سیاسەتمەدارێکی کورد ئاماژە بەوەدەکات، تورکیا نیازی بەرامبەر کورد بەگشتی و هەرێمی کوردستانیش خراپە، ڕەخنە لەهەرێمی کوردستان دەگرێت بەوەی 30 ساڵە هەرێمی کوردستان نەیتوانیووە، هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر کۆنترۆڵی حیزب دەربهێنێت و ڕێکیان بخاتەوە.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، دکتۆر مەحمود عوسمان بەدووری نازانێت دوای کشانەوەی هێزەکانی لە ئەفغانستان، ئەمەریکا بیر لە کشانەوەی هێزەکانی لە عێراق و سوریاش بکاتەوە، بەپێویستی دەزانێت عێراقیەکان بیرلەوە نەکەنەوە ئەمەریکا تاسەر دەمێنێتەوە لە وڵاتەکەیان، بەڵکو دەبێت پشت بەخۆیان ببەستن، چونکە دواجار بەرژەوەندی مانەوە یان کشانەوەی ئەمەریکا دیاری دەکات.
بەبڕوای دکتۆر مەحمود عوسمان، ئەمەریکا کێشەی زۆری لە عێراق بەجێهێشتووە و مانەوە یان کشانەوەی زۆر کاریگەری نابێت، بەڵام بوونیان بۆ شەڕی داعش گرنگە، دەڵێت"گەر ئەمەریکا بکشێتەوە، تەنها ئەوەی تێدایە کە ئێران باڵادەست دەبێت، ئەمەش بۆ وەزعی عێراق خراپە، ئەگینا ساڵ لەدوای ساڵ وەزعی خراپتر دەبێت، ئەمەریکا لەڕووەکانی ترەوە، شتێکی واینەکردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان."
دکتۆر مەحمود عوسمان، پشت ئەستوور بوونی هەرێمی کوردستانی بە مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەعێراق بەهەڵە وەسفکرد، ئاماژەی بەوەکرد ئەمەریکا لەشەڕی داعش و مەشقکردن بە هێزەکانی پێشمەرگە هاوکاری هەرێمی کردووە، بەڵام لەڕووی سیاسیەوە شتێکی وای بۆ کورد پێ نیە، وتی"دەبێت هەرێم باڵانس لە نێوان ئەمەریکا و ئێران و وڵاتانی تر ڕابگرێت، گەرنا کێشەی بۆ دروست دەبێت."
سەبارەت بەو گومانانەی دروستبوون بەوەی جەختکردنەوەی هاوپەیمانان لەسەر یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، هەوڵێکە بۆ پشتیوانیکردنی هەرێم تا لەسەر پێی خۆی بوەستێ، پێش ئەوەی ئەمەریکا لەعێراق بکشێتەوە، دکتۆر مەحمود عوسمان وتی"30 ساڵە هەرێم نەیتوانیووە پێشمەرگە یەکبخاتەوە، ئەمە هەڵەیە، پێشمەرگە بووەتە حیزبی و هەر هێزە و سەربە حیزبێکە، لەکاتێکدا دەبێت ئەو هێزانە نیشتیمانی بن، ئێستا لەلایەن دەوڵەتانەوە هەوڵی یەکخستنیان دەدرێت، ئەمە کارێکی باشە، بەڵام نازانم دەوڵەتان لەیەکخستنەوەی پێشمەرگە سەرکەوتوو دەبن یان نە."
لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، دکتۆر مەحمود عوسمانی سیاسەتمەداری کورد، هاتە سەر باسی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچە سنوریەکانی هەرێمی کوردستان و ئاماژەی بەوەکرد، تورکیا زەوی هەرێم دەسوتێنێت، هێرش دەکات، نیازی بەرامبەر کورد خراپە، بەتایبەت سەرۆکی تورکیا هەرێمی کوردستانیش وەکو کوردستانی سوریا سەیردەکات، بەڵام هەرێم بووەتە ئەمری واقیع، وتی"تورکیا دژی لایەنێکی کوردی نیە بەتەنها، بەڵکو دژی کێشەی کوردە بەگشتی."
Your browser doesn’t support HTML5