لە عەفرین بەلانیکەم 18 کەس دەکوژرێن

وێنەیەکی نەخۆشخانەی شیفاء لە شاری کوردنشینی عەفرین

بەلانیکەم 18 کەس کوژراون لە ئاکامی تۆپبارانی شاری عەفرین کە کەوتۆتە ژێر دەستی ئەو لایەنانەی سەر بە تورکیان.

پزیشکێک و 3 کارمەندانی تەندروستی و 2 ژن و یەک منداڵیش لەنێو کوژراوەکاندان، وەک ڕوانگە، ڕێکخراوی سوریایی بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت "تۆپبارانەکە نەخۆشخانەی شیفائی گرتۆتەوە و ئەو چەکدارانەی تورکیا پشتیوانییان دەکات دەستیان بەسەر ئەو نەخۆشخانەیەشدا گرتووە."

بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی ڕوانگە چەکدارێکیش کوژراوە و 23 کەسیش بریندارن.

ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوبەری ڕوانگە بە ئاژانسەکانی هەواڵی ڕاگەیاندووە، بێ لەو نەخۆشخانەیە، ژمارەیەک گەڕەکی شاری عەفرین بەر تۆپبارانەکەی ڕۆژی شەممە کەوتوون، بەڵام زۆربەی قوربانییەکان لە نەخۆشخانەکەدا بوون و ئاماژەش بەوە دەکات کە دەشێت ژمارەی کوژراوەکان بەرزببنەوە لەبەر زۆریی ژمارەی بریندارەکان کە برینی هەندێکیان قورسن.

ڕوانگە دەڵێت ئەو تۆپبارانە لە باکوری هەرێمی حەڵەبەوە کراوە و لەو ناوچەیەدا میلیشیاکانی سەر بە ئێران و هێزە سەربازییەکانی حکومەتی سوریای لێن و دەشڵێت لە نزیک ئەو ناوچەیەشەوە هێزە کوردییەکان هەن.

هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ڕاگەیەندراوێکدا نکوڵی دەکات لەوەی هیچ دەستێکی لەو تۆپبارانەدا هەبووبێت.

ناوچەی کورد نشینی عەفرین، کە دەکەوێتە ناو هەرێمی حەڵەبەوە، لە مانگی 3ی ساڵی 2018ەوە، تورکیا و لایەنەکانی سەر بە تورکیا داگیریان کردووە.

وەک ناوچەکانی تری کە لایەنەکانی سەر بە تورکیا تیایدا باڵا دەستن، لە ناوچەی عەفرینیش بەردەوام کردەی کوشتن و دەستدرێژی و پێشێلکاری و تەقینەوە ڕوودەدەن.

ڕۆژی 5شەممەش بەلانیکەم 12 کەس لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا کوژراون، وەک ڕوانگە دەڵێت لە ئاکامی تۆپبارانی ناوچەی ئیدلب لەلایەن ڕژێمی سوریاوە.

لەوەتای ساڵی 2011ەوە و دەستپێکردنی قەیرانی سوریا نزیکەی 500 هەزار کەس کوژراون و بە ملیۆنان کەسیش ئاوارەبوون.