ئافریکای ناوەڕاست 6 سەربازی چاد دەکوژێت

حکومەتی چاد، کۆماری ئافریکای ناوەڕاست گوناهبار دەکات بە کوشتنی 6 سەرباز لە هێرشێکدا بۆسەر بنکەیەک لە باشوری وڵاتەکەدا و ئەم هێرشەشی بە "تاوانی جەنگ" ناودێرکردووە و دەشڵێت بەبێ سزادان تێپەڕنابێت.

شەریف مەهمەت زەنە، وەزیری دەرەوەی وڵاتی چاد لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ دووشەممەیدا دەڵێت " هێزە سەربازییەکانی ئافریکای ناوەڕاست سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە هێرشیان کردۆتە سەر بنکەیەک لە سۆورو لە چاد و یەک سەربازیان کوشتووە و 5 سەربازیش بریندارن و 5 سەربازیشیان ڕفاندووە و دواتر لە ناوچەی مبانج لەناو ئافریکای ناوەڕاستدا کوشتویانن."

کۆماری ئافریکای ناوەڕاست، وەک بارێکی ئاسایی وڵاتی چادی دراوسێی لە باکور، گوناهبار دەکات بە پشتیوانی ڕێکخراوە سەرهەڵداوەکانی لەناو چادن.

کاربەدەستێکی ئاسایشی چاد، بەومەرجەی ناوی نەهێنرێت بە ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پرێسی ڕاگەیاندووە "سەربازەکانی ئافریکای ناوەڕاست بەدوای سەرهەڵداوانی یەکێک لەو ڕێکخراوە چەکدارانەوە بوون کە لەناو چاددا جموجۆڵیان هەیە."

ئەو سەرهەڵداوانە ئەندامی ڕێکخراوی "یەکگرتوویی بۆ ئاشتی ئافریکای ناوەڕاست"ن و یەکێکە لە ڕێکخراوە بەهێزە چەکدارەکانی کۆماری ئافریکای ناوەڕاست و بەشێکە لەو هاوپەیمانێتییەی هەوڵی ڕوخاندنی ڕژێمەکەی سەرۆک فاوستن ئارچانگ توادێرا دەدات، وەک کاربەدەستە ئاسایشییەکە ئاماژەی پێکردووە.

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، دەسەڵاتدارانی ئافریکای ناوەڕاست وەڵامی داوای ئاژانسی فڕانس پرێسیان نەداوەتەوە لەسەر ئەم ڕاگەیەندراوەی وڵاتی چاد.

ئەو بنکەیەی سۆورو لە نزیک گوندی مبێرێ، بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزیری دەرەوەی چاد لە بەرەبەیاندا هێرشی کراوەتە سەر.

هاوپەیمانێتی دژە توادێرا، لە شەش ڕێکخراوی سەرهەڵداو پێکدێت و پێشتر نزیکەی دوو لەسەر سێی کۆماری ئافریکای ناوەڕاستیان کۆنترۆڵ کردبوو، بەڵام لە هەوڵەکەیاندا بۆ ڕوخاندنی حکومەتەکەی توادێرا شکستیان هێنا.
سەرۆکی ئافریکای ناوەڕاست لە مانگی 12ی ڕابردوودا جارێکی تر بە سەرۆکی وڵاتەکەی هەڵبژێردرایەوە.