سەرۆکی دەزگای هەواڵگری میسر سەردانی فەلەستین دەکات

سەرۆکی دەزگای هەواڵگری وڵاتی میسر دەگاتە ناوچە فەلەستینییەکان بۆ بەدواداچوون لەسەر ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و ڕێکخراوە چەکدارەکان لە کەرتی غەززە.

ئەو ئاگربەستە بە ناوبژی وڵاتی میسر هاتە ئاراوە پاش ئەو قەیرانەی یازدە ڕۆژ بەردەوام بوو.

حوسەین ئەلشەیخ، وەزیری کاروباری سیڤیلی فەلەستینییەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویە، عەباس کامل بۆ مەبەستی تاوتوێکردنی دواترین پەرەسەندنەکان لەگەڵ دەسەڵاتی فەلستینییەکاندا ئەم سەردانە دەکات و نوسیویشیە " لەگەڵ سەرۆکی دەزگای هەواڵگری میسردا هەڵسەنگاندن بۆ ڕەوشی شاری قودس و پێرۆزییەکانی ئەم شارە دەکەم و هەروەهاش دۆسێی ئاوەدانکردنەوەی غەززە و دیالۆگی نیشتمانی فەلەستینییەکانیش باس دەکەین."

ڕۆژی 20ی مانگی 5، ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس گەیشتنە ڕێککەوتنی ئاگربەست و لە 21ی مانگیشەوە ئەو ڕێککەوتنە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.

لە ئاکامی ئەو قەیرانە 11 ڕۆژییە، 258 فەلەستینی کوژراون، بەپێی وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە و دەشڵێت لە سەرجەم ئەو ژمارەیە 66 کەسیان منداڵ بوون.

دامەزراوە تەندروستییەکانی ئیسرائیلیش دەڵێن 12 ئیسرائیلی کوژراون و منداڵێک و هەروەها ژنێکی عەرەبیش لەنێو کوژراوەکاندان.

عەبدولفەتاح ئەلسیسی، سەرۆکی میسر پەیمانی دابینکردنی 500 ملیۆن دۆلاری داوە وەک یارمەتیدان بۆ هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە.