بەڕێوەبەری پۆلیسی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لەکەرکوک: ئەوانەی ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنن لەتاوانی تردا تێوەگلاون

عەمید هوما بەرزنجی

بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لەکەرکوک ئاماژەبەوەدەکات، ئەو کەسانەی کڕیار و فرۆشیاری ماددەی هۆشبەرن لەکەرکوک، زۆربەیان لە تاوانی تری وەکو کوشتن و دزیکردندا تێوەگلاون و داواکراون.

لە گفتووگۆیەکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، عەمید هوما بەرزنجی دەڵێت"لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی تر، مەفرەزەمان بەنێو کەرکوکدا بڵاوکردووەتەوە و لەهەر شوێنێک باندی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر هەبێت، دەستگیریان دەکەین."

جەختیشیکردەوە"ڕۆژانە زانیاریان لەبارەی ماددەی هۆشبەرەوە پێدەگات و چاودێری دۆخەکە دەکەن، لەهەر شوێنێک گومانیان هەبێت، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، دەچنە سەر ئەو شوێنە."

هەرچەندە پێشتر عەلی مەهدی سەرکردەی بەرەی تورکمانی، بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەری بەشێوەیەکی مەترسیدار لە کەرکوک ناوبرد، بەجۆرێک داوای کردنەوەی نەخۆشخانەی بۆ ئالودەبووان کرد، بەڵام عەمید هوما ئەوەی ڕەتکردەوە، وتی"دۆخی کەرکوک لە زۆر شارەکانی عێراق باشترە لەڕووی بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر، تەنانەت لەکوردستانیش باشترە."

سەبارەت بەو کەسانەی ماددەی هۆشبەر بەکار دەهێنن یاخود بازرگانی پێوەدەکەن، بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لەکەرکوک، وتی"زیاتر خەڵکانی ناهۆشیار و بێ ئیش بەکاری دەهێنن، زۆربەشیان لەو کەسانەن کە لەتاوانی تری وەکو دزی و کوشتن تێوەگلاون، هەندێکیشیان کێشەی خێزانی پاڵنەریانە."

سەرکردەکەی بەرەی تورکمانی، پێشتر پارێزگا سنوریەکانی عێراقی بەسەرچاوەی ماددەی هۆشبەر و گەیاندنی بەکەرکوک ناوبرد، بەڵام عەمید هوما بەرزنجی ناوی هیچ ناوچەیەکی نەهێنا کە لێوەی ماددەی هۆشبەر دەگاتە شارەکە، وتی"تۆمەتبارانی ماددەی هۆشبەر لەناو شار دەگرین، لەهەموو شوێنێکەوە ماددەی هۆشبەر دەهێنرێت، بەتایبەت لەو شوێنانەی بازگەیان تێدا نییە، بەقاچاخ دەهێنرێن."

بەکارهێنان و بازرگانیکردن بەماددەی هۆشبەر لە عێراق و هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز، بەشێوەیەک لەماوەی ساڵێکدا لە عێراق 11 هەزار کەس دەستگیرکراون و ڕۆژانە دەزگا ئەمنییەکان، دەستگرتن بەسەر سەدان کیلۆماددەدا ڕادەگەیەنن.

Your browser doesn’t support HTML5

دڵشاد ئەنوەر