لە مانگی دووی ئەمساڵەوە چالاكوان و ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی و گوهدار زێباری و ئەیاس كەرەم و هاریوان عیسا و شڤان سەعید لە لایەن دادگای تاوانی دووی هەولێر بە تۆمەتی ئەوەی كە هەوڵی تێكدان و كاری سیخوڕییان كردووە بڕیاری شەش ساڵ زیندانی کردنیان بەسەردا سەپێندرا، دواتر پارێزەرانی ئەو دەستگیركراوانە تانەیان لە بڕیارەكە دا و ڕەوانەی دادگای تەمیز كرا دادگای تەمیزیش بڕیارەكانی دادگای تاوانی دووی هەولێری پەسەند كرد. ئەم بڕیارەش کاردانەوەی زۆری ناوخۆی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لێکەوتەوە.
شاخەوان ڕەئوف بەگ سەرۆکی لیژنەی ناوخۆو ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەسەر فراکسیۆنی گۆڕان لەم وتووێژێکدا بۆ دەنگی ئەمریکا دەڵێت: "زیندانیانییەکانی دهۆک لە دۆخێکی باشدان، تەندروستییان باشە، پێیان وتین لە ژێر هیچ فشارێکی زینداندا نین."
بەڵام ئەیهان سەعید چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ و برای زیندانیکراو شڤان سەعید دەڵێت : "بە پێچەوانەوە دەڵێت دۆخیان باش نییە لەناو زینداندا." هەروەها دەشڵێت "ئەوان لەزینداندان ئێمە نازانین ئەشکەنجەدراون یان نا."
ئاسۆ جەبار بۆ دەنگی ئەمریکا وتوێژێکی تایبەتی لەگەڵ چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ ئەیهان سەعید دا کردووە سەبارەت بە راستی و دروستی بارودۆخی زیندانییەکانی بادینان و براکەی شڤان سەعید.
ئەیهان باسی لەوەش کرد کە کاتیخۆی "شێروان شێروانی کە لە 16 ی مانگی 2 دا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەشکەنجەدراوەو هەڕەشەی سێکسی لەخێزانی کراوە."
دەشڵێت "مامۆستا بەدەل و شێروان شێروانی لەڕووی جەستەییەوە زۆر لاوازبوون."
سەبارەت بەوەی کە ئایا توانیویانە سەردانی زیندانییەکان بکەن و چاویان پێیانبکەوێت ئەیهان سەعید دەڵێت "ماوەی 8 مانگ زیاترە ئەمە دووەمجارە سەردانی ئەو زیندانیانە کراوە...." هاوکات باس لەوەش دەکات کە تەنها بۆ ماوەی چەند خولەکێک کەسوکار و پەرلەمانتارەکان توانیویانە زیندانیکراوەکانی بادینان ببینن و دەڵێت "مافیان لێ زەوتکراوە سەرەڕای ئەوەی بە ناحەقیش زیندانی کراون."
ڕاپۆرتەکەی ڕۆژی سێشەممە 15 ی مانگی 6 ی ساڵی 2021 ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ) دەڵێت "لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی عێراق بە شێوەیەکی بێبەزەییانە ڕۆژنامەنووسان، چالاکوانان و ئەو خۆپیشاندەرانەیان سەرکوتکردووە کە مافی ئازادی ڕادەربڕینی خۆیان بەکارهێناوە ." ڕاپرۆتەکە دەڵێت سەرکوتکردنەکان بریتی بوون لە "دەستگیرکردنی هەڕەمەکی و بێسەروشوێن کردنی زۆرەملێ.
بەڵام حکومەتی هەرێم دەڵێت ئەشکەنجە نەدراون و قبوڵی ناکەیەن کەس دەست وەربداتە کاروباری دادگاییکردنەکە. بەڵام تا ئەم سەروەختە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک لێبووردنی نێودەوڵەتی و کۆمیتەی بەرگریکردن لەرۆژنامەنوسان و پەیامنێرانی بێ سنور و سەنتەری میترۆ و کونسوڵخانەکان لە هەولێر رەخنە لەشێوازی دەستگیرکردن و دادگاییەکە دەگرن و داوای دادگاییەکی دادپەروەرانەو ئازادکردنی ئەو رۆژنامەوانانە دەکەن.
لە مانگی دووی ئەم ساڵ پێنج لەوانە سزای شەش ساڵ زیندانی کردنیان بەسەردا سەپێندرا وەک ڕاپۆرتەکەی ئەمنستی دەڵێت حوکمەکەیان لەسەر بنەمای ئەو " دانپێدانانە بووە کە لە ژێر فشاردا بەدەستهاتوون."
لین مەعلوف جێگری بەڕێوەبەری ئۆفیسی ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئافریکا دەڵێت " دەسەڵاتداران لە هەرێمی کوردستانی عێراق لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا سەرکوتکردنێکیان بە مەبەستی بێدەنگکردنی ڕەخنەگران دەستپێکردووە. ئەوان چالاکوانان و ڕۆژنامەوانانیان دەستگیرکردووە و لە دادگاییەکی ناڕەوایانەدا بە تۆمەتی هەڵبەستراو دادگاییان کردوون. هەروەها کەسوکارەکانیان ترساندوون یان هەراسان کردوون لە کاتێکدا بەو بنەماڵانە نەوتراوە کە کەسەکانیان لە چ دۆخێکدان."
Your browser doesn’t support HTML5