هەریەک لە کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیاباران کردنی هەڵەبجە و تۆڕی ڕێکخراوەکانی هەڵەبجە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی مۆنۆمێنتی هەڵەبجە، 34هەمین ساڵیادی کیمیباران کردنی سەردەشتیان لە مۆنۆمێنی هەڵەبجەکردەوە و پەیامی هاوخەمیان بۆ کەس و کارو خانەوادەی قوربانی و بریندارەکانی سەردەشت ناردو داواشیان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد ڕێگە بە بەکارهێنانەوەی چەکی کیمیایی نەدات .
ئەرسەلان عابید سەرۆکی تۆڕی ڕێکخراوەکانی هەڵەبجە لە ووتەیەکدا ڕایگەیاند ئێش و ئازاری هاوبەش یادەوەری هاوبەش دروست دەکات، 16ی 3 و 7 ی پوشپەڕلە یاد ناکرێن، بۆیە یادەوەری ئێمە پڕیەتی لە لە هەڵەبجە و سەردەشت، ئەو تاوانەی دەرهەق بە سەردەشت کرا پێچەوانەی دەقە یاساییەکانیش بوو.
کامەران مستەفا بەڕێوبەری گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکانی هەڵەبجە ڕایگەیاند "سەردەشت دەستپێکی ئەزموونی حکومەتی ئەوکاتی عێراق بوو بە بەرامبەر بە هاووڵاتی مەدەنی و دواتریش دوڵی جافایەتی بەدواداهات وپاشان گەشتە هەڵەبجە، کەئەمەش بێدەنگی کومەڵگەی نێو دەوڵەتی بوو، بۆیە سەردەشت کرایە ئامانج خەڵکی شارەکە کەسانی نشتیمان پەروەرو هاوکاری شۆڕشەکان بوون".
لوقمان عەبدالقادر سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیبارانی هەڵەبجە ڕایگەیاند" شەڕی عێراق و ئێران لە ماوەی 8 ساڵدا حکومەتی بەعس جورئەتی بەکارهێنانی ئەو چەکەی نەبوو، بەتایبەتی بەرامبەر بە خەڵکی مەدەنی، کە دەبێ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ، ڕێگە نەدات لەدوای هەڵەبجە ئیدی ئەم چەکە بەرامبەر خەڵکی مەدەنی بەکار بێت ".
لە 28-6-1987 دا حکومەتی بەعس شاری سەردەشتی بە چەکی کیمیاوی بۆدومان کرد، بەو هۆیەشەوە 101 هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا و 8 هەزار هاووڵاتی دیکەش برینداربوون، ساڵانە هەڵەبجە و سەردەشت لە ساڵیادی هەردوو ڕووداوەکەدا سەردانی یەکدی دەکەن، بەڵام دوو ساڵە بەهۆی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە نەتوانراوە سەردانی یەکتری بکەن و هەردوولا لە شوێنەکانی خۆیان ساڵیادی کیمیاباران کردنی شارەکانیان دەکەنەوە.
Your browser doesn’t support HTML5