کۆمپانیایەکی ئیسرائیلی بە سیخوڕایەتی گوناهبار دەکرێت

کۆمپانیایەکی ئیسرائیل گوناهبارکراوە بەوەی بەرنامەی سیخوڕایەتیکردنی داوە بە حکومەتەکان و ئەو بەرنامە کۆمپیوتەرییە دەیان هەزار ژمارەی تەلەفونی تیادایە لەوانە ژمارەی تەلەفونی چالاکوانان و ڕۆژنامەوانان و کارداران و سیاسەتمەداران لە سەرانسەری جیهاندا، وەک لە ڕاپۆرتەکاندا ئاماژەیان پێکراوە.

کۆمپانیای "ئێن ئێس ئۆ" و بەرنامە خراپەکارییەکانی، کە دەتوانێت کامێرای تەلەفونەکان بگۆڕێت بۆ مایکرۆفۆن و زانیارییەکان کۆبکاتەوە، لە ساڵی 2016وە جێی سەرنج بووە، لەو کاتەوەی لێکۆڵەرەوان بەوە گوناهباریان دەکرد کە یارمەتی سیخوڕایەتی کردنی داوە بەسەر جودابیرانەوە لە میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەبدا.

ئەم پەردەهەڵماڵینەی ڕۆژی یەکشەممە لەسەر کاری ئەم کۆمپانیایە، بەشێکە لەو بنکۆڵکارییە هاوبەشەی ڕۆژنامەکانی واشنتۆن پۆست و گاردیان و لۆمۆند و میدیاکانی تریش کردوویانە و بووشەتە مایەی ترس و نیگەرانی لەسەر تایبەتمەندێتی لە مەودای دوردا کە دەشێت خراپ بەکارهێنانی بەرنامە کۆمپیوتەرییەکانی ئەم کۆمپانیایەی کەرتی تایبەتی لێبکەوێتەوە.

نێوەندەکانی هەواڵ دەڵێن بڕوا وایە لە ساڵی 2016وە زیاتر لە 50 هەزار تەلەفونی زیرەک خرابنە ناو ئەو بەرنامەی سیخوڕایەتیکردنەوە و بەڵام هێشتا ئاشکرا نییە چەند تەلەفون بە ئامانج کراون و چاودێری کرابن لەلایەن کۆمپانیای "ئێن ئێس ئۆ"وە.

ئێن ئێس ئۆ، نکوڵی دەکات لەو گوناهبارکردنە و تەواوی ئەو قسە و باسانەش بە "هەڵە" ناودێر دەکات.

لەناو ئەو ژمارەی تەلەفونانەدا کە بەکارهێنراون، 15 هەزاریان لە وڵاتی مەکسیک بوون و یەکێکیش لەو ژمارانە وەک دەگوترێت ژمارەی ڕۆژنامەوانێکی کوژراوە، 300 ژمارەی تەلەفونیش لە هیندستانە و ژمارەی سیاسەتمەدار و ڕۆژنامەوانیشی تیادان.

حکومەتی هیندستان لە ساڵی 2019دا نکوڵی دەکرد لەوەی ئەو بەرنامە خراپەکارییانەی کۆمپیوتەری بۆ سیخوڕایەتیکردن لەسەر خەڵکی وڵاتەکە بەکارهێنابێت و لە هەفتەی ڕابردووشدا دووپاتی کردەوە و دەڵێت "قسە و باسەکان سەبارەت بەو چاودێریکردنی خەڵکی دیاریکراو لەلایەن حکومەتەوە هیچ بنچینەیەکی کۆنکریتی و ڕاستی تیادا نییە."

ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست دەڵێت "ئەو پشکنینانەی لەسەر 37 تەلەفونی زیرەک کراون و ژمارەکانیان لەناو لیستەکەدا هەیە، هەوڵ دراون بۆ دزەکردنە ناو تەلەفونەکانەوە و هەوڵەکانیش سەرکەوتوو بوون، لەوانە تەلەفونەکانی دوو ژن کە نزیک بوون لە جەمال خاشوقچی، ڕۆژنامەوان و هاوڵاتی عەرەبستانی سعودیە. خاشوقچی لە ساڵی 2018 دەستەیەکی تایبەتی کوشتنی سەر بە عەرەبستانی سعودیە لە تورکیا کوشتیان.

ڕۆژنامەی گاردیان دەنوسێت ژمارەی تەلەفونی ڕۆژنامەوانانی ئاژانسی دەنگ و باسی فڕانس پرێس و ڕۆژنامەی ۆڵ ستریت جۆرناڵ و کەناڵی سی ئێن ئێن و ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز و کەناڵی ئەلجزیرە و ئاژانسی دەنگ و باسی ئەسیۆشێتد پرێس و ڕۆژنامەی لۆمۆند و بلومبێرگ و ئیکۆنۆمیست و ئاژانسی دەنگ و باسی ڕۆیتەرز لەناو لیستی ژمارەی تەلەفونەکاندان.