بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی قەزاوناحیەکانی کەرکوک، ئاماژە بەوەدەکات هێزێکی پۆلیسی فیدراڵی چوونەتە نێو گرتووخانەکانی کەرکوک کە داعشیان تێدایە و بەدوای موبایل و بەڵگەدا گەڕاون، چونکە گومان دەکرێت زیندانیەکان لەژوورەوە زانیاریان بە داعش دابێت.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، عەمید سەرحەد قادر ڕەتیکردەوە ئەو هێزەی چوونەتە سەر گرتووخانەکانی کەرکوک سەر بە حەشدی شەعبی بن، وەک لە زۆرێک لەمیدیاکان بڵاوکرایەوە، گوتی "پۆلیسی فیدراڵی چوونەتە سەر گرتووخانەکە، بەدوای موبایلدا گەڕاون، چونکە گومان دەکرێت لە گرتووخانەکەوە قسە لەگەڵ داعش کرابێت، ئینجا زانیاریش لەبەغداوە بۆ کەرکوک هاتووە، گوایە داعش دەیەوێت پەلاماری گرتووخانەکان بدات کە داعشیان تێدان."
جەختیشیکردەوە"لەماوەی ئەم هەفتەدا، لەڕەحیماواو چەند شوێنێکی کەرکوک، دروشمی داعش لەسەر دیوارەکان نوسراوە، ئەمە ئاماژەیە بۆ کەوتنە جوڵەی شانە نوستووەکان."
لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا، هەواڵی گواستنەوەی حوکمدراوە داعشەکان لەگرتووخانەی سوسێی نزیک سلێمانیەوە بۆ خوارووی عێراق بڵاوبوویەوە، لەوبارەیەوە عەمید سەرحەد دەڵێت"چەند شوێنێک هەن حوکمدراوی داعشیان تێدایە، بەتایبەت گرتووخانەی سوسێ، بۆیە هەندێک لە حوکمدراوەکان گواستراونەتەوە بۆ ناسریە و بەغدا لەلایەن عێراقەوە، ڕەنگە ئەوانەی کەرکوکیش بۆ ئەوێ برابن."
بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی قەزاوناحیەکانی کەرکوک، ڕوونیشیکردەوە داعش لە دەوروبەری موسڵ کۆبوونەوەی ئەنجامداوە، هێزی بەچەکی قورسەوە لە سوریاوە بۆ عێراق هێناوە، ئەوان خۆیان بۆ ئاڵۆزبوونی دۆخی عێراق و قۆستنەوەی ململانێکانی نێوان حکومەت و هێزە شیعیەکان ئامادە دەکەن، وتی"داعش دەزانێت تا لەهەڵبژاردن نزیک بینەوە، وەزعی عێراق ئاڵۆزتر دەبێت، بۆیە خۆیان بۆ گۆڕانکاریەکان ئامادە دەکەن."
دەربارەی دروستکردنی ژووری هەماهەنگی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لەناوچە کێشەلەسەرەکان، عەمید سەرحەد ئاماژەی بەوەکرد دروستکردنی ئەو ژوورانە کاریگەریان لەسەر دۆخی ئەمنی نابێت، تەنانەت گەر لیوایەکی پێشمەرگەش بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە سودی نابێت، چونکە دۆسیەی ئەمنی و سەربازی و ئیداری لای هێزە عێراقیەکانە، وتی"سنوری بەرفراوان هەیە کە چۆڵە، داعش بەئاسانی تێیاندا جم و جۆڵ دەکات، تەنانەت ئەم ماوە لەسنوری شوان و ئاڵتون کۆپریش چالاکیان کردووە."
Your browser doesn’t support HTML5