کەم بوونەوەی کارەبای نیشتمانی و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما هاوڵاتیانی هەڵەبجەی نیگەران کردووە ، بەتایبەتر وەک شارەزایانی بواری کەشناسی دەڵێن هاتنی شەپۆلێکی گەرما کە بە شەپۆلی هیندی ناسراوە وای کردوە هاووڵاتیان لە گەرما بێزار ببن وهاوکات دەڵێن سەرەڕای ئەوەی کارەبای نیشتمانی وەک پێویست نییە، پێدانی کارەباش لە ڕێگەی مۆلیدەئەهلیەکان چەندین گرفتیان هەیە .
پشتیوان ئیبراهیم شارەزا لە بواری کەشناسی لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "شەپۆلەگەرماکە هی زەریای هیندیە و ساڵانە دروست دەبێت و بەدەریای سوردا تیپەر دەبێت و دواتردەچێتە نیمچە دروورگەی عەرەبی و پاشاندێتە هەرێمی کوردستان و تا ڕۆژی یەک شەمە پلەی گەرما لە نێوان 42-45 پلەی سلیزی دەبێت و لە دوو شەمەدا پلەکان نزم دەبنەوە و بە شێوەیەکی گشتی تاوەکو 14-7-2021 ناجێگیر دەبن ".
مەنزەر عەلی "کە ژینگەپارێزەرە دەڵێت بەرز بوونەوەی پلەکانی گەرما بەم جۆرە بێوێنەیە و هەموومانی بێزار کردووە ئەمەش تەنها کاریگەری لەسەر مرۆڤەکان نەکردووە بەڵکو ژیانی ئاژەڵەکانیشی تێکداوە و سەرچاوە ئاوییەکان ووشک بوون، پێویستە هەرچی زووە حکومەتی هەرێمی کوردستان بیرێک لە ژیانی ئاژەڵەکێویەکان بکاتەوە و ئاویان بۆدابین بکات".
فرحان عیزەت هاوڵاتیەکی هەڵەبجەیە و لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمریکا ڕاگەیاند" پلەکانی گەرما بەرزبووەتەوە کارەبا وەک پێویست لە شارەکەدا نییە،ئەو کارەبایەش کە لە ڕێگەی مولیدە ئەهلیەکانەوە دەدرێت، ئامێرە فێنکەرەوەکان ناتوانین پێکەوەکار پێبکەین ، دەخوازین حکومەتی هەرێم کاتژمێرەکانی کارەبایی نیشتمانی زیاد بکات".
لە پارێزگای هەڵەبجە کاتێکی دیاری کراو بۆ کارەبای نیشتمانی نییە، کارەبابە شێوەی پچڕ پچر دەدرێت بە هاوڵاتیان و لە پارێزگای سلێمانییەوە کارەبای بۆدابین دەکرێت،لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردووشدا بەهۆی مانگرتنی مۆلیدە ئەهلیەکانەوە بۆماوەی 24 کاتژمێر کارەبا بەهاولاتیان نەدرا، ڕۆژانەش پلەکانی گەرما بۆسەروی 45 پلەی سلیزی بەرز دەبنەوە .
Your browser doesn’t support HTML5