ڕۆژی شەممە پێج پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە دەڤەری ئامێدی گیانیان لەدەستدا و چوار پێشمەرگەی تریش بریندار بوون. کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان دەڵێن ئەو پێشمەرگانە لایەن پەکەکەوە بۆسەیان بۆ دانراوەو هێرشیان کراوەتە سەر، ئەم ڕووداوەش کاردانەوەی جۆراو جۆری لێکەوتووەتەوە.
هەردوو سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی حکومەتی هەرێم مەسرور بارزانی بە ڕێگای تویتەر ئیدانەی ئەو هێرشەیان کردووەو تیایدا پەکەکە بە ئەنجامدانی هێرشەکە تاوانبار دەکەن.
سەبارەت بە چۆنیەتی ڕووداوی ئەو گرژی و ئاڵۆزیانە و گیان لەدەستدان و برینداربوونی ئەو پێشمەرگانە عەمید عوسمان محەمەد ڕیشە بەڕێوەبەری گشتی ڕاگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزێکی پێشمەرگە لە چیای مەتین لە دەڤەری ئامێدی لە کاتی چوونیان بۆ ئەرکی خۆیان لە لایەن هێزێکی پەکەکەوە بۆسەیان بۆ دادەنرێت و هێرشیان دەکرێتەسەر لە ئەنجامدا پینج پێشمەرگە شەهیدبوون و چوار پێشمەرگەی تریش بەداخەوە برینداربوون حاڵەتەکە حاڵەتێکی نەخوازراوە ئێمە حەزمان نەدەکرد هیچ کێشەیەک لەو ناوچانە ببێت و پەکەکە بەردەوام بەربەستە لەسەر ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانە و ڕێگری دەکات لەوەی کە هێزەکانی پیشمەرگە لەناو بارەگاکانی خۆیاندا بمێننەوە وەک ئەوەی کە پێشتر هەبووە".
سەبارەت بەو گرژی وئاڵۆزیەی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە و هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە زاگرۆس هیوا گوتەبێژی کەجەوە کرد بەڵام وەڵامی نەدایەوە.
هەر لەسەر ئەو ڕووداوە بەپێی میدیاکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا ناوەندی چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل هەپەگە ئاشکرایان کرد کە بەمەبەستی هۆشداریدان بە پەدەکە بە چەکی سوک تەقەی ئاسمانیان کردووە بەڵام زریپۆشێکی چەکدارەکان گوێی نەدا بە هۆشدارییەکانی گەریلا و بەردەوامبوو لە پێشڕەویی، دواتر ڕوون نەبووەتەوە کە مین بەو زریپۆشەدا تەقیوەتەوە یان لە لایەن سوپای تورکیاوە بۆردومانکراوە.
سەبارەت بە هەڵویستی پەرلەمانی عێراق لەمەڕ ئەو گرژی و شەڕ و سنوربەزاندن و پێشێلکردنەی سەروەری خاکی عێراق، ناسڕ هەرکی بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" بڕیارە شاندێکی هاوبەش لە پەرلەمانی عێراق و کوردستان سەردانی پارێزگای دهۆک و لە نزیکەوە سەردانی ئەو ناوچانە بکات کە ئێستا گرژی و ئاڵۆزی تێدایە، عێراق بووەتە گۆرەپانی ململانێی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی بەرژوەندیەکانی خۆیان، سەروەری عێراق لە هەموو لایەکەوە پێشێلکراوە و نەپارێزراوە و تا ئێستا عێراقیش نەیتوانیوە پارێزگاری لەسەر سەروەری خاکی عێراقیەکان بکات".
ڕووداوی گیانلەدەستدان و برینداربوونی ئەو پێشمەرگانە کاردانەوەی بەرفراوانی لەئاستی جیاجیادا بەدوای خۆیدا هێناوە.
لە لایەکی ترەوە لە درێژەی ئەو گرژی و ئاڵۆزیانەی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و تورکیا بەپێی کاربەدەستانی کەمپی ڕوستەم جۆدی لە مەخمور کەمپەکە لە لایەن فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیاوە بۆردومانکراوە کە تایبەتە بە پەنابەرانی تورکیا و چەندین ساڵە لەو کەمپەدا نیشتەجێن.
حاجی کاچان هاوسەرۆکی ئەنجومەنی کەمپی ڕوستەم جۆدی لە مەخمور بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" ئەم هێرشە بۆ نێو کەمپ بووە ئەو جێگایەی کە بۆدومانکراوە گۆڕەپانی قوتابخانە و پارکی گشتی بووە بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە تەنها ئەم جارە ئامانج لە هێرشەکە کە بۆ نێو کەمپ ئەنجامدراوە بۆ ئەوەیە تا گەلی ئێمە بترسێنێت".
هەر سەبارەت بەو هێرشەی فرۆکەکانی تورکیا بۆ سەر کەمپی ڕۆستەم جۆدی لەمەخمور، ڕەشاد گەڵاڵی جێگری مەڵبەندی هەولێری یەکێتی نشتیمانی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای وت" کاتژمێر دوو و چارەکێک فرۆکە جەنگیەکانی تورکیا بە موشەک کە ئاراستەی پارکێکی منداڵانی کردووە لە نزیک خوێندنگەیەک سێ هاوڵاتی شەهید بوون و دووی تریشی برینداربوون، ئەو شوێنە گەریلا و چەکدار و بارەگای سەربازی تێدا نییە کەوتووەتە دەرەوە لە ڕۆژئاوای کەمپەکە واتا نەکەتووەتە نێو ماڵان لە سەنتەری کەمپەکە".
جێی باسە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و تورکیا بۆ ماوەی چەندین ساڵە لە ناوچەکەدا بەردەوامی هەیە.
Your browser doesn’t support HTML5