2 وڵاتی ئەوروپا لێکۆڵینەوە لە سامانی سەرۆکی بانکی نێوەندی لوبنان دەکەن

ڕیاز سەلامە، سەرۆکی بانکی نێوەندی لوبنان

دوابەدوای دەسەڵاتی دادوەری سویسرا، دەسەڵاتی دادوەری فەڕەنسا وردبینی لە دۆسێی سامانەکانی سەرۆکی بانکی نێوەندی لوبناندا دەکات لە ئەوروپادا.

ڕیاز سەلامە، بۆتە کەسێکی بێزراو لەلایەن گەلی لوبنانەوە هاوکاتی ئەوەی هەروادێ و ئەم وڵاتەی سەر دەریای ناوەڕاست نوقمی خراپترین قەیرانی ئابووری دەبێتەوە لە مێژووی خۆیدا.

پاش دوو هەفتە لەو دوو سکاڵا و گازەندەیەی لە بەرامبەر سەلامە و کەسە نزیکەکانی تۆمارکراون، دەزگای دارایی نیشتمانی لە فەڕەنسا لێکۆڵینەوەی بەرایی خۆی دەستپێکردووە لە دۆسێکانی "پیلانگێڕیی تاوانکاری" و "سپیکردنەوەی پارە"

پێشدەچێت لێکۆڵینەکان تایبەت بن بەوەی سەرچاوەی ئەو سامانە گەورەیە چییە و کوێیە کە ڕیاز سەلامە، تەمەن 70 ساڵ خاوەنیەتی.

سەلامە لە ساڵی 1993دا گەیشتە سەرۆکایەتی بانکی نێوەندی لوبنان، پێشتریش بۆ ماوەی 20 ساڵ وەبەرهێنی سەرمایەی بانک بووە لە کۆمپانیای میریل لینش، لە بەیروت و لە پاریس و کەسێکیش بووە کە لە هەردوو بواری سیاسی و ئابوری لوبناندا خاوەنی ڕێزێکی زۆر بووە.

بەڵام لەم کاتەدا کە لوبنان ڕووبەڕووی قەیرانێکی بێپێشینەی ئابوری دەبێتەوە و بەپێی بانکی جیهانی بە بەد ترین قەیران دادەنرێت لەوەتای سەدەی نۆزدەهەمەوە، سەلامە کە نزیکە لە بنەماڵەی حەریرییەوە، بۆتە یەکێک لە کەسە بێزراوەکان لەنێو ڕای گشتی لوبنانییەکاندا.

ڕای گشتی لوبنان گومانی هەیە لەوەی سەلامە، هاوشێوەی گەورە بەرپرسانی تری وڵاتەکە بە شێوەیەکی نهێنی بڕی گەورە گەورەی پارەی بپۆ دەرەوەی لوبنان گواستبێتەوە هاوکاتی جموجۆڵە جەماوەرییەکانی مانگی 19ی ساڵی 2019 ، وێڕای ئەو کۆتوبەندە توندانەی لە بانکەکاندا دانرابوون.

لێکۆڵینەوەکانی لە سویسرا دەکران، تایبەت بوون بە سپیکردنەوەی پارە لە پەیوەندی بە شییانی دزینی پارەوە لە بانکەکانی لوبناندا.

سەلامە بۆخۆی جەخت دەکاتەوە لەوەی هەموو ئەو سامانەی هەیەتی ئاشکرایە و بەشێکی وەک میرات بۆی ماوەتەوە و بەشێکی تریشی بەهۆی کارکردنیەوە لە بواری داراییدا دەستیکەوتووە.

لێکۆڵینەوەکانی دەسەڵاتی دارایی فەڕەنسا لە چوارچێوەی ئەو دۆسێیانەدان کە پێیان دەگوترێت "دەستکەوتنی ناڕەوا و نایاسایی پارە" ئەمەش ئەو دۆسێیەیە لێکۆڵینەوە لەسەر سامانی سەرکردە بیانییەکان دەکەن لە فەڕەنسادا و بەتایبەتیش ئەوانەی خەڵکی ئافریکا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن، کە دەشێت ئەو سامانانەی هەیانە لەڕێی دزینی دارایی گشتییەوە بەدەستیان هێنابێت.