باڵێۆزی ڕوسیا بۆ ئەمەریکا، دەگەڕێتەوە بۆ واشنتۆنی پایتەخت و لەڕێی گەڕانەوەیدا دەڵێت هیوادارە لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا هەنگاوی "پراکتیکانە و یەکسانانە" بنرێت، پاش کۆبوونەوە لوتکەییەکەی سەرۆک جۆو بایدن و سەرۆک ڤلادمیر پوتن.
ئەناتۆڵی ئەنتۆنۆڤ، لە مانگی 3ی ڕابردوودا بانگ کرابووەوە بۆ مۆسکۆ وەک کرملن ڕایگەیاند بۆ مەبەستی ڕاوێژکردن بووە.
ئاژانسەکانی هەواڵ لە ڕوسیاوە دەڵێن؛ سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە و کاتژمێر 09:20 بە کاتی مۆسکۆ، فڕۆکەکەی باڵیۆز ئەنتۆنۆڤ کەوتۆتە ڕێ بەرەو شاری نیویۆرک و لەوێشەوە بۆ شاری واشنتۆن دی سی پایتەخت.
باڵیۆزی ڕوسیا بۆ ئەمەریکا لە لێدوانێکدا بۆ پەیامنێران دەڵێت " لەگەڵ ڕەچاوکردنی ئەنجامەکانی کۆبوونەوە لوتکەییەکەی هەردوو سەرۆک، بەردەوام دەبم لە کارێکی بونیاتنەرانە لە گەڵ هاوکارە ئەمەریکاییەکانمدا لەسەر پەیوەندییەکی یەکسانانە و پراکتیکیانە."
ڤلادمیر پوتن، ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاندبوو، مۆسکۆ و واشنتۆن ڕێککەوتوون لەسەر گەڕانەوەی باڵیۆزەکانیان پاش کۆبوونەوە لوتکەییەکەی لە ژنێڤ لەگەڵ جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکادا هەیبووە.
پەیوەندییە دیپلۆماتییەکانی نێوان مۆسکۆ و واشنتۆن دەکرێت بگوترێت بەرەو داڕمان چووە، لەوەتای سەرۆک بایدن چۆتە کۆشکی سپی.
سەرۆکی ئەمەریکا کرملنی گوناهبار دەکرد بەوەی دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکادا دەکات و هەروەهاش بەوەی کە هێرشی ئەلیکترۆنی دەکات.
سەرۆک بایدن لە مانگی 3دا، سەرۆکی ڕوسیای بە بکوژ ناودێرکرد، ڕوسیاش داوای گەڕانەوەی باڵیۆزەکەی کرد و هەروەهاش وتی "پێویستە جۆن سولیڤەن، باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ ڕوسیا، بە هەمان شێوە مۆسکۆ جێبهێڵێت."
لە مانگی 4دا باڵیۆز سولیڤەن مۆسکۆی جێهێشت و هەردوو وڵاتیش کەوتنە سەپاندنی سزا بەسەر یەکتردا و هەروەها دیپلۆماتکارەکانی یەکتریشیان دەردەکرد.
ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پرێس