ژنە نەبینراوەکان وکێشە نەبینراوەکان دروشمی ڕۆژی جیهانی بێوەژنانە لەم ساڵدا. هەموساڵێک لە 23 ی مانگی شەشدا تیشک دەخرێتە سەر چیرۆکی دڵتەزێنی ئەو ژنانەی کە هاوسەرەکانیان لەدەستداوەو ڕۆژانە کاردەکەن بۆ بەدەستهێنانی مافە سەرەتاییەکان و شکۆمەندی خۆیان.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت " لە کاتێکدا زیاتر لە 258 ملیۆن بێوەژن لە سەرانسەری جیهاندا هەن، بەڵام هەمیشە بێوەژنەکان پشتگوێخراون، پشتیوانی نەکراون و لە کۆمەڵگەکانماندا گرنگی بە کێشەکانیان نەدراوە."
هەروەها لە ڕاپۆرتەکەیدا کە بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی بێوەژنان بڵاو کراوەتەوە نەتەوە یەکگرتووەکان دەشڵێت " ئەمڕۆ کە ململانێی چەکداری، ئاوارەبوون و کۆچکردن و پەتایی کۆڤید - 19 دەیان هەزار ژنی تری بێوەژن کردووە و چەندانی تر کە هاوسەرەکانیان بێسەوشوێنن ، دەبێت ئەزموون و پێویستییە بێهاوتاکانی ئەوان بهێندرێنە بەرباس."
گوندی ژنوار لە هەرێمی جەزیرە بووەتە جێی ژنە بێهاوسەرەکان بەڵام وەک خۆیان دەڵێن تیایدا ژیانێکی سەربەستانە بەسەردەبەن.
فاتمە ئەمین بەڕێوەبەری ژنوار دەڵێت لە ئێستادا دەیانەوێت پرۆژەکەیان فراوانتر بکەن بە مەبەستی پاراستنی ژنان لە توندوتیژی و مسۆگەرکردنی دەرفەتەکان بۆ ژنان و منداڵەکانیان. ئەو بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندلە ماوەی چەند ساڵی ڕابردووداو و ئەو شەڕەی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕوویدا" زۆربەی ژن بوون بە قوربانی ئەو شەڕە، بۆیە زۆر پێویستی بە دامەزراندنی ئەم گوندە هەبوو ." فاتمە سەبارەت بە ژیانی خۆی لە گوندی ژنوار دەڵێت " لەبەر ئەو هزرەی لە ناو کۆمەڵگەدا هەبوو کە ژنیان بەبێ پیاو قبوڵ نەبوو، هەمیشە وا دەڕوانن کە پیاوان مانای هەبوونی ژنانن. واتا ئەگەر پیاو نەبێت ژن ناتوانێت نە خۆی بەڕێوە بەرێت نە ماڵ و نە منداڵ، بەڵام ئێمە ئەو بیرۆکەیەمان پەسەند نەکرد، چونکە ئێمە وەکو ژن خۆمان دەناسین و دەزانین خاوەن ئیرادەین. هاتینە ژنوار و لێرە زۆر پێشکەوتین."
بە گوێرەی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا نزیکەی 1 ملیۆن بێوەژن هەن، زۆربەی ئەو ژنانە بەهۆی سەختی ژیان و بارودۆخی شەڕی ناوخۆ لە سوریا ڕووبەڕووی توندوتیژی و دەستدرێژی سێکسی دەبنەوە. لە هەمانکاتدا بێوەژنەکان ئەرکی گرانی بەخێوکردنی منداڵەکانیشیان لە ئەستۆدایە.
بە پێی لێکۆڵینەوەکان لەو کۆمەڵگەیانەی کە کاریگەریی ئاینی و تایفی زۆریان لەسەرە بێوەژنەکان زیاتر ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە. بەتایبەتیش ئەو شوێنانەی کە بۆ ماوەیەکی زۆر لە ژێر دەستی داعشدا مابوونەوە. ئەمیرە بێوەژنێکی ترە کە لە ژنوار دەژێت و باس لە ئەزمونی خۆی لە ناوچەکانی ژێر دەستی داعشدا دەکات ئەو دەڵێت ژنان لەوێ ڕووبەڕووی توندوتیژی و لێدان دەبوونەوە و مامەڵەیان پێوە دەکرا.
لەم ڕۆژەدا بێوەژنەکان چیرۆکی ژیانی خۆیان دەگێڕنەوە کە چەند بە زەحمەتیدا تێپەڕبوون تا بتوانن بەبێ هاوسەرەکانیان منداڵەکانیان گەورە بکەن.
ژنێکی بەساڵا چوو لە پارێزگای کەرکوک کە داوای کرد ناوی ئاشکرا نەکرێت لەم ڕۆژەدا چیرۆکی خۆی بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا گێرایەوە. ح -م تەمەنی 21 ساڵان بوو کاتێک وەک خۆی دەڵێت هاوسەرەکەی " شەهید " بوو . ئەو خانمە دەڵێت " هەر سێ کوڕەکانم منداڵ بوون، گەورەکەیان شەش ساڵ بوو. چونکە گەنج بووم ماڵی خەزورم منداڵەکانیان لێسەندم و گوتیان تۆ گەنجیت شووبکەرەوە."
بەڵام ح-م نەیتوانیبوو بیر لەوەبکاتەوە جارێکی تر هاوسەرگیری بکات چونکە وەک دەڵێت منداڵەکانی بۆ ئەو هەموو شتێک بوون " براکانم زۆریان لێدەکردم شوو بکەمەوە، بەڵام نەمتوانی لەبەر منداڵەکانم هەرچۆنێک بوو پاش ڕجا و تکای زۆر توانیم قەناعەت بە ماڵە خەزوورم بکەم منداڵەکانم بدەنەوە و خۆم بە خێویان بکەم. دانیشتم بەدیاریانەوە بە نەبوونی و دەردەسەری بە خێوم کردن. تا گەورەم کردن مەینەتی دنیام بینی."
ئێستا هەر سێ کوڕەکانی ژیانی هاوسەرێتیان پێکهێنا و دوانیان لە دەرەوەی وڵات دەژینئەو دەڵێت " بە تەنها منداڵ بەخێوکردن زۆر زەحمەتە بە تایبەتی لە کۆمەڵگەی ئێمە، ئەو کاتەی منداڵەکانم ورد بوون تەنانەت خەڵکی پێکەنینەکانیشیان دەژماردم."
چەندین چیرۆکی شاراوەی وەکو ژیانی ح-م هەیە کە خەڵکی لێی بێئاگان، بۆیە لە 65 هەمین دانیشتنی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە 21 ی 12 ی ساڵی 2010 بڕیاری دانانی ڕۆژی جیهانی بێوەژنەکان پەسەند کرا و لە ساڵی 2011 وە ئەم ڕۆژە لە 23 ی مانگی شەش بەرز ڕادەگیرێت بە مەبەستی تیشکخستنە سەر کێشەو گرفتەکانی بێوەژنەکان و هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنیان.
Your browser doesn’t support HTML5