موزیک لە ژیانی مرۆڤدا ڕۆڵێکی گەورە و گرانی هەیە، موزیک دەتوانێت بمانباتەوە بۆ دنیای یادەوەرییەکان و لەناو هەست و سۆزێکی ڕاستەقینەدا بمانهەژێنێت.
دەشێت موزیکزەنەکان لە هەموو کەس زیاتر هەست بە ڕاستییەکان و کاریگەرییەکانی موزیک بکەن.
موزیک خاوەنی نهێنییەکی ئێجگار سەیرە و ئەو نهێنییەش بە ئەفسونی موزیک ناودێر دەکرێت و لە زمان و لە ڕۆحی خۆیدا حەشاریداوە.
زمانی موزیک، زمانێکی هاوبەشی جیهانییە، زمانێکە مرۆڤەکان لە هەرچ شوێنێکی ئەم دنیایەدابن دەتوانن چێژی لێوەربگرن بەبێ ئەوەی پێویستیان بە وەرگێڕان بێت، هەر بۆیەشە دەگوترێت "موزیک زمانێکی جیهانییە."
زۆرێک لە فەیلەسوفە ناودارەکانی مێژووی مرۆڤایەتی، بە وردی باسیان لە گرنگی و کاریگەرییەکانی موزیک کردووە، وەک ئەوەی ئەفلاتون دەڵێت "موزیک بریتییە لە یاسایەکی ئاکاری."
سروشت وەک بارێکی ئاسایی سەرچاوە هەرە دێرینەکەی موزیکە، جا لە جریوەی چۆلەکەیەکەوە تا خوڕەی ئاو و دەنگی لەرینەوەی گەڵاکان و گرمەی هەور و سەدای شەماڵ تا دەگاتە ترپەکانی دڵی باران و هەتادوایی، چەشنێکن لە زمان و ئاوازی موزیک ئامێز.
یەکێک لە تایبەتمەندێتییەکانی موزیک ئەوەیە، هەرگیز ناتوانرێت لە شوێنێکی دیاریکراودا، بۆ نمونە لە هۆڵێکدا سنوردار بکرێت، یان ڕاستتر بڵێم کۆتوبەند بکرێت چونکە ئەمە ئەو ژانرە هونەرییەیە کە بڕوایەکی تەواوی بە فڕین هەیە و سنور ناناسێت.
میوانی بەرنامە:
ئاسۆ دیلان هونەرمەندی موزیک
لەگەڵ ئەوەشدا موزیک جۆری زۆری هەیە و پێناسەی جیاوازیش هەڵدەگرێت بەڵام هاوبەشییەکی گەورەشی هەیە لەو ڕوانگەیەوەی ڕۆدەچێتە هەموو بوارەکانی ژیانمانەوە و ئەوکاتەی خەمبارین، ئاوازێکی خەمبار هەڵدەبژێرین تا بە ڕۆح گوێی لێبگرین و ئەو کاتانەش کە خۆمان بە شادمان دەزانین ئەوا خۆمان لەبەردەم ئاوازێکی شادماندا ئاوەڵا دەکەین.
ئاسۆ دیلان یەکێکە لەو هونەرمەندە دیارانەی نەتەوەکەمان کە خەمی موزیکی لە کۆڵ ناوە و لە ڕێی موزیکەوە خۆی ئاشنا دەکات بە ڕۆحی هەموومان.
کارە هونەرییەکانی ئەم هونەرمەندەمان هەر لە زەنینی موزیکدا نییە، بەڵکو دەشخوازێت لەم زەمەنەنی تەکنەلۆژیایەدا کارە هونەرییەکانی هونەرمەندانی تر بە زیندوێتی بهێڵێتەوە و بە دوریشی نازانم ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەم هەوڵە ناوازەیەی ئەم هونەرمەندە بەهرەمەندەمان ببێتە ئەرشیفێکی گەورەی هونەریی بۆ نەتەوەکەمان.
لە بواری هونەردا قسەیەک زۆر باوە و دەگوترێت "ڕەنگدانەوەی هونەر لەو هونەرمەندەدایە کە نوێنەرایەتی دەکات." جا بە دڵنیاییەوە زیادەڕۆیی نییە گەر بڵێم ئەم قسەیە ڕێکوڕەوان پڕ بە بەری بەژنی ئاسۆ دیلانی هونەرمەندە.
بۆچی لەگەڵ پێشکەوتنەکانی موزیکدا، ڕەخنە و لێکۆڵینەوە لەسەر هونەری موزیک نەیتوانیوە هەنگاوێ گەورە بنێت؟
ئایا بە کوردی کردنی ئاواز و گۆرانییەکان دەچنە خانەی موزیکی کوردییەوە؟
ئایا کۆنسێرتە کورییەکان توانیویانە سەرنجی ئامادەبووان بەلای خۆیاندا ڕابکێشن؟
ئاسۆ دیلان، هونەرمەند لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا، وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسیاری تریش دەداتەوە.
Your browser doesn’t support HTML5