سەرۆكی ڕێكخراوی جوتیارانی سەردەم جەختی دەکاتەوە لەوەی 94 جار سەردانی بەغدای كردوە و لەوانەیە شەست دانیشتنی دادگای ئەنجامدابێت بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی جوتیاران.
فارس حوسێن سەرۆكی رێكخراوی جوتیارانی سەردەم بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند" هەر لەسەرەتاوە ئەم كەیسەی جوتیارانی كوردستانمان لەگەڵ چەند پارێزەرێك لەئەستۆ گرت و توانیمان لە دادگاكانی عێراق سكاڵا تۆمار بكەین لەبەر ئەوەی حكومەتی عێراقی دەیویست ئەو پارەیە نەدات، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش كەمتەرخەم بووە نەیتوانیوە ئەو بەرهەمە بە بازاڕ بكات و وایلێهات حكومەتی عێراقی دەیویست نیوەی ئەو پارەیە نەدات و ئێمە بە هەوڵ و كۆششی خۆمان توانیمان نیوەی پارەكە وەربگرین و بۆ نیوەكەی تریش لە دوای جەژن دەچینەوە دادگا بۆ ئەوەی بتوانین فشارێك لە حكومەتی عێراقی بكەین و ئەو پارەیە بگەڕێنینەوە".
سەرۆكی ڕێكخراوی جوتیارانی سەردەم سەبارەت بە سەلماندنی ئەو كەیسە و دانیشتنەكانی دادگا دەڵێت "94 جار سەردانی بەغدامان كرد و لەوانەیە شەست دانیشتنی دادگامان ئەنجامدابێت، لەبەر ئەوەی ئەوان زۆر بەهێزبوون هەندێك جار دەمانبردەوە و هەندێك جاریش نا بەڵام دواجار بردمانەوە ئەوان دەڵێن جوتیاران مافی خۆیانە بەڵام لەگەڵ 17% كوردستانە، ئێمە سكاڵامان لە هەرێمی كوردستانە و ئەوانیش دەڵێن عایدی حكومەتی عێراقە لە دوای جەژن بۆ ئەو پارەیە دەچینەوە بەغدا هەم سكاڵای تەمیزی كوردستان و هەم حكومەتی عێراقی دەدەینە دادگای فێدراڵی و بەهیوای ئەوەی ئەنجامێكی باش وەربگرین و سەركەوتوبین و پارەكە دەكەوێتە سەر حكومەتی عێراقی و قەرەبووی ئەو پارەیەش دەكەینەوە".
لە میانەی وتووێژەكەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریكا فارس حوسێن سەرۆكی ڕێكخراوی جوتیارانی سەردەم ئاماژەش بەوە دکات" لەوانەیە زیاتر لە دە هەزار جوتیارمان هەبێت كە پارەیان لای حكومەتی عێراقیە و بەرهەمەكانیان تەنها گەنم بووە و بۆ سێ ساڵ گەنمیان بە بەغدا داوە".
تا ئێستا چەندین جار جوتیاری هەرێمی كوردستان ناڕەزایەتییان دەردەبڕن بەهۆی پێنەدانی مافەكانیان لە لایەن حكومەتی عێراقیەوە و داوا دەكەن فشارەكانی سەر حكومەتی عێراقی زیاتر بكرێن تا جوتیاران بە تەواوەتی بگەنە مافەكانیان چونكە بڕە پارەیەكیان لای حكومەتی عێراقی هەیە و تا ئێستا وەریان نەگرتووە.
زانیاری زیاتر لە درێژەی چاوپێکەوتنی ئەحمەد زێباری، پەیامنێری دەنگی ئەمەریکادایە لەگەڵ سەرۆکی ڕێکخراوی جوتیارانی سەردەم:
Your browser doesn’t support HTML5