرێت کە گەڕاونەتەوە".
لە کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا و لە 16-3-1988 زیاد لە 200 منداڵی هەڵەبجەیی لە وڵاتی ئێران لە نەخۆشخانە و کەمپەکاندا ونبوون ، لە دوای ساڵی 2003وە تەنها نزیکەی 11 مناڵ گەڕاونەتەوە، لەو ڕیژەیەش بەشێکیان بەهۆی بە هەڵە یەکلاکردنەوەی پشکنینەکانیان ڕووبە ڕووی دەرکردن بوونەتەوە و ساڵانەش کەس و کار و خانەوادەکانیان داوای دۆزینەوەیان دەکەن .
سەرەتا و بۆیەکەم جار لە ویلایەتە یەگرتووەکانی ئەمەریکا لە 25-5-1983 ڕۆژی منداڵانی ونبوو بەرزڕاگیرا، دوای ونبوونی مناڵێک لە ئەمەریکا بەناوی ئیتان باتز لە 25-5-1979 لە کاتی چوونی بۆ قوتابخانە ونبوو، لەچوارەم ساڵیادی ونبوونی لە ساڵی 1983، ڕۆناڵد ڕیگن سەرۆکی ئەو کاتی ئەمەریکا ڕایگەیاند ئەمڕۆ ڕۆژی منداڵانی ونبووە، لەدوای ئەو ڕوداوەو دواتر بە هەوڵی تێکۆشانی هەریەک لە ناوەندی جیهانی منداڵانی ونبوو- چەوساوەو منداڵانی ونبوو لە ئەوروپا و کۆمسیۆنی ئەوروپا ، هەمان ڕۆژ لە ساڵی 2001 دا دیاری کرا بە ڕۆژی جیهانی منداڵانی ونبوو، هەموو ساڵێک لە بەشێکی زۆر لە ووڵاتاندا ڕۆژی جیهانی منداڵانی ونبوو بەدروشمی لە یادم مەکە بەرز ڕادەگیرێت.
Your browser doesn’t support HTML5