پۆلیسی ئیسرائیل، مونا ئەلکورد، چالاکوانی ناوداری فەلەستینییەکان دەستگیردەکات لە گەڕەکی شێخ جەڕاح لە ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم.
نەبیل ئەلکورد، باوکی مونا، دەستگیرکردنی کچەکەی پشتڕاست دەکاتەوە و دەڵێت ئەمڕۆ یەکشەممە پۆلیسی ئیسرائیل مونایان لە ماڵەوە دەستگیرکردووە و براوە بۆ لێکۆڵینەوە کردن لە بنکەی پۆلیسی سەڵاحەدین و دەشڵێت نوسراوێکی داواکردنیش بە زمانی عیبری بۆ موحەمەدی کوڕی دانرابوو.
نەبیل ئەلکورد لەبەردەم ئەو بنکەی پۆلیسەدا بە پەیامنێرانی وتووە "دەستگیرکردنی کچەکەم دەچێتە خانەی تێرۆری خاوەن ماڵەوە، چونکە تەواوی ئەو دەنگی ناڕەزاییەی لە گەڕەکی شێخ جەڕاحەوە هەڵسابوو، دەنگی لاوان و گەنجەکان بوون."
لەوەتای 2 مانگ لەمەوبەرەوە، گەڕەکی شێخ جەڕاح، ڕۆژانە خۆپیشاندانی ناڕەزایی بەخۆوە دەبینێت بەهۆی هەڕەشەکردن لە خێزانە فەلەستینییەکان تا ماڵەکانیان چۆڵ بکەن و لەبری ئەوان نیشتەجێبووە جووەکان دابنرێن.
لە مانگی ڕابردوودا دادگایەکی ئیسرائیل دانیشتنی خۆی لەسەر ئەم دۆسێیە دواخست و تا ئێستاش دیار نییە کەی دادگا ئەو دانیشتنە دەکات.
لە دیمەنێکی ڤیدیۆییدا، مونا خەریکی دانانی سەرپۆشەکەیەتی و بەر لەوەی یەکێک لە پۆلیسەکان کەلەپچەی بکات و بیباتە ناو ئۆتۆمبێلەکەوە و لەوێشەوە بەرەو بنکەی پۆلیس.
وەک باوکی مونا باسی دەکات، ڕێگە نەدراوە پارێزەرەکان لەگەڵ کچەکەیدا بمێننەوە و دەڵێت "یەکێک لە پارێزەرەکان بەر لە لێکۆڵینەوە قسەی لەگەڵ مونا کردووە." دەشڵێت موحەمەدی کوڕی سەردانی ڕامەڵای کردووە تا وانە بە خوێندکارەکانی بڵێتەوە چونکە تۆڕی ئینتەرنێت ڕاگیراوە و کە گەڕایەوە دەچێتە بەردەم لێکۆڵەرەوەکان.
ڕۆژی شەممەش پەیامنێری کەناڵی ئەلجزیرە لە هەمان گەڕەک دەستگیرکرا هاوکاتی ڕووماڵکردنی خۆپیشاندانەکان و پاش چەند کاتژمێرێک لە لێکۆڵینەوە کردن ئازاد کراوە، بەڵام بەڕیوبەری ئۆفیسی ئەلجزیرە لە شاری ئۆرشەلیم دەڵێت دەستی شکاوە.