چاوەڕوان دەکرێت، لە جەژنی قورباندا بەهۆی بەرزی پلەکانی گەرما، زیاتر هاووڵاتیان ڕوو لە ناوچە گەشتیارییەکان بکەن و ڕۆژانی جەژنی تیا بەسەربەرن، لەو چوارچێوەیەشدا ساڵانە هەزاران گەشتیار ڕوو لە پارێزگای هەڵەبجە دەکەن. بەڕێوبەرایەتی گەشت و گوزاری هەڵەبجە ئامادەکاریەکانی بۆ ڕۆژانی جەژن ئاشکرا دەکات و ئاماژە بەوەدەکات چاودێری نرخی شوێنە گەشتیاریەکان دەکەن و لە ڕووی ئەمنیشەوە سەرجەم هێزە ئەمنیەکان لەئامادەباشیدادەبن و لە سەیرانگاکان دەبن.
غەریب ئەحمە بەڕێوبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکا ڕاگەیاند " ڕۆژی یەکشەممە و دووشەممە ئامادەکاریەکان دەستپێدەکەن بە پرۆسەی پشکنین بۆ شوێنە گەشتیاریەکان کە دابەشکراون بەسەر هەورامان و هاوینە هەوارەکانی ئەحمەد ئاوا و چاوگ و تێدا ئاگاداری ڕێکخستنی ناوچە گەشتیاریەکان و ئامادەکاری خاوەن کەپرو شوێنە گەشتیاریەکان دەکرێتەوە".
سەبارەت بە بەرزکردنەوەی نرخ کە ساڵانە ئەم بۆنانە دەکرێتە دەرفەتێک بەهۆی هاتنی ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیارەوە ، غەریب ئەحمەد ڕایگەیاند " لە ڕێگەی لیژنەکانی چاودێریەوە کە لە هەموو هاوینەهەوارێک پێنج کارمەندی گەشت و گوزار ئامادە دەبن، سەیری وەسڵی خاوەن کەپر و شوێنە گەشتیاریەکان دەکەن، هەرکەسێک نرخ بەرزبکاتەوە شوێنەکەی دادەخرێت ، هەر هاووڵاتیەکیش پارەی زۆری لێوەرگیرا دەتوانێت ئاگادارمان بکاتەوە تا ڕێکاری یاسایی بگرینە بەر".
کۆمپانیا گەشتیاریەکان لە ناوەڕاست و باشوری عێراقەوە زۆرترین ڕێژەی گەشتیار دەهێنە پارێزگای هەڵەبجە، بەڕێوبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە "دڵنیایی دەداتە گەشتیاران کە هێزە ئەمنیەکان و پولیس و پولیسی هاتووچۆ وتیمی گەڕۆکی تەندروستی لە هاوینەهەوارەکان دەبن و هاوکاری گەشتیاران دەبن".
ساڵانە و لە بۆنە ئاینی و نەتەوایەتیەکان، هەزاران گەشتیار ڕوو لەناوچە گەشتیاریەکانی پارێزگای هەڵەبجە دەکەن، کە 31 ناوچەی گەشتیاری سروشتی و ئاینی و شوێنەوار و مێژوویی تێدایە،هاتنی گەشتیارانیش بۆ پارێزگای هەڵەبجە و هەورامان ، داهاتێکی گەشتیاری بۆ بەشێک لەهاوڵاتیان دەستبەرکردوە.
Your browser doesn’t support HTML5