لەگەڵ ڕووداوەکاندا: هێرشە موشەکییەکانی ئەمەریکا و داهاتووی سیاسەتی دەرەوەی ئێران

لە کاتژمێرەکانی کۆتایی یەکشەممە و بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە، هێزەکانی ئەمەریکا بە فەرمانی ڕاستەوخۆی جۆو بایدن هێرشیان کردە سەر عەمباری چەک و بنکەی سەربازی هێزەکانی سەر بەئێران لە سێ ناوچەی خاکی سوریا و عێراقدا و کۆشکی سپیش ڕایگەیاندوە کە ئەمەریکا بۆ بەرگری لە خۆی و پێشگرتن بە هێرشەکانی تر ئەو هێرشانەی کردوە. هۆکارەکان دیکەی ئەو هێرشانە چی بووە و چی مەبەستێکی لە پشتەوە بووە؟

کاریگەریی ئەو هێرشانە چی دەبێت لەسەر گفتۆگۆ ناوەکییەکانی ئێران کە لە ڤیەننا بەڕێوەدەچێت؟

ئنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە جەختکردنەوە لەسەر گرنگ بوونی پاراستنی بەرژوەندییەکانی ئەمەریکا لەلای جۆو بایدن، گوتی ئەو هێرشانە هەڵگری پەیامێک بوون و هیوای خواست کە لایەنەکانی ناو ئێران پەیامەکەیان وەرگرتبێت. ئەو پەیامە چی بووە و ئایا دەسەڵاتدارانی ئێران پەیامەکەیان وەرگرتوە؟

هێزە ملیشیاکانی کەتائیب سەید شوهەدا و کەتائیبی حیزبوڵلآ ڕایانگەیاندوە کە لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا، فڕۆکەکانی ئەمەریکا دەکەنە ئامانج و هێرشیان دەکەنە سەر، ئەم هێزانە لە ڕووی سەربازییەوە تا چەند دەتوانن هێرشی لەو شێوەیە بکەن و حکومەتی عێراق تا چەند دەتوانێت بەر بەم ‌هێزانە بگرێت بۆ ئەوەی ئاسایشی وڵاتەکەی بپارێزێت؟
ئەمە دووهەمجارە لەو کاتەوە جۆو بایدن هاتوەتە سەرکار، هێرشی لەم شێوەیە بکرێتە سەر هێزەکانی سەر بە ئێران. ئەو هێرشانەی کە بەفەرمانی جۆو بایدن بوون، لەگەڵ ڕەخنەی تووندی چەند ئەندامێکی دیموکرات لە کۆنگرێس ڕووبەڕوو بووەتەوە و ئەوان داوای سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی جەنگی سەرۆکی ئەمەریکایان کرد کە لە ئەنجامدا ڕۆژی سێ شەممە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بە 366 دەنگی ئەرینییەوە دەنگیان دا بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتی سەرۆککۆماری ئەمەریکا بۆ ڕاگەیاندنی شەڕ. بەو پێیەی کە زۆرێ لە دیموکراتەکان ڕازی بەو هێرشانە نەبوون، تا چەند ئەوە دروستە کە دەوترێت بایدن بۆ رازیکردنی کۆمارییەکانی ئەمەریکا ئەو فەرمانەی دەرکردوە؟

لە بەشی یەکەمی بەرنامەکەدا، دکتور کامران مەتین، مامۆستای زانکۆ لەبەشی پەیوەندیی نێودەوڵەتی لە بەریتانیاوە وەڵامی ئەم پرسیارانە دەداتەوە.

لە بەشی دووهەمی بەرنامەکەدا، دکتۆر خالید تەوەکۆلی، پسپۆڕ و شارەزای سیاسەتی ئێران، باس لە داهاتووی سیاسەتی دەرەوەی ئێران و پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە دەکات لەگەڵ ڕۆژئاوا و ئەمەریکا لە سەردەمی ئیبراهیم ڕەیسیدا.

دکتور تەوەکۆلی وەڵامی ئەم پرسیارانەی خوارەوە دەداتە لەبارەی ئەم پرسەوە.

