پشێویەکانی بەغدا ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردن بەهێز دەکات

جارێکی تر ناکۆکی لەنێوان حکومەتەکەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و هێزەکانی حەشدی شەعبی سەریهەڵدایەوە، لە کاتێکدا گرژیەکانی ڕۆژی چوارشەممەی بەغدای پایتەختی عێراق، ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی مانگی ١٠ ی ئەمساڵی بەهێزترکرد.

گرژیەکانی ئەمڕۆی بەغدا ی نێوان حکومەت و میلیشیا شیعەکان، دوای دەستگیرکردنی سەرکردەیەکی باڵای حەشدی شەعبی هات لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانەوە، کە بە کوشتنی خۆپیشاندەران تۆمەتبارکرابوو.

هێزەکانی حەشدی شەعبی تۆمەتبارکردنی فەرماندەکەیان ڕەتکردەوە، لە نێو بەغدای پایتەختی عێراقدا هێزیان بڵاوە پێکرد و هەڕەشەیان لە حکومەتەکەی کازمی کرد، دەزگا ئەمنیەکانی عێراقیش هێزیان لەدەوروبەری ناوچەی سەوزی بەغدا جێگیر کرد، بەڵام دواجار حکومەت بەئازاد کردنی فەرماندەکەی حەشد ناچارکرا.

سەرچاوەیەکی باڵای عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، حکومەتەکەی کازمی بە بێ پشت و پەنا وەسفکرد، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند” کازمی لە ژێر فشاری خۆپیشاندرانی عێراقدا، سەرکردەکەی حەشدی دەستگیرکرد، کەچی حەشدیش ئەو ئاڵۆزیەیان دروستکرد کە بینیمان."

بە پێی وتەی سەرچاوەکە، کازمی لە نێوان فشاری خۆپیشاندران و هەڕەشەکانی حەشدی شەعبیدا گیرۆدە بووە.”

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، سەرچاوەی گرژیەکانی بەغدا نزیکی هەڵبژاردنە، هێزە شیعیەکان بۆ هەڵبژاردن ئامادە نین، بۆیە کوشتنی چالاکوانان دەخرێتە ئەستۆیان، گوایە دەیانەوێ پشێوی دروست بکەن و ڕێگە بەهەڵبژاردن نەدەن.

سەڵاح عوبەیدی وتەبێژی موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر، ئەوەی بۆ دەنگی ئەمەریکا پشتڕاستکردەوە، کە کوژرانی چالاکوانان و بارگرژیەکان، پەیوەندیان بەهەڵبژاردنەوە هەیە.

لە ئێستادا دۆخی ئەمنی بەغدا ناجێگیرە، هێزێکی ئەمنی زۆر بڵاوەیان پێکراوە، هێزەکانی حەشدی شەعبیش لە هەڕەشەکانیان بەردەوامن، سەرباری دروستبوونی نێوەنگیری لەنێوان کازمی و سەرکردەکانی حەشد.

سەرچاوەکەی دەنگی ئەمەریکا، جەختیکردەوە”ئەم پشێویانە دواخستنی هەڵبژاردنیان کردە ئەگەرێکی حەتمی."