عەوەزەڵا و بن زاید بە پیلانگێڕان گوناهبار دەکرێن و سزا دەدرێن

دیمەنێکی ئەمڕۆ دووشەممەی دەرەوەی دادگای ئاسایش لە شانشینی ئوردون

دادگایەک لە شانشینی ئوردون بڕیاری سزای 15 ساڵ زیندانیکردن دەدات بەسەر 2 کاربەدەستی پێشووی وڵاتەکەدا بەتاوانی هەوڵدان بۆ کودەتاکردن لە کۆشکی پادشایەتیدا.

ئەم هەوڵی کودەتایە بووە مایەی دروستبوونی قەیران و کێشە لەناو شانشینی ئوردوندا کە بە وڵاتێکی سەقامگیر دادەنرێت لەو ناوچەیەی جیهاندا.

باسم عەوەزەڵا، سەرۆکی پێشووی دادگای پادشایەتی و هەروەها شەریف حەسەن بن زاید، نێردراوی پێشووی عەرەبستانی سعودیە، لە دادگادا گوناهبارکراون بە پیلانگێڕان بۆ ڕوخاندنی شا عەبدوڵای دووهەم، تا شازادە حەمزەی زڕبرای شا عەبدوڵا ببێتە پادشای ئوردون.
شازادە حەمزە کە پێشتر بە شازادەی تاج دانرابوو، نەدراوەتە دادگا.

عەوەزەڵا و بن زاید، کە پەیوەندییەکی زۆریان هەیە لەگەڵ عەرەبستانی سعودیەدا بە "هاندان دژی سیستەمی فەرمانڕەوا و هەروەهاش بە کاری تێکدەرانەی دەشێت ببێتە مایەی دووبەرەکی لە کۆمەڵگەدا" گوناهبارکراون، وەک لە تۆماری بڕیارەکەی ئەمڕۆ دووشەممەی دادگادا نوسراوە.

عەوەزەڵا، کە ڕەگەزنامەی عەرەبستانی سعودیەی هەیە و بن زاید لە 21ی مانگی 6ەوە دادگاییکردنیان دەستیپێکردووە، ئەگەر بە هەموو ئەو تاوانانەی ڕووبەڕوویان کرابوونەوە لە دادگادا گوناهبار بکرانایە، ئەوا ڕووبەڕووی 20 ساڵ زیندانیکردن دەبوونەوە.

دەسەڵاتداران لە شانشینی ئوردون، ئەمڕۆ دووشەممە ژمارەیەک وێنەی عەوەزەڵا و بن زایدیان بڵاوکردۆتەوە بە جلوبەرگی شینێکی کاڵەوە "جلوبەرگی زیندانییەکان" دەبرێن بەرەو دادگا و ژمارەیەک پاسەوانیشیان لەگەڵدان بە بەرگی ڕەشەوە.
ڕۆژنامەوانان لە دەرەوەی دادگای ئاسایشی شانشینی ئوردوندا، کە دادگایەکی لەشکرییە و دادوەری سیڤیلیش لەوێ دەبن، دیمەنی کورتی ڤیدیۆییان گرتووە و بڵاوکردۆتەوە هاوکاتی بڕیاردانی دادگا.
پارێزەرەکانی عەوەزوڵا و بن زاید دەڵێن ئەم بڕیارەی ئەمڕۆ دووشەممەی دادگای ئاسایشی ئوردون دەخەنە بەردەم دادگای چاوپێداخشاندنەوە.