ئیبراهیم ڕەیسی لە یەکەم کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیدا وەک سەرۆک کۆمار لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئایا ئامادەیە لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا کۆ ببێتەوە، بە وشەی نەخیر وەڵامی دایەوە. زۆر کەس پێیان وایە کە هاتنی ڕەئیسی دەبیتە هۆی بەرزبوونەوەی تەنگژەکان لە ناوچەکەدا و لەگەڵ ڕۆژئاوا و ئەمەریکاش پەیوەندییەکان ئاڵوزتر دەبێت لە جاران، ئەمە تا چەند راستە؟

جین ساکی، وتەبێژی کۆشکی سپی چەند ڕۆژ ێیش ئێستا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە واشنتن گوتی بە ڕای بایدن و بەرپرسانی دیکەی ئەمەریکا بڕیاردەری سەرەکی وڵاتی ئێران، سەرکردەی باڵا، عەلی خامنەییە بۆ پرسی گفتوگۆ ناوەکییەکانی ئێران. هەروەها زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی ئێرانیش پێیان وایە سیاسەتی دەرەوەی ڕەیسی لەگەڵ سیاسەتی سەردەمی ڕۆحانیدا جیاوازێکی بەرچاوی نابێت و تەنیا جیاوازێیەکەی ڕەنگە ئەوە بێت کە لەسەردەمی ڕۆحانیدا هەندێ جار بەرپرسانی گلەییان دەکرد لە بەربەستەکانی بەردەمیان دەکرد و دەیانگوت دەستیان ئاوەڵا نییە، بەڵام دەوترێت لە سەردەمی ڕەیسیدا لەوانەیە ئەو گلەییانەش نەمێنێت. لە لایەکی دیکەشەوە جۆزێف بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتی ئەورووپا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا هەفتەیەک پێش ئیستا هیوای ئەوەی خواست کە ڕەیسی کاریگەری نەرێنی نەبێت لەسەر دانوستانە ناوکییەکانی ئێران، واتە ئەورووپا پێچەوانەی ئەمریکا نیگەرانە لە کاریگەریی نەرینی ڕەیسی.

ئایا نیگەرانییەکانی ئەورووپا لە شوێنی خۆیدا یان وەک ئەمەریکا دەڵێت هەموو شتێک لەدەستی ڕێبەری ئێراندایە و سەرۆککۆمار هیچ دەسەلاتی نییە؟

عەلی ڕەبیعی، وتەبێژی دەوڵەتی ڕۆحانی لە دوایین لێدوانی خۆیدا دەڵێت لەهەوڵداین کە بە زووترین کات گەماڕۆکانی سەر ئێران لابەین و دواتر دەڵێت گەر نەمانتوانی تا کۆتایی خولی ڕۆحانی ئەو کارە بکەین، ئەوا دەوڵەتی داهاتووی ئێران واتە ڕەیسی ئەم پرسە دەگرێتە ئەستۆ، ئایا ئەم لێدوانانە ئاماژەن بە شکستهێنان لە گفتوگۆکان و ڕێککەوتنەکەدا؟

سەرۆکی سێ وڵاتی میسر و ئۆردۆن و عێراق کۆبوونەوەیان هەبووە و بە وتەی ئەسۆوشیەیتید پرێس کۆبوونەوەکان بەمەبەستی ئەوە بوون تاکوو بەر بە کاریگەریی و دستێوردانەکانی ئێران بگرن لە ناوچەکەدا. لەسەردەمی ڕەیسیدا ئێران تاچەند دەتوانێت کاریگەری هەبێت لەناوچەکەدا؟

پەیوەندییەکانی ئێران لەداهاتوودالەگەڵ سعودیا بەرەو کوێ دەچێت؟

ئەم بەرنامەیە لەدوو بەش پێکهاتوە، لە بەشی یەکەمدا تاوتوێی هۆکار و ئەنجامی هێرشە موشەکییەکانی ئەمریکا دەکەین بۆ سەر هێزەکانی سەر بە ئێران لە عێراق و سوریا.

Your browser doesn’t support HTML5

لەگەڵ ڕووداوەکاندا