جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا هۆکاری گرانبوونی نرخی بەنزینی بۆ هاوردەکردنی بەنزین بە نرخێکی بەرزتر لە جاران گەڕاندەوە و داوای کرد بەرهەمی پاڵاوگە خۆماڵییەکان بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان سەرفبکرێت و ئاماژەی بەوە دا کە نابێت حکومەتی خۆجێیی قبووڵی بکات پرسی بەنزین بۆ مەرامی شەخسی بەکاربهێنرێت.
بەرزان محەمەد، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەبارەی گرانبوونی نرخی بەنزینەوە وتی "لیترێک بەنزین لە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کە دێت بە ٥٥٨ دۆلارە، واتە ئەو بازرگانەی کە دەیهێنێت ئەگەر گومرگ و کرێشی لێنەسێنن، لیترێک ٦٣٠ دینار دەکات. ئێمە داوا لە حکومەت دەکەین ئەو بەنزین و سووتەمەنییەی کە لە کوردستان و نەوتی کوردستانەوە دەپاڵێورێت و دەڕوات بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق، نەینێرێت و بیدات بە هاوڵاتیانی خۆی."
دوێنێ شاسوار عەبدولواحید لە شاری سلێمانیدا کەمپینێکی بۆ فرۆشتنی بەنزین بە ٥٠٠ دیناری عێراقی ڕاگەیاند. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سڵێمانی ئاماژەی بەوە دا لە سلێمانیدا ڕۆژانە نزیکەی ٢ ملیۆن و نیو لیتر بەنزین سەرفدەبێت، هیواداریشم ئەم هەرزانکردنە کاتی نەبێت.
"بەڕێزێک باس لەوە دەکات بەنزین دەکات بە ٥٠٠ دیناری عێراقی، ئێمە دەستخۆشی و پشتگیری دەکەین، بەڵام هەرزانکردنەکەی کاتی و بۆ بابەتێک نەبێت. سلێمانیدا لە ڕۆژێکدا پێویستی بە ٢ ملیۆن و نیو لیتر بەنزین هەیە، ئەگەر ئەم بەڕێزە لە توانایدا هەیە ئەوە کێشەیە بۆ بەرژەوەندی هاوڵاتی چارەسەربکات، ئێمە دەستخۆشی لێدەکەین."
هەروەها ئاماژەی بەوەدا گەر ئەم هەڵمەتە بۆ مەبەستێکی تر و بۆ مەرامی شەخسییە، ئەوا پێویستە حکومەتی خۆجێی ڕێگای یاسایی لەدژی بگرێتە بەر.
لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا نرخی بەنزین لە بەنزینخانەکانی هەرێمی کوردستاندا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە و ئەمەش هاوڵاتیان و بەتایبەتیش شۆفێرانی تووشی نیگەرانی کردووە.
Your browser doesn’t support HTML5