شەڕی تیرەکان لە دارفور کوژرانی دەیان کەسی لێدەکەوێتەوە

لە شەڕ و پێکدادانەکانی ڕۆژانی پشووی هەفتە لە نێوان عەشرەت و تیرە عەرەبەکان و غەیرە عەرەبەکاندا لە دارفوری باشور بەلانیکەم 36 کەس کوژراون و دەیان کەسی تریش بریندارن، بەپێی گەواهدەران و میدیاکانی سودان.

گەواهدەران دەڵێن، شەڕەکانی ڕۆژی شەممە لە نێوان تیرەکانی عەرەبەکانی ئەلتایشە و فەلاتەی ئافریکایی نەژاد بوون لە ناوچەی دوورە دەستی ئوم دافوق لە دارفوری باشور.

ئاژانسی دەنگوباسی سونا دەڵێت لەمڕۆ دووشەممەدا ڕەوشەکە جێگیرە.

لە ڕاپۆرتەکەی درەنگانێکی ڕۆژی یەکشەممەی ئاژانسی دەنگوباسی سونادا هاتووە "هێزە سەربازییەکان بەو ناوچانەدا بڵاوکراونەتەوە کە شەڕەکانی تیادا بوون لە نێوان تیرەکانی فەلاتە و تایشەدا، لەو شەڕانەدا 36 کەسی تیادا کوژران و 32 کەسیش برینداربوون، ئامانجیش لە بڵاوکردنەوەی هێزە سەربازییەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی نێوانیانە.

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هێشتا دیار نییە هۆکاری پێکدادانەکان چی بووە، بەڵام زۆر جار شەڕ لە ناوچەی دارفور لەسەر زەویوزار و دەستڕاگەیشتن بە ئاودا دروست بووە.

ناوچەی بەرفراوانی دارفور، دەکەوێتە ڕۆژئاوای سودانەوە و لەم چەند مانگەی ڕابردوودا بووە مەیدانێک بۆ شەپۆلی توندوتیژی.

لە مانگی 4دا بەلانیکەم 132 کەس لە شەڕیکی دارفوری ڕۆژئاوا کوژران و شەڕەکە لە نێوان تیرەی مەسالیت و دانیشتوانی عەرەبی ناوچەکەدا بوو، ئەم شەڕەش کاربەدەستانی ناچار کرد باری نائاسایی ڕابگەیەنن.

لە مانگی یەکی ڕابردووشدا، شەڕی نێوان تیرە عەرەبەکان و ئەوانەی عەرەب نین لە دارفوری باشور و ڕۆژئاواشدا بووە مایەی کوژرانی زیاتر لە 250 کەس.