پەیوەندی تەلەفۆنی سەرۆکی ئەمەریکا و سەرۆکی ڕووسیا

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆکی ڕووسیا ڤلادمێر پوتین، لەمیانەی کۆبونەوەکەیاندا لە ژنێڤ/سویسرا، 16 ی شەشی 2021

جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ڕۆژی هەینی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، باسی ئەو جۆرە هاککردنانەی ئەم دواییەی کردووە کە لەناو ڕووسیاوە دژ بە کۆمپانیاکانی ئەمەریکا ئەنجام دەدرێن لە پێناو بەدەستهێنانی پارە.

بایدن گوتی " بە ڕوونی پێم ڕاگەیاند کە ئەمەریکا چاوەڕوانی ئەوە دەکات کاتێک ئۆپەراسیۆنێکی هاککردن لە پێناوپارە، لە ناو وڵاتەکەیەوە بکرێت، تەنانەت ئەگەر لەلایەن حکومەتیشەوە پشتیوانی نەکرابێت، ئێمە چاوەڕێی ئەوە دەکەین ئەوان کردارێک بکەن کاتێک ئێمە ئەوەندە زانیارییان پێبدەین لە کوێیەو کراوە."

سەرۆک بایدن لە کۆشکی سپی گوتیشی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە باش بووەو و گوتیشی " گەشبینم".

کاتێک پرسیاری لەسەر ئەوە لێکرا ئایا ڕوسیا ڕووبەڕووی دەرەنجامێک دەبێتەوە ئەگەر لە دژی تاوانبارانی هێرشی کۆمپیوتەری هیچ نەکات، لە وەڵامدا گوتی " بەڵێ".

بایدن گوتیشی ئەو دوو سەرکردەیە لە ئێستادا " ڕێگایەکی پەیوەندیکردنی بەردەوامیان پێکهێناوە" بۆ تاوتوێکردنی ئەمجۆرە کێشانە.

هێرشە کۆمپیوتەرییەکانی ئەم دواییانە پەیوەندی بە گروپێکی نێو ڕوسیاوە هەیە. کرملن نکوڵی لەوە دەکات هیچ پەیوەندییەکی بەو هێرشانەوە هەبێت.

پاش ئەوە پەیوەندییە تەلەفۆنییە کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "سەرۆک بایدن تیشکی خستۆتە سەر ئەوەی پێویستە ڕووسیا کاربکات بۆ تێکشکاندنی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەو گروپانەی کە هێرشی کۆمپوتەری لە ناو ڕوسیاوە ئەنجام دەدەن."

هەروەها دەڵێت " سەرۆک بایدن دووپاتی کردەوە کە ئەمەریکا هەر کارو کردەوەیەکی پێویست دەگرێتە بەر بۆ بەرگریکردن لە گەل و ژێرخانی گرنگیخۆی لە بەرامبەر ئەم ئاستەنگە بەردەوامەدا. "

کرملن ڕایگەیاند هەردوو ڕێبەر کۆک بوون لەسەرئەوەی لەسەر بابەتەکانی ئاسایشی سایبەری هاوکاری بکەن و ئەو هاوکارییانەش " پێویستە هەمیشەیی، پرۆفێشناڵ بن و نەکرێنە بابەتی سیاسی و پێویستە لە ڕێگای کەناڵێکی تایبەتی پەیوەندیکردنەوە ئەنجام بدرێت و تیایدا ڕێز لە یاسا نێونەتەوەییەکان بگیرێت."

ئەم پەیوەندییە سێ هەفتە پاش کۆبونەوەکەی ئەو سەرۆکانەیە کە لە 16 ی مانگی شەس لە ژنێڤ کۆبوونەوە.