ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژەبەوەدەکات، ئەو 200 ملیار دینارەی بەغدا دەینێرێت بۆ هەرێم، ئامادەکاریە بۆ ڕەخساندنی کەش و هەوای هەڵبژاردن، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە وەزیری دارایی عێراق ئامادەنەبووە واژۆی ناردنی پارەکە بکات.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، هوشیار عەبدوڵا دەڵێت"ناردنی پارە بۆ هەرێم لەلایەن عێراقەوە، پەیوەندی بەو موجامەلە سیاسیەوە هەیە، کە حکومەتەکەی کازمی ناچارە بیکات بۆ تێکنەچوونی کەش و هەوای هەڵبژاردن."
هوشیار عەبدوڵا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت "بەگوێرەی یاسای بودجە و بەگوێرەی حساباتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، هەرێمی کوردستان لە ئێستادا قەرزاری عێراقە، پێویستە حکومەتی هەرێم بەشداری لە سەلەی ئیتیحادی بکات، بەگوێرەی ئەو نەوتەی فرۆشتوویەتی و ئەو داهاتەی کۆیکردووەتەوە."
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ڕوونیکردەوە لەکۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دا، بەڕوونی ئەوە باسکراوە بڕە پارەیەک بنێردرێت بۆ هەرێم، گەر وەکو سولفە یان پێشینەیەکیش بێت بۆ مەسەلەی موچەی فەرمانبەران و دواتر پارەکە تەسفیەش بکرێت، ئەمەش لەبەر تێکنەچوونی کەش و هەوای هەڵبژاردن، وتی" ئەو مادەیەی لە یاسای بودجەدا جێگیرکراوە و وەفدی هەرێم پێیڕازیبووە، مادەیەکی ناڕۆشنە، ناڕۆشنە لەڕووی یەکەی حسابیەوە، کە چۆن حسابی داهاتەکانی هەرێم دەکات."
وەک هوشیار عەبدوڵا ئاماژەی پێدەکات، حکومەتی هەرێم پێیوابووە، دەکرێت بە مەقاسرێک لەو لێبڕینەدا، بڕێک پارەی بۆ دەمێنێتەوە، بەڵام بەرزی نرخی نەوت لەئێستادا بە نرخی سۆمۆ، لەبەرامبەر هەرزان فرۆشتنی نەوتی هەرێم، وادەکات نەتوانێت 250 هەزار بەرمیل نەوت بەنرخی سۆمۆ بداتەوە عێراق، چونکە بۆ هەر بەرمیلێک، دەبێت دوو بەرمیل و نیو بفرۆشێت، ئینجا ئەو داهاتە پڕدەکاتەوە، هەرێمیش نەوت بەو ڕێژەیە نافرۆشێت، تا بۆ هەر بەرمیلێک بگاتە دوو بەرمیل و نیو، تا وەکو داهات بیداتەوە عێراق.
جەختیشیکردەوە"مەسەلەی گواستنەوەی نەوتی هەرێم گەندەڵی زۆری تێدا کراوە، لەمەسەلەی فرۆشتنیشدا، 10 بۆ 11 دۆلار خوار پرنت دەیفرۆشن، هەموو ئەوانە وایکردووە نەتوانن، ئەو تەسفیاتە حسابە وردەی کە پێویست دەکات وەکو یەکەیەکی حسابی لەنێوان وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێم بکرێ، ئەمە هۆکاری نەهاتنی پارەکە بوو، بەڵام گەر پارەش بۆ هەرێم بنێردرێ، تەنها لەبەر تێکنەچوونی کەش و هەوای هەڵبژاردنە."
سەبارەت بەهۆکاری ڕازینەبوونی وەزیری دارایی عێراق لەناردنی پارە بۆ هەرێم، هوشیار عەبدوڵا دەڵێت"بەپێی یاسای بودجە، پارەی هەرێم تەنها بە واژووی وەزیری دارایی عێراق خەرج دەکرێت، وەزیری دارایی ناردنی پارەی بە نایاسایی دەزانی و نەدەچووە ژێر باری، ئێستا گەر چووبێتە ژێر باری، بەشێکی پەیوەندی بە نزیکی هەڵبژاردن و موراعاتکردنەوە هەیە."
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئەوەشی خستەڕوو مەسەلەی توندی وەزیری دارایی پەیوەستە بە یاسای بودجەوە، وتی"وەزیر دەڵێت: من یاسا جێبەجێ دەکەم، گەر پێشێلی بکەم، ڕەنگە سبەینێ بدرێمە دادگا، بەڵام سەرۆکی حکومەت دەسەڵاتی فشار لێکردن یاخود ڕازیکردنی هەیە، تا واژووی ناردنی پارە بکات."
لەکۆتایی قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، هوشیار عەبدوڵا ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەمانگی 10 ی ئەمساڵدا، پێیوایە گریمانەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن زیاترە وەک لە ئەنجام نەدانی، بەوپێیەی کوتلە بەهێزەکان کورسیەکانیان لەنێو خۆیاندا دابەشکردووە، وتی"لە عێراق هەڵبژاردن نەکرێ، عێراق لەڕووی سیاسیەوە ئاڵۆزتر دەبێت، چونکە حکومەتەکەی کازمی ناتوانێ بەمشێوە بەردەوام بێت، لایەنە نزیکەکان لەئێرانیش ڕازی نین بەم حکومەتە، بەڵام دۆخەکە وەستاوەتەوە سەر دوو مانگی داهاتوو، بەتایبەت پەیوەست بەمەسەلەی وشکەساڵی و کەمی خزمەتگوزاری و نەبوونی کارەبا و ئەجێندا سیاسیەکان."
زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر، پەیامنێری دەنگی ئەمەریکادایە:
Your browser doesn’t support HTML5