کاندیدێکی سەرۆکایەتی ئێران ئاگاهیدەدات لە بوونی کۆنەپارێزێک بە سەرۆکی ئێران

یەکێک لە کاندیدەکانی سەرۆکایەتی ئێران کە لە بەرەی ڕیفۆرمخوازانە، سەرکەوتنی ڕکابەرەکەی کە لە بەرەی توندڕەوانی کۆنەپارێزە دەبێتە مایەی سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا.

ئەم لێدوانەی عەبدولناسر هیممەتی، هاوکاتی سێهەمین و دواهەمین وتووێژی تەن بە تەنی کاندیدەکانی سەرۆکایەتی ئێراندا بووە.

بڕیارە ڕۆژی 18ی ئەم مانگی 6ە ئێرانییەکان بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی جێگرەوەی حەسەن ڕۆحانی سەرۆکی ئێران لە هەلومەرجی قەیرانی ئابوری ئەو وڵاتەدا کە بەهۆی سزاکانی ئەمەریکا سەپاندونی لەسەروەختی بەڕێوبەرایەتییەکەی دانۆڵد ترامپدا، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، ئەو قەیرانە ئابورییە سەریهەڵداوە.

عەبدولناسر هیممەتی

هیممەتی لەو وتووێژەدا ڕەخنەی لە کۆنەپارێزانی ئێران گرتووە و لە سەرو هەمووشیانەوە لە ئیبراهیم ڕەئیسی، کە یەکێکە لە کاندیدەکانی ئەم هەڵبژاردنە و وەک دەگوترێت لە هەموو کاندیدەکانی تر زیاتر دەرفەتی سەرکەوتنی هەیە لە هەڵبژاردنەکەی 18ی ئەم مانگەدا.

هیممەتی، ڕووی دەمی پرسیاری لە ڕەئیسی دەکات و پێی دەڵێت "تۆ یەکێکیت لە دیارترین ڕکابەرەکان لەم هەڵبژاردنەدا، چی ڕوودەدات ئەگەر ئەنجامی هەڵبژاردن بەلای ئێوەی کۆنەپارێزدا شکایەوە؟ ئەگەر تۆ سەربکەویت چی ڕوودەدات؟ سزای نوێ دەسەپێندرێت بەسەر ئێراندا و هاوڕاییەکی بەهێزی نێونەتەوەییشی لەگەڵدا دەبێت."

پێشتر توندڕەوە کۆنەپارێزەکانی ئێران، ڕەخنە و ناڕەزاییان دەردەبڕی بەرامبەرحکومەتەکەی ڕۆحانی و ئەو پشتبەستنەی بە ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015ی بەستبوو.

ئیبراهیم ڕەئیسی



ڕەئیسی دەڵێت "ئەگەر بێتوو سەربکەوێت لە هەڵبژاردندا وابەستەی ڕێککەوتنە ناوکییەکە دەبێت."

ئەم هەڵبژاردنەی سەرۆکایەتی ئێران، هاوکاتە لەگەڵ دانوستاندنەکانی ڤیەننادا بۆ بوژاندنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکە و بەڕێوبەرایەتی سەرۆک جۆو بایدن بە مەرجی وابەستەیی تەواوەتی ئێران بەو ڕێککەوتنەوە دەگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنەکە.