بە ئامادەبوونی وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەنتەری ڕاهێنانی پیشەیی کرایەوە بۆ دەستبەرکردنی کار بۆ گەنجان لە پارێزگای هەڵەبجە بە پشتیوانی ڕێکخراوی بی ئێف زێد ی ئەڵمانی، بڕیاریشە لە ڕێگەی خولە پیشەیەکانەوە ڕاهێنان بە گەنجان بکرێت و فێری پیشەی جیاواز بکرێن.
کوێستان محمد، وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی لە وتەیەکدا ڕایگەیاند "کردنەوەی سەنتەرەکە دەتوانێت خزمەتێکی گەورە بە گەنجان بکات، بڕوانامەکانی سەنتەرەکەمان نێودەوڵەتیە و لە هەرێم و عێراق و دەرەوەشدا کاری پێدە کرێت، دەمانەوێت لەگەڵ کۆمپانیاکان گرێبەست بکەین بۆ فیرکردنی گەنجان بە پیشەی جیاواز و خوێندکارانی زانکۆش ئەوانەی وانەی پراکتیکیان هەیە بێن لەسەنتەرەکان وانەکانیان بخوێنن، بۆ ئەوەی هەلی کار و بیرۆکەی کاری نوێ فێرببن "
یانک سکایسەر، بەڕێوبەری پڕۆژەکانی ئۆفیسی نیودەوڵەتی بی ئێف زێد لە هەرێمی باڤاریای ئەڵمانیا دەڵێت "ڕێکخراوەکەمان یەکێکە لەگەورەترین ڕێکخراوەکان، کار بۆگەشەپێدان بە کارە پیشەییەکان دەکات و پەیوەندی لەگەڵ زۆربەی وڵاتان هەیە ، ماوەی شەش ساڵیشە لەڕێگەی کارو کاروباری کۆمەڵایەتیەوە کار بوپێشخستنی سیستەمی کاری پیشەیی دەکەین، ئێمە زۆباش لە دۆخی کوردستان لەڕووی ئابوری و بێکارییەوە ئاگادارین و دەزانین بەشێک لە گەنجان کۆچ دەکەن بەرەو هەندەران ، دەمانەوێت هاوکاریان بین بۆ ئەوەی کۆچکردن کەم بکەینەوە."
وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی خاوەنی شەش سەنتەری پیشەییە لە هەرێمی کوردستاندا،لە سەنتەرەکەدا گەنجان دەتوانن خولەپیشەییەکان لە بواری دروومان، کارەبایی،میکانیکی چەندین خولی دیکە لە ڕێگەی کەسانی شارەزاوە ببین و دواتر ببنەخاوەن پیشەی خۆیان، بە وتەی وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
ئامارەکانی بێکاری لە هەرێمی کوردستاندا تاوەکو ئێستا بە ژمارە دیارنین، بەڵام کۆچی فراوانی گەنجان بۆدەرەوە بەهۆی خراپی دۆخی ئابورییەوە،کاریگەری گەورەی لەسەر گەنجان داناوە و ئامارەکانی بێکاری بەرەو هەڵکشان بردووە.
زانیاری زیاتر لەم ڕاپۆرتەی فەرحان هەورامانی، پەیامنێری دەنگی ئەمەریکادایە.
Your browser doesn’t support HTML5