ڕاوێژکاری سەربازی هاوسەرۆکانی یەکێتی، لەبارەی ئامادەباشی هێزە عێراقیەکان لەکەرکوک و جم و جوڵی چەکدارانی داعش، ئاماژەبەوەدەکات داعش پلانی پەلاماردانی هەندێک شاروشارۆچکەی دەوروبەری کەرکوکی هەیە، بۆیە هێزە عێراقیەکان لەئامادەباشیدان.
لەگفتووگۆیەکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، وەستا ڕەسوڵ ڕاوێژکاری سەربازی هاوسەرۆکانی یەکێتی و بەرپرسی پێشووی میحوەری باشوری کەرکوکی پێشمەرگە، دەڵێت"داعش خۆی ڕێکخستووەتەوە و توانای پەلاماردانی هەندێک ناوچەی دەوروبەری کەرکوکی هەیە، نەک کەرکوک، چونکە پەلاماردانی شارێکی گەورەی وەک کەرکوک قورسە."
جەختیشیکردەوە"ڕەنگە داعش هەندێک شوێنی دەوروبەری کەرکوکی دەستنیشان کردبێت، وەکو قەزاو ناحیەکان تا پەلاماری بدات."
دەربارەی ئەو ناوچانەی داعش پلانی هەیە پەلاماریان بدات، وەستا ڕەسوڵ وتی"هەموو پێشبینیەکان بۆ ئەوە دەچن، لەحەویجە و داقوق و دوز شتیان بەدەستەوەبێت."
ڕاوێژکارە سەربازیەکەی هاوسەرۆکانی یەکێتی، ئاشکراشیکرد هێزەکانی داعش بەناوچەکاندا دەسوڕێنەوە و دەچنە گوندەکان بۆ نانخواردن و دەستخستی پێداویستی، لە حەوزەی حەمرینیش هێزیان زۆرە.
بەپێی وتەی وەستا ڕەسوڵ، داعش پێکهاتەی تازەی بۆ هێزەکانی لە دەوروبەری کەرکوک داناوە و سەرجەم ئەمیرەکانی گۆڕیووە و خەڵکی تازەی لە جێگەیان داناوە.
ماوەی چەند ڕۆژێکە هێزە عێراقیەکان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە، بەپێی وتەی بەرپرسان، هۆکارەکەی جم و جۆڵە فراوانەکانی داعشە لەناوچەکە.
Your browser doesn’t support HTML5