لەشەڕی نێوان یارسانی و جافەکانی ئێراندا 14 کەس کوژراون و برینداربوون، مەترسی گەورەبوونەوەی شەڕەکە لە ئارادایە

مەترسی گەورەبوونەوەی شەڕی نێوان دوو بنەماڵەی یارسانی و جافی سونی لە کوردستانی ئێران لە ئارادایە، کە هۆکاری دروستبوونی شەڕەکە لەسەر زەوی و زارە، بەڵام ڕێکخراوە کوردیەکانی ئێران، هۆشداری دەدەن لە گەورەبوونەوەی شەڕەکە بۆ شەڕی نێوان یارسانی و سونە.

لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە گوندەکانی کۆیک و قەڵاواری سەر بە سەرپێڵ ی زەهاوی کوردستانی ڕۆژهەڵات، شەڕ لەنێوان دوو بنەماڵەی یارسانی و جافی سونەدا دروستبووە، دواتر شەڕەکە گەورەبووەتەوە، کە بەپێی وتەی ڕێکخراوە کوردیەکانی ڕۆژهەڵات، 5 کەس لە جافە سونەکان کوژراون و 14 کەسیشیان لێ برینداربووە، بەڵام جافەکان ئەوەیان بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕەتکردەوە، ئاماژەیان بەوەکرد دوو پیاو و ژنێکیان لێ کوژراوە و 11 کەسیشیان لێ برینداربووە، کە برینی یەکێک لەبریندارەکان سەختە و فیشەک بەر سەری کەوتووە.

گەرچی لە ئێستادا دۆخەکە هێوربووەتەوە، بەڵام بەرپرسانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو کە ڕێکخراوەکەیان تایبەتە بە ئیشکردن لەسەر کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (ئێران)، ترسی ئەوەیان هەیە دەستی سیاسی و هەندانی سەلەفیە "توندڕەوەکان" شەڕەکە بۆ شەڕی ئاینی گەورە بکاتەوە.

ئەرسەلان یارئەحمەدی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی هەنگاو، بەدەنگی ئەمەریکای وت"بەهۆی شەڕی نێوان یارسانەکان و جافە سونەکانەوە، تا ئێستا 5 کەس کە یەکێکیان ژنە لە جافەکان کوژراون و 14 کەسیشیان لێ برینداربووە، گروپە سەلەفیەکان دەیانەوێت شەڕەکە گەورە بکەنەوە."

بەڵام سەرچاوەیەک لە بنەماڵەی جافە سونەکان کە دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی پێوەکرد، ئاماژەی بەوەکرد ژنێک و دوو پیاویان لێکوژراوە و 11 کەسیشیان لێ برینداربووە، کە یەکێک لە بریندارەکان ژیانی لەمەترسیدایە و فیشەک بەر سەری کەوتووە.

بەپێی وتەی ئەرسەلان یارئەحمەدی، یارسانەکان ترسیان هەیە لەوەی جافە سونەکان هێرش بکەنە سەر مەزارگەی باوەیادگار، کە مەزارگەیەکی پیرۆزە لایان، بۆیە نزیکەی 600 چەکداریان بە شاخی داڵاهۆدا بڵاوە پێکردووە، ئەمەش مەترسی گەورەبوونەوەی شەڕەکەی دروستکردووە، وتی"دۆخەکە هێوربوویەوە، بەڵام لەشەوی ڕابردووەوە گرژی هەیە، چونکە هەندێک مەلا فەتوایان داوە."

لەبەرامبەردا، سەرچاوەکە لە بنەماڵەی جافەکان، ئاماژەی بەوەکرد مەترسی گەورەبوونەوەی شەڕەکە لە ئارادانیە، چونکە دوو پەرلەمانتاری کوردی ئێران هاتوونەتە نێو مەسەلەکەوە، هەرچەندە لەسەر گۆڕستان کەس و کاری کوژراوەکان ڕێگەیان پێنەداون قسەبکەن، بەڵام دواتر بەهەوڵی ئەوان سەید جەلالەدین ی کوڕی سەید نەسرەدین ی پێشەوای یارسانەکان شەوێک دەستگیرکراو دواتر ئازادکرا، گرتنەکەشی بۆ دڵدانەوەی جافەکان و ئازادکردنەکەشی بەخێرایی بۆ پێشگرتن بوو لە توڕەیی یارسانەکان، وتی"هێزە ئەمنیەکان ڤیدیۆی شەڕەکەیان بردووە، تا بزانن کێ ئەو خەڵکانەی کوشتووە، تا سزا بدرێن، ئێمە چاوەڕێین."

جەختیشیکردەوە"یارسانەکان هێزیان لابردووە، بنەماڵەی جافەکانیش لەگوندەکانیانن و هێزی ئێرانی لایان جێگیربوون."

ئاسەی سەید نەسرەدین ی پێشەوای یارسانەکانیش بۆ ڕێگرتن لە گەورەبوونەوەی شەڕەکە پەیامێکی بڵاوکردۆتەوە، دەڵێت"داواکاری پیر و پێشەوای یارسان، ئاسەی نەسرەدین حەیدەری، وە ئیل قەڵخانی، وە بۆنەی قاڵ و ئاژاوەیەک کە ئیمرو، لەبەین برایەیل ئەهل سونەت جاف ناوچەکە، وەل مەردوم قەڵخانی هاتۆتە ئاراوە، ئاسەی نەسرەدین لەمەردوم قەڵخانی خوازیارە، کە برایی دوور و درێژیان وەل براو هاوسێیەیل جافمانا پارێزراو بوت، وە درێژە وەی شەڕ و ئاژاوە نەیریەت، ئومێدەوارم گەورایل لایەن وەرانوەریش بێ هەڵوێست نەبن."

دەربارەی پەیامەکەی ئاسەی سەید نەسرەدین، سەرچاوەکەی بنەماڵەی جافەکان کە بەهەوڵێکی باشی زانی بۆ گەورەنەبوونەوەی کێشەکە بۆ شەڕی سونی و یارسانی، وتی"بەڵام کێشەکە ئەوەیە، بنەماڵەی جافەکان کە لێیانکوژراوە، پێش بومەلەرزەکەی ساڵی 2017، زەوی و زاریان لە یارسانەکان کڕیووە و کردوویانەتە دار گوێز، بەڵام ئەوان پەشیمان بوونەتەوە."

ئەرسەلان یارئەحمەدی ئەندامی دەستەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەپاڵ مەترسی گەورەبوونەوەی شەڕەکە، مەترسی ئەوەشی هەبوو کە هێزەکانی ئێران لە سنوری داڵاهۆ بەبیانووی ئەو شەڕەوە هێز جێگیربکەن، لەکاتێکدا ئەو ناوچەیە بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد گرنگە، وتی"بەخەڵکەکەیان وتووە، ناکشێینەوە و بنکەوبارەگا دادەنێین."

مەترسی سەرهەڵدانی شەڕی کورد بە کورد لە ئێران، لەکاتێکدایە ئەمڕۆ شەمە، لەناوچە سنوریەکانی هەرێم 5 پێشمەرگە گیانیان لەدەستدا، وەزارەتی پێشمەرگە هێزەکانی پەکەکە بەکوژرانی ئەو پێشمەرگانە تۆمەتبار دەکات، ئەمەش مەترسی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی لێکەوتووەتەوە.

Your browser doesn’t support HTML5

دڵشاد ئەنوەر