کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی داوای ڕاگرتنی هێرشەکانی تاڵیبان دەکات

وێنەیەکی وتووێژەکانی ئاشتی لە دۆحە

زیاتر لە 12 باڵیۆزخانە لە ئەفغانستان داوا دەکەن تا بە خێرایی کۆتایی بە هێرشە خوێناوییە لەشکرییەکانی تاڵیبان بهێنرێت و دەڵێن "ئەو هێرشانە پێچەوانەی لێدوانەکانە سەبارەت بە چارەسەر لە ڕێی دانوستاندنەوە بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی وڵاتەکە."

ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا و زیاتر لە 12 باڵیۆزخانەی تر، ئەو ڕاگەیەندراوەیان مۆرکردووە و دوابەدوای گەڕێکی تری وتووێژەکانی ڕۆژانی شەممە و یەکشەممەیقەتەر بووە لە نێوان حکومەتی ئەفغانستان و تاڵیباندا کە زۆر کەس و لایەن هیوایان لەسەر هەڵچنیوە بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسە پەرش و بڵاوەکەی ئاشتی لەو وڵاتەدا.

لە ڕاگەیاندنەکەیاندا باڵیۆزخانەکان نوسیویانە "هێرشەکانی تاڵیبان ڕێکوڕەوان پێچەوانەی لێدوانەکانیانە بۆ پشتیوانی لە چارەسەرییەکی ئاشتیانە و ئەو هێرشانە بوونەتە مایەی گیان لە دەستدانی ئەفغانییەکان و درێژەپێدانی کوشتنی بە ئامانج و ئاوارەبوونی دانیشتوانی سیڤیل و تاڵانکردن و سوتاندنی باڵەخانەکان و وێرانکردنی ژێرخانە گرنگەکان و تێکدانی تۆڕەکانی پەیوەندیکردن."

چەند مانگێکە ناوبەناو هەردوو لایەن لە پایتەختی قەتەر کۆدەبنەوە، بەڵام ئەو کۆبوونەوە و وتووێژانە ئەنجامێکی ئەوتۆیان نەبووە "ئەگەر هەیبووبێت" و دانوستاندنەکانیش گرنگییەکی ئەوتۆی نەماوە بەهۆی پێشڕەوییەکانی میلیشیاکانی تاڵیبانەوە لە بەرەکانی شەڕدا.

درەنگانێکی ڕۆژی یەکشەممە، لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا هەردوو لایەنی دانوستاندن دەڵێن هاوڕان لەسەر پێویستی بۆ "چارەسەرییەکی دادوەرانە" و هەروەهاش بۆ کۆبوونەوەیەکی تر لە هەفتەی ئایندەدا.

هاوکاتی درێژەدان بەم وتووێژانە لە دۆحە، پایتەختی قەتەر، هیبەتوڵا ئاخوندزادە، ڕابەری باڵای تاڵیبان ڕاگەیەندراوی خۆیی بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت "چارەسەری سیاسیانەی زۆر پێباشە."
ئەم ڕاگەیەندراوەی ڕابەری باڵای تاڵیبان هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی هێرشەکانی ئەم بزووتنەوە ئیسلامییە لە سەرانسەری وڵاتەکەدا.

لەگەڵ ئەوەشدا کە جەژنی قوربانی موسڵمانەکان نزیکە، بەڵام لە ڕاگەیەندراوەکەی ئاخوندزادەدا ئەوەی جێی سەرنجە، هیچ داوایەکی فەرمی بۆ ئاگربەست نەکردووە.

لە ساڵانی ڕابردوودا تاڵیبان ژمارەیەک ئاگربەستی کورتخایەنی ڕاگەیاندووە هاوکاتی بۆنە ئیسلامییەکان.

لە سەرەتادا ئەو ئاگربەستانە هیوایەکیان دروست دەکرد بۆ کەمبوونەوەیەکی بەرچاوی توندوتیژییەکان.

لە ئێستاشدا کە هێزە سەربازییە بیانییەکان لە دوا قۆناغی کشانەوەدان و بڕیارە تا کۆتایی مانگی 8 ئەو پرۆسەی کشانەوەیە تەواوبێت، تاڵیبان دەستی گرتووە بەسەر سەدان ناوچەدا و کۆنترۆڵی خاڵە سەرەکییەکانی سنورەکانی وڵاتەکەی کردووە و چواردەوری پایتەختی هەرێمەکانی ئەفغانستانیشی گرتووە.