سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات، دۆخی بازرگانی لە عێراق و هەرێم بەهۆی قەیرانی داراییەوە باش نییە، جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە هەندێک لە بازرگانەکان بۆ بازرگانیکردن، ڕوویان لەدەروازەکانی عێراق کردووە.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سیروان محەمەد دەڵێت "وەزعی بازرگانی لە عێراق و هەرێم، بەهۆی قەیرانی دارایی و دۆخە سیاسیەکەوە لاواز بووە، بارزگانی لەدەروازە سنووریەکان بەردەوامە، کاڵاو شمەک هاوردە دەکرێت، بەڵام وەکجاران نییە."
جەختیشیکردەوە "بازرگانەکان زەرەریان کردووە، بەڵام هیچ بازرگانێک مایە پوچ نەبووە، دۆخی بەڵێندەرەکانیش کە پارەیان لای حکومەتە و پێیان نەدراوەتەوە، ئەمە نیگەرانی کردوون."
لەدەروازەکانی عێراق بەراورد بە هەرێم تەعریفەی گومرگی وەک پێویست جێبەجێ ناکرێت، دەروازەکانی هەرێم توندوتۆڵترە بەراورد بەوانەی عێراق، ئەمەش وایکردووە ژمارەیەک بازرگان دەروازەکانی هەرێم جێبهێڵن، لەوبارەیەوە سیروان محەمەد وتی"بازرگان لەهەر جێگایەک کارئاسانی بۆ بکرێت ڕوو لەوێ دەکات، لەوانەیە لەهەندێک دەروازەی عێراق گەندەڵی هەبێت یان ڕێژەی گومرگ لەسەر کاڵاکان کەمتر بێت، ئەمەش وایکردووە بەشێک لەبازرگانەکان ڕوو لەو دەروازانە بکەن، بەڵام بەهۆی وەزعی عێراقەوە، بازرگانی لەهەموو دەروازەکان کەمیکردووە."
سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی، ڕەتیکردەوە هێندە بازرگان دەروازەکانی هەرێمیان جێهێشتبێت کە کاریگەری خراپی لەسەر پرۆسەی بازرگانیکردن دروستکردبێت، وتی"ڕێژەی بازرگانی لەوانەیە مانگێک کەم بکات و مانگێک زیاد، هەر کاڵاو مەوسمی خۆی هەیە، بەنیسبەت سەوزە و میوە، ئێستا بەراورد بەچەند مانگی ڕابردوو زیادیکردووە."
سیروان محەمەد، داوای لەحکومەتی عێراق و هەرێم کرد لەڕێگەی بانکی ناوەندیەوە و بە 145 هەزار دینار، دۆلار بدرێتە بازرگانەکان، تا ئەرکی سەر شانی کڕیاران کەمتر ببێتەوە، وتی"بازرگان لە بازاڕدا، دۆلار بەنرخێکی گرانتر دەکڕێت، ئەمەش کاریگەری لەسەر نرخی شمەک و کاڵا هەیە، بەڵام گەر بانکی ناوەندی ڕاستەوخۆ دۆلار بداتە بازرگانەکان، ئەمە کاریگەری باشی لەسەر نرخ دەبێت."
لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سەبارەت بە وەرگرتنی بەرتیل و سەرانە لەبازرگانەکان، چی لەلایەن بازگەکانی نێوان عێراق و هەرێم، چی لەناوخۆی هەرێم و لەلایەن بەرپرسانەوە، ئاماژەی بەوەکرد گەر بازرگان گومرگ و مەنەفێست و مامەڵەکانی تەواو بێت، بەئاسانی بارەکانی دەبات بۆ خوارووی عێراق، لەوانەیە هەندێک شتی بچوکی وەکو بەخشیش و شیرینی وەرگرتن لەبازگەکان ڕووبدات، بەڵام ئەمە شتی گەورە نییە، وتی "لە ناوخۆی هەرێمیش، ئەو کۆمپانیایانەی پارەی ڕسومات و پشکنین و سۆنەر وەردەگرن، ئەم کارە بە گرێبەست لەگەڵ حکومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە، گەر بڕی لێوەرگرتنی پارە لە بازرگانەکان کەمبکرێتەوە، لەوانەیە ڕەوشی بازرگانی باشتر بێت."
Your browser doesn’t support HTML5