بەهۆی تەقینەوەیەک لە ڕێگای نێوان حەسەکە و هۆل کەسێک دەکوژرێت و 4 کەسیش بریندار دەبن

سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ماتۆرێکی بۆمبڕێژکراو لە گوندی حومر کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی حەسەکە لە سەر ڕێگای نێوان حەسەکە و هۆل لە باکوری سوریا تەقییەوە.

لە ئەنجامی ئەو تەقینەوەیەدا هاووڵاتییەکی سڤیل گیانی لەدەستدا و چوار هاووڵاتی تریش بریندار بوون لە ناویاندا منداڵێکیش.

هێزەکانی ئاسیشی ناوخۆ لە ڕاگەیاندراوێکدا زانیارییان لەسەر تەقینەوەکە بڵاو کردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی هێزە ئەمنییەکاندا هاتووە "تەقینەوەکە لەسەر ڕێگای نێوان حەسەکە و هۆل ڕوویداوە،ماتۆرەکەی کە لە دوورەوە کۆنترۆڵ کرابوو بە ئۆتۆمبیڵی کەسیکی سڤیلدا تەقییەوە کە لە هۆلەوە بەرەو حەسەکە دەچوو."

حەمزە عەوێد لە گوندی حومر لە کاتی تەقینەوەکە نزیک شوێنی ڕووداوەکە لە سەر کار بوو، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند بینی ماتۆڕێک لەسەر ڕێگەکە ڕاوەستابوو پاشان تەقییەوە. عەوێد گوتی " ماتۆرێک لە پێشمان بوو کاتێک ئۆتۆمبێلێک لەوێوە تێپەڕبوو ماتۆڕەکە تەقییەوە، کەسێک کوژراو و چوار کەسی تریش بریندار بوون کە یەکێکیان منداڵ بوو."

بە پێی زانیارییەکان تەقینەوەکە لە نزیک خاڵی پشکنینی چوونە ناو شاری حەسەکەوە ڕوویداوە.

شایەنی باسە هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ کەسو لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لەم تەقینەوەیە ڕانەگەیاندووە، بەڵام بەم دواییانە شانەکانی داعش تەقینەوەی هاوشێوەیان زۆر ئەنجام داوە. دانیشتوانی ناوچەکەش دەڵێن هەندیک جار خێڵە عەرەبەکانیش تۆڵە یەکتر بەم شێوەیە دەکەنەوە.

حەسەن فرێح کە لە شوێنی ڕووداوەکە بوو دەڵێت ناوچەکە تایبەتمەندی خێڵ و عەشرەتی هەیە، و زۆرجار تۆڵەکردنەوە لەیەکتر دەبێتە هۆی شەڕ و کوشتن و تەقینەوە.

ئەو بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "ئەو کەسانەی کە کرابوونە ئامانج هەمویان خەڵکی سڤیلن و هیچ چەکداری تێدا نەبووە، دەکرێ هەر شەڕی ناوخۆیی بوبێت."

شایانی باسە داعش لە ناوچەی هۆل و باشوری حەسەکە و دێرازۆر زۆر چالاکبووە و بە درێژایی سێ مانگی ڕابردوو نزیکەی 68 هێرشیان ئەنجام داوە کە زۆربەیان تەقینەوە بوون.

لە هەمانکاتدا هێزە ئەمنییەکانی ناخۆ و هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بە پشتیوانی هێزی هاوپەیمانان ئۆپەراسیۆنی تایبەت لە دژی شانە شاراوەکانی داعش ئەنجام دەدەن.

Your browser doesn’t support HTML5

زانا عومەر