سەرۆکی ڕوسیا پیرۆزبایی لە نافتالی بێنێت، سەرەک وەزیری نوێی ئیسرائیل دەکات و هیواخوازی خۆی دەردەبڕێت بۆ هاوکارییەکی بونیاتنەرانە.
ئەم پیرۆزباییەی ڤلادمیر پوتن، پاش سەرکەوتنی هاوبەندی ژمارەیەک لایەن بوو بەسەر بەنجامین نەتەنیاهۆ و لادانی لە پۆستەکەی.
پوتن لە پەیامەکەیدا کە کرملن بڵاوی کردۆتەوە دەڵێت " وەها چاوەڕوان دەکەم کاری تۆ وەک سەرۆکی حکومەت کارئاسانی زیاتر بکات بۆ پەرەپێدانی هاوکاری دوو لایەنە لە هەموو بوارەکاندا."
لە درێژەی ئەو پەیامەدا هاتووە " هیچ گومانێکیشی تیادا نییە پەرەپێدانی هاوکارییەکان لە بەرژەوەندی گەلانی هەردوو وڵاتە و هاوکارییەکانی ڕوسیا و ئیسرائیل یارمەتیدەر دەبن بۆ بەهێزکردنی ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا."
بێنێت، ڕاستڕەوێکی جووی نەتەوەپەروەر و پێشتر کاردارێکی ملیۆنێری بواری تەکنەلۆژیا بووە، سەرۆکایەتی حکومەتی نوێی ئیسرائیل دەکات کە لە هاوبەندی 8 لایەنی سیاسی پێکهاتووە.
ئەم هاوبەندییە کۆتایی بە 12 ساڵی سەرەک وەزیریی نەتەنیاهۆ هێنا.
بەنجامین نەتەنیاهۆ، تەمەن 71 ساڵ، شانازی بە دۆستایەتییەکەیەوە دەکرد لەگەڵ پوتندا و زۆر جاریش لە ڕوسیا میوانداری کراوە.