نکوڵی ناکرێت لەوەی سەدەی 19 سەدەی جێگیربوونی چەمکی گەشەکردن بووە، بەتایبەتیش لە بواری زانستە مرۆییەکاندا.
ئەم چەمکە لەگەڵ چەمکی پێشکەوتنەکاندا پێکەوە توانییان گۆڕانکاری بەرەو باشتر بێننە ئاراوە.
بەپێی ڕای زۆرێک لە بیریاران، ڕەهەندی ململانێ لەگەڵ هەردوو چەمکی گەشەکردن و پێشکەوتندا، ڕۆڵێکی کاریگەر و کارای هەبووە و هەیە بۆ ئەو گۆڕانکاریانەی چاوەڕوان دەکرێن، بە تایبەتیش کاتێک باس دێتە سەر بیرکردنەوەکانی دوو نەوە "کۆن و نوێ" و چۆنیەتی داکۆکیکردنیان لە بەهاکانی خۆیان.
چەندان تیۆری لەسەر ئەم گۆڕانکاریانە دروست بوون و هەر یەکەشیان ڕێوشوێنی تایبەتییان بۆ گەشەکردن دادەنا و ڕەگەز و شوێن و ژینگە و سەروەختەکان ناوەڕۆکی تیۆرییەکان بوون.
جا ئا لێرەوە دەشێت ئەو بیرکردنەوەیە ڕاست و دروست بێت کە لەمڕۆدا ئەدەب و ڕۆشنبیری کوردی پێویستی بەوەیە خوێندنەوە و توێژینەوەی زیاتر و زیاتری لەسەر بکرێت تا بتوانرێت ڕەگەزەکان و شوێن و ژینگە و سەروەختەکان لە یەکتر جیا بکاتەوە، خاڵ بخرێتە سەر پیتەکان و تایبەتمەندێتییەکانی هەر یەکێک لەوانە بزانرێت و خوێنەر ئاشنا بکات بە مێژووی ئەدەب و ڕۆشنبیریی ئەدەبی.
هەرگیز ناکرێت ڕۆشنبیری لە سنورێکی بچوکدا لێکدانەوە و ڕاڤە و خوێندنەوەی بۆ بکرێت یان بخرێتە پەراوێزی ڕووداوەکان و ئەو واقیعی ژیانەی کە هەیە، چونکە ڕۆشنبیریی بە تەواوی ڕەهەندەکانیەوە بەرهەمی هوشیاری مرۆڤەکانە و پێویستیشە لەو ڕوانگەیەوە سەیر بکرێت و ئەوەندەش بایەخی پێبدرێت تا نەبێتە دیاردەیەکی دووبارەبووەوەی سەروەختە تاڵەکان کە ئەدەب و ڕۆشنبیری ئەدەبی بە جۆرێک فەرامۆش کرابوون و لە پەراوێزنرابوون تا هیچ کاریگەرییەکیان نەبێت لەسەر کۆمەڵگە و ڕەوتی کۆمەڵگە.
یەکێک لە هەوڵەکانی سیاسەت، بەتایبەتیش لە وڵاتانی جیهانی سێهەمدا ئەوەیە ئەدەب و ڕۆشنبیریی ئەدەبی، بێ بەها بکات و هەر بەتەنها خۆی تەواوی جومگەکانی کۆمەڵگە داگیر بکات.
ئەم هەوڵانەی سیاسەت بە بەرنامەن، سیاسەت دێت و نێوەندی ڕۆشنبیری و فەرهەنگی و و کلتوری دەکاتەوە لە پێناو بێ بەها کردنی ئەدەب و ڕۆشنبیریی ئەدەبی، بەڵام ئەو هەموو بەرنامەڕیژییەی سیاسەت بۆ دروستکردنی نوسەری ساختە، نەبوونە ڕێگر لەبەردەم هاتنە ئارای نوسەر و ڕۆشنبیری و ئەدیبی گەورە کە بوونەتە خاوەنی کاریگەرییەکی زۆر بەسەر خەڵک و کۆمەڵگەوە؛ جا لەگەڵ هەموو ئەو هەوڵانەی سیاسەتدا بۆ بێنرخ کردنی ئەدەب و ڕۆشنبیریی ئەدەبی بەڵام هەمیشە هەناسەیەکی تر و دیدێکی نوێ بۆ نوسین و بڵاوکردنەوە و بیرکردنەوە و تێگەیشتن هەبووە.
لە کۆتایی بەشی یەکەمی وتووێژم لەگەڵ شاخەوان سدیق، نوسەر و ڕۆژنامەوان، لێم پرسی؛ لە دوای ڕاپەڕینەوە جۆرێک لە بێ سەروبەری لە ئەدەبدا هاتە ئاراوە، ئایا ڕاپەڕین چیی بە ئەدەب بەخشی و چیی لە ئەدەب سەندەوە؟
شاخەوان بە وردی باسی لە ڕەوشی ئەدەب کرد لە دوای ڕاپەڕینەوە تا گەیشتە ئەوەی بڵێت "مانەوەی ئەدەب لەو ڕەوشەدا وتێپەڕاندنی ئەو قۆناغە پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بکرێت."
بەشی دووهەمی ئەم وتووێژەمان لەگەڵ شاخەوان سدیق، بەو پرسیارە دەستپێدەکەم ؛ بۆچی دەبێت ئەو هەڵوەستەیەی لەسەر بکرێت؟
Your browser doesn’t support HTML5