سەرەک وەزیری عێراق سەردانی چالاکوانێکی ناوداری لایەنگری دیموکراسی دەکات لە یەکێک لە نەخۆشخانەکاندا.
عەلی ئەلمقدام، ڕۆژنامەوان و چالاکوان و لێکۆڵەری عێراقی کە بە یەکێک لە سیمبۆلەکانی خۆپیشاندانەکانی مانگی 10ی ساڵی 2019 دادەنرێت و دژ بە لایەنە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانە، لە ڕۆژی هەینییەوە دیارنەمابوو.
دیارنەمانی ئەلمقدام، نیگەرانییەکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا لەناو دۆستان و لایەنگرانیدا.
درەنگانێکی ڕۆژی شەممە، ئەم چالاکوانە عێراقییە بە برینداری لە دەوروبەری بەغدا دۆزرایەوە.
ئۆفیسی موستەفا ئەلکازمی، سەرەک وەزیری عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا دەنوسێت "کازمی سەردانی عەلی ئەلمقدام دەکات لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی بەغدا، پاش ئەوەی هێزە ئاسایشییەکان ڕزگاریان کرد لەدەست ڕفێنەرەکانی."
ئەلمقدام، بە یەکێک لە چالاکوانە سەرەکییەکانی خۆپیشاندانەکانی دژە حکومەت دادەنرێت و داوای لادانی دەستەبژێری سیاسی عێراق دەکات. چالاکوانانی لایەنگری دیموکراسی ئەم دەستەبژێرە سیاسییەی عێراق بە بێ توانا و بە گەندەڵ ناودێر دەکەن.
خۆپیشاندەرانی عێراقی دژی کاریگەری و دەسەڵاتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانن لە عێراقی بە شەڕ وێرانبوودا.
لایەنە بەهێزە چەکدارەکانی سەر بە تاران دەست و کاریگەریشیان هەیە لەناو دامەزراوەکانی ئاسایشی نیشتمانی عێراقدا.
پاش ئەوەی هەڕەشە لە عەلی ئەلمقدام دەکرێت، عێراق جێدەهێڵێت و ڕوودەکاتە ئەستانبوڵ لە تورکیا و دواتر دەگەڕێتەوە بۆ شاری هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراق.
نزیکەی 8 ڕۆژ لەمەوبەر دەچێتەوە شاری بەغدا، وەک دایکی عەلی بە ئاژانسەکانی هەواڵی ڕاگەیاندووە و دەشڵێت "تەنها 2 ڕۆژ لەمەوبەر پێی وتم دیسان هەڕەشەی لێکراوەتەوە و چەند ژمارەیەکی تەلەفونی داومەتێ تا ئەگەر شتێکی خراپ ڕوویدا، پەیوەندی بکەم بە هاوڕێکانییەوە."
لەوەتای درەنگانێکی ساڵی 2019وە کە خۆپیشاندانەکان دەستیان پێکرد لە عێراق، زیاتر لە 70 چالاکوانی وڵاتەکە کوژراون یان هەوڵی کوشتنیان دراوە و یانیش ڕفێندراون.