سکرتێری حیزبی شیوعی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، ڕابەرایەتیکردنی خەڵک و شەقام، تەنها بە وروژاندن ناکرێت، ڕابەرایەتیکردن تەنها چالاکیەک نییە، یاخود خۆپیشاندانێکی کاتی نییە و تەواوبێت، بەڵکو پێویستی بە بەرنامەیەکی دوور و درێژ هەیە، کە ئامانج چاککردنی دۆخەکە بێت، نەک تێکدانی دۆخی سیاسی و ئەمنی خەڵک.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، دکتۆر کاوە مەحمود سکرتێری حیزبی شیوعی کوردستان دەڵێت "دەبێت ڕەخنە لە کەم و کوڕیەکانی دەسەڵات بگرین و هێزی فشار دروست بکەین، ئێمە بیر لە کودەتای سیاسی ناکەینەوە، بەڵکو بیر لە تێکۆشانێکی بەردەوام دەکەین، تا بەرگری لەبەرژەوەندیەکانی خەڵک بکەین."
جەختیکردەوە " ئەو بۆچوونەی لای هێزە دەرەکیەکان دروستبووە هەڵەیە، گوایە کوردستانی باشور تاریکستانە، مەسەلەکە بەو شێوە نییە، بەڵێ قەیران هەیە، کەم و کوڕی هەیە، بەڵام خەڵک هەیە بەشێوازی جیاجیا تێدەکۆشێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەکان بەشێوازێکی نیشتمانی."
سکرتێری حیزبی شیوعی کوردستان، پێیوایە مەترسیەکانی سەر قەوارەی سیاسی هەرێم زۆرن، بەتایبەت هێزە عێراقیەکان کاتێک لاوازبوون بەدەستور ڕازی بوون، بەڵام ئەو بابەتانەی پەیوەندیان بەفیدراڵیەتی عێراقەوە هەیە پێوەی پابەند نەبوون، ئەمە جگە لەوەی شانازیش دەکەن بە پابەند نەبوون بەهەندێک مادەی دەستورەوە، یاخود باسی هەموارکردنەوەی دەستوریش دەکەن، بەکردەیی عێراق دەوڵەتێکی ناوەندێتی ڕەهایە، وتی"هەڵوێستی وڵاتانی دەوروبەر بەرامبەر هەرێم مایەی مەترسیە، ئینجا نەبوونی سەقامگیری و خراپی پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسیەکان، نەبوونی ستراتیژیەتی نیشتیمانی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووداوەکان و لەگەڵ بەغدا و دەوروبەر، ئەمە وایکردووە پێگەی هەرێم لاواز ببێت."
سەبارەت بە گوێڕایەڵی نەکردنی وڵاتانی هاوپەیمانان کە هاوکاری هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ خۆ بەهێزکردن، دکتۆر کاوە مەحمود وتی"هاوپەیمانان تاسەر پاڵپشت نابن، بابەتەکان پەیوەندیان بەبەرژەوەندی خۆیانەوە هەیە و بەرژەوەندیەکانیان لەگۆڕاندایە، بینیمان دوای چەند ساڵ مانەوە لە ئەڤغانستان، ئێستا دەکشێنەوە، دەبێت گەلی کورد پشت بەهێز و توانای خۆی ببەستێ."
وتیشی"لەم هەل و مەرجەدا بابەتی دەستور هێنراوەتە پێشەوە، کەچی هەندێک لایەن بەوانەشەوە کە لەنێو دەسەڵاتدان تەگەرە دروست دەکەن، ئێمە وەکو حیزبی شیوعی و هەندێک لایەنی چەپ، پرۆژەیەکمان پێشکەش بە سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمان کردووە، تا لیژنەیەک دانرێت و هیچ لایەنێکی لێ بەدەر نەبێت، گوێ لەخەڵکانی ئەکادیمی و کۆمەڵگەی مەدەنی بگیرێت."
دەربارەی مەترسیەکانی لەشکرکێشی تورکیا بۆ ناوچە سنوریەکانی هەرێم، دکتۆر کاوە مەحمود وتی"مەترسیەکان گەورەن، ئەمە بەشێکە لە ستراتیژیەتی تورکیا کە هەمیشە بیر لە تەحویلکردنی کێشە ناوخۆییەکانی بۆ دەرەوە دەکاتەوە، بۆیە هەمیشە دەستوەردان لەکاروباری کوردستانی ڕۆژاواو باشور دەکات، ئینجا حکومەتی ناوەندیش بێدەنگە، گەر بەشێوەیەک لە شێوەکان ڕازیش نەبێت، لەکاتێکدا هەرێم خاوەنی سەروەری نییە، تا داکۆکی لەخۆی بکات."
لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، دکتۆر کاوە مەحمود سکرتێری حیزبی شیوعی کوردستان، پێیوابوو سەرباری گیرۆدەبوونی هەرێم بەدەست قەیرانەوە، بەڵام مانای داخرانی دەرگاکان نییە، چونکە دەروازەیەک هەیە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان، بۆیە ئەرکی هەموو لایەکە ئاراستەی لۆژیکی و واقیعیان هەبێت، بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم.
Your browser doesn’t support HTML